د.ڤیان سلیمان
لە ڕۆژانی 2-3/9/2018 لە هەولێری پایتەخت، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەشتەمین كۆنگرەی بەست. لە ئێستادا، دوای ئەنجامدانی كۆنگرەو دەستبەكاربوونی ستافێكی نوێی بە ئەزموون و شارەزایی جۆراوجۆر و دانانی پرۆگرامێكی نوێ، یەكێتی ئافرەتان پێی ناوەتە قۆناخێكی نوێی كاری ڕێكخراوەیی، وەك ستافی ئێستای ڕێكخراو كە متمانەی ئەندامانی كۆنگرەمان بەدەستهێناوە پێویستە لەسەرمان لە ئاست بەرپرسیاریەتی و متمانەی ئەندامانی كۆنگرەو خواستەكانی ئافرەتانی كوردستان بین و، بە شێوازێك كاربكەین كە شایستە بە مێژووی دوورودرێژ و پڕ دەسكەوتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بێت.
بۆ ئەمەش دەبێت نەوەك تەنها لەسەر ئاستی گوتار و تیوریزە، بەڵكو بە كردار پرۆگرام و كارنامەی ڕێكخراو بە میكانیزمی گونجاو جێبەجێ بكەین و خەباتی كۆمەڵایەتی، مەدەنی، سیاسی و ئابووری بە پێی سەردەم پەرە پێبدەین، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بە دیدگایەكی فراوان و كراوە بۆ هەر دیدێكی نوێ كاردەكات و پەیوەست نییە بە ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو و چوارچێوەیەكی لە قاڵب دراو، یەكێتی ئافرەتان دەنگ و ڕەنگی هەموو ئافرەتانی ئازادیخوازە دژ بە هزری دواكەوتووی پیاوسالاری، هەر ئەمەش هۆكاری بەردەوامی و گەشەسەندنیەتی، بەستنی كۆنگرە یەك لە دوای یەكەكانی و نوێكردنەوەی دروشم و ئامانج و میكانیزمەكانی كاری فاكتەری پێشڤەچوونی ڕێكخراوەكەن.
یەكێتی ئافرەتان، دەبێت ئاگاداری بارودۆخی ئافرەتانی شار و گوندەكانی كوردستان بێت، هاوكار و هاوسۆزی هەر یەكەیان بێت لە هەر كێشەیەك كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە ڕێگای توێژینەوەو بەدواداچوونی زانستی لە هۆكارەكانی كێشە جۆراوجۆرەكانی ئافرەت بكۆڵێتەوەو ڕێگاچارەی دروست بخاتەڕوو، لە گشت ئامرازو ڕێگاكان سوود وەربگرێت، پێداگری لەسەر بەجێگەیاندنی ئامانجەكانی بكات و هێزی فشار بێت بۆ دەستەبەر كردنی ماف و خواستەكانی ئافرەت و، وەك پردێك بێت بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی ئافرەت لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەو سیاسەتی گشتی.
فاكتەری سەرەكی گەیشتن بەم ئامانجانە وزەی مرۆیی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانە، لێبڕاوەیی و هەست كردنی هەموانە بە بەرپرسیاریەتی وەك یەك تیم، یەكدەست و یەكدەنگ، پێویستە هەموومان وەك كادرانی ڕێكخراو لە گشت ئۆرگانەكان بەردەوام ئاگاداری ئەوە بین كە لە ڕێكخراوێكدا كار دەكەین داینەمۆی بزوتنەوەی ئافرەتان و پێشەنگی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكارە لە پرسی ئافرەت، بۆیە دەبێت بە هەوڵی بەردەوام و بە خۆشەویستیمان بۆ ڕێكخراو، بە بڕوامان بە ڕەوایەتی دۆزی ئافرەت، پێشەنگایەتی یەكیتی ئافرەتان بپارێزین، بەڵكو بیگەیەنین بە ئاستێك كە سەرجەم ئافرەتان ئەم ڕێكخراوە بە زمانحاڵی خۆیان بزانن و متمانەی تەواوی پێبكەن.
بۆ ئەمەش پێویستە كادرانی ڕێكخراو لە خەمی بەرەوپشچون و بردنە سەری ئاستی ئاگایی وزانیاری و تواناكانی خۆیان بن، كەسانی هۆشیار بن و هەموو كات بە دوای زانست و زانیاری بن لە بواری پرسی ئافرەت و هۆشیاری بە شێوەیەكی گشتی، كە هەر لە بنەڕەتدا ڕێكخراوەكەمان بەشێكی قورسی كار كردنی بۆ هۆشیار كردنەوەی ئافرەت تەرخان كردووە، بەو پێیەی تێڕوانینمان بۆ دۆزی ئافرەت و كلیلی گەیشتنی ئافرەت بە مافەكانی و كۆتایی هێنان بەو ستەمەی كە زادەی مێنتاڵیەتی لە مێژینەی ناوچەكەو تێكەڵكێشێكی ئاڵۆزە، ڕزگاربون لێی تەنها لە ڕێگەی پرۆسەیەكی دورودرێژی هۆشیارییەوە دەبێت، ئەم ئامانجەش وەك هەر ئامانجێكی دیكە نابەخشرێت، بەڵكو بەدەست دەهێنرێت و تێكۆشانی بێوچانی دەوێ.
یەكێتی ئافرەتان بە شانازی و لە خۆبوردوییەوە ئەو ئەركەی لە ئەستۆ گرتووەو ئەو ڕێكخراوە تێكۆشەرەیە، كە ڕێنماو بڵندگۆی ماف و ئازادییەكانی ئافرەتە، لە پێناو گەیشتنی ئافرەت بە سەربەخۆیی كەسایەتی و دەركەوتنی وەك ئەكتیڤی كۆمەڵایەتی و خاوەن هزر و هێز و بڕیار، لە پێناو ئاوەژو كردنەوەی تێڕوانینەكانی هزری پیاو سالاری كە دژ بە ئازادی و مافی ئافرەتن، لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان بۆ ئافرەت و پیاو بە بێ جیاوازی.










