خه‌بات: سه‌رهه‌نگ نه‌جمه‌دین:- ماوه‌ی چەندین ساڵه، یاریی تۆپی باسکە لە هەرێمی کوردستان به‌گشتی و له‌شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تی، نەیتوانیوە ئەو پێگە و گرنگییەی بەدەست بهێنێت کە شایستەی ئەو وەرزشەیە،لە کاتێکدا لە زۆر وڵات‌دا یاریی باسکە یەکێکە لە خۆشەویستترین وەرزشەکان و هەزاران گەنج و هه‌واداران بەشداریی تێدا دەکەن، به‌ڵام لە کوردستان هێشتا بە شێوەیەکی سنووردار ماوەتەوە و نەبووە بە وەرزشێکی جەماوەری، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و وه‌ڕگرتنی زانیاری راست و دروست له‌باره‌ی خراپی بارودۆخی یاری تۆپی باسكه، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات له‌نزیكه‌وه چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌یاریی تۆپی باسكه دواند.
سه‌ره‌تا رزگار مەجید ساڵح، ئەمینداری دارایی یەکێتی تۆپی باسکەی کوردستان، ئاماژەی بە کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگ کردووە کە یاریی باسکە و بەگشتی چەندین جۆری وەرزشی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لەوانە دواخستنی خول و پاڵەوانێتییەکان، کەمیی پشتگیریی دارایی و نەبوونی ژێرخانی وەرزشی، ئه‌مانه هه‌مووی هۆكارێكن كه كۆمه‌ڵێك كێشه و ئاسته‌نگی بۆ یارییه‌كه دروست كردووه. دووپاتیشیكرده‌وه، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، یارییە وەرزشییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کەمیی گرنگیپێدان بوون، بە جۆرێک کە بەشێکی زۆری خول و پاڵەوانێتییەکان دواخراون یان بەڕێوە نەچوون، هەروەها یانە و یەکێتییە وەرزشییەکان لە ڕووی داراییەوە پشتگیرییەکی پێویستیان بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە وەرزشییەکان و ڕێکخستنی خول و پاڵەوانێتییەکان بەردەست نەبووە.

به‌پێی قسه‌ی رزگار مه‌جید، یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی بەردەم یاریی باسکە، نەبوونی ژێرخانی وەرزشی و هۆڵی تایبەتە بە پێداویستییەکانی ئەم یارییە، ئەم بارودۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەرەسەندنی یاریی باسکە هەبووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی چالاکییەکان و کەمبوونەوەی دەرفەتی گەشەکردنی یاریزانان. بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخە دەتوانێت مەترسییەکی جدی بۆ داهاتووی یارییە وەرزشییەکان دروست بکات، بە تایبەتی ئەگەر گرنگیپێدان و پشتگیریی پێویست بۆ جۆرە جیاوازەکانی وەرزش نەکرێت و سەرنج تەنها لەسەر یاری تۆپی پێ چڕ بکرێتەوە. ڕوونیشكرده‌وه، پەرەپێدانی یاریی باسکە پێویستی بە بناغەیەکی بەهێزی ئەکادیمی و پەروەردەیی هەیە، چونکە پێگەیاندنی یاریزان لە تەمەنی منداڵی و لە ناو بنکە و ئەکادیمییە وەرزشییەکانەوە دەست پێ دەکات، ئەگەر لە تەمەنی بچووکییه‌وه پلانی دروست بۆ دۆزینەوە و پەروەردەکردنی یاریزانان دانەنرێت، دروستکردنی تیمێکی بەهێز و خاوەن ئاستی تەکنیکی بەرز لە داهاتوودا کارێکی دژوار دەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا، پەرەپێدانی یاریی باسکە تەنها بە دروستکردنی یاریزان سنووردار نابێت، بەڵکو پێویستە گرنگی بە گەشەکردنی ڕاهێنەران و ناوبژیوانانیش بدرێت، چونکە ئەم سێ بەشە پێکەوە بناغەی سەرەکیی هەر سیستەمێکی وەرزشیی پێشکەوتوو پێک دەهێنن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه عه‌بدولخالق عه‌بدولقادر گه‌ردی، ڕاهێنه‌ری باسكه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی پێشووی عێراق و سه‌رۆكی یه‌كێتی باسكه- لقی هه‌ولیر، لە بارەی دۆخی ئێستای یاری باسکەوه گوتی: هیچ چالاکییەکی وەرزشی بەبێ پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات، له ڕابردوودا هەوڵی بەردەوام دراوە لەگەڵ یانەكان و كه‌سایه‌تیه پەیوەندیداروكانی نێو بواری وەرزش بۆ زیندووکردنەوەی یاری باسکە و پێکهێنانی تیمی باسکە لە نێو یانە جیاوازەکان، دووبارەبوونەوەی کێشە داراییەکان و نەبوونی ئیمکانیاتی پێویست، بوونەتە هۆكاری ئەوەی یاری باسکە بەردەوام بەرەو سستی و له‌ناوچوون بروات. جه‌ختی كرده‌وه كه یانه‌كانی ئاسۆ و ئه‌كاد و جیهان و سابێس و ئاڕارات، ئه‌مانه ویستی باشتركردنی ئاستی تیپه‌كانیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئاماژه‌م بۆكرد، نه‌بوونی پاڵپشتی دارایی و هاوكاری، یانه ئاماژه پێكراوه‌كانیش ناتوانن وه‌ك پێویست ئامانجه‌كانیان بهێننه دی.
دواتر حازم كازم، یاریزانی دێرینی باسكه‌ی یانه‌ی ئاسۆ ، سه‌باره‌ت بۆ هه‌مان پرس گوتی: هۆكار زۆرن سه‌باره‌ت به‌خراپی بارودۆخی یاری تۆپی باسكه، له‌وانه تێنه‌گه‌یشتنی به‌رپرسانی وه‌رزشی له‌یاری باسكه، نه‌بوونی هۆڵی تایبه‌ت به یاریی باسكه، ئه‌مانه و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه، بۆته هۆكارێك له‌به‌رده‌م یاریی تۆیی باسكه، كه هه‌میشه به‌چه‌قبه‌ستۆیی بمێنێته‌وه، ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکەمین هەنگاو بریتییە لە دانانی ژێرخانی وەرزشی گونجاو، بە تایبەتی دروستکردنی هۆڵێکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی پێشبڕکێ و یارییەکان، لە پاڵ ئەوەشدا پێویستە چەند هۆڵێکی دیكه، کە تایبەت بن بە مەشق و ڕاهێنان، له شاری هه‌ولێر دروست بکرێن، چونکە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی یانەکان زیاتر ئارەزووی دامەزراندن و پەرەپێدانی بەشی تۆپی باسکە بکەن.