خهبات: مسلم دۆلەمەری:- لە كۆندا یان باشتر بڵێین لە سەردەمانی باب و باپیرانمان ماڵەكان بچووك و سادە و ساكار بوون، بەڵام دڵەكان گەورە و پڕاوپڕ بوون لە پەیوەندییە گەرمە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی و خزمایەتی بە تایبەتی، كەچی ئێستا ماڵەكان زۆر گەورە و مۆدێرنن، بەڵام دڵەكان بچووك و پەیوەندییەكان لەوپەڕی خەراپیدان. لەم ڕاپۆرتەدا ڕاو بۆچوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتییان سەبارەت بەم باسە دەخەینە ڕوو.
مینا سیامەند خەلیل لەو بارەوە دەڵێت: لە كۆندا ژیان سادەتر و قەبارەی ماڵەكان بچووكتر بوون، بەڵام خاوەن ماڵ دڵێكی گەورەی هەبوو، هەر تاكێك هەوڵی دەدا پەیوەندی كۆمەڵایەتی و خزمایەتی بە گەرموگوڕی ڕابگرێت، بە پێچەوانەوە ئێستا ماڵ گەورە داهات زیاتر، بەڵام دڵەكان بچووك و سارد تر. ئەمە ڕەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكی قووڵی كۆمەڵایەتییە كە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی گۆڕیوە. لە سەردەمی كۆندا، ژیان لە سەر بنەمای كۆمەڵگەی بچووك، گوند و هۆز ڕێكخرا بوو. خەڵك پێویستییان بە یەكتری هەبوو بۆ كشتوكاڵ، ئاسایش و ئارامی و پاراستنی پەیوەندی و چارەسەری كێشەی یەكتر. ئەم پێویستییە هاوبەشە وایدەكرد كە سەردان و یارمەتیدانی یەكتری ببێتە شێوازێكی ژیان، نەك تەنها ئەركێك، بەڵام لەگەڵ پیشەسازی و شارستانی بوون، ژیان بۆتە تاكە كەسی تر. مرۆڤ ئیتر بۆ مانەوە پێویستی بە كۆمەڵگەی گوندی نییە، بەڵكو دەتوانێت بە هەزاران كیلۆمەتر لە دوورەوە كار بكات و بژێوی ژیانی دابین بكات و ژیان بەڕێ بكات.
ئەم گۆڕانكارییە بەهایەكی كۆمەڵایەتی جیاوازی لەگەڵ خۆی هێناوە. تەكنۆلۆژیا، پەیوەندی ئاسانتر، بەڵام سارد تر: تەكنۆلۆژیا پەیوەندییەكانی ئاسانتر كردووە، بەڵام یەكتر بینینەكان كەم بوونەتەوە. سەردانكردن بۆتە “كارێكی زیادە” كە دەبێت لە نێوان كار و خێزاندا جێگەی بكرێتەوە. لە كۆندا خزمایەتی مانای پشتبەستن و پاراستن و هاوكاری بوو، ئێستا زۆر جار بۆتە ئەركێكی كۆمەڵایەتی كە بە شێوەی فەرمی ئەنجام دەدرێت. لەوەند ئەحمەد عەزیز ڕای وایە: ئەگەر سەیری ژیانی ڕابردوو بكەین، دەبینین خەڵك لە ماڵە بچووكەكاندا دەژیان، بەڵام جێگەیان بۆ خزم، دراوسێ، هاوڕێ و تەنانەت بێگانەش هەبوو. خوانەكان سادە بوون، بەڵام بەردەوام بە كەسانی زیاترەوە هاوبەش دەكران.
دارایی كەمتر بوو، بەڵام دەستەكان زیاتر بۆ یارمەتیدانی یەكتر درێژ دەكران. سەردان پێویستی بە بانگهێشتنامە و بڕیارێكی پێشوەختە نەبوو، دەرگای ماڵ دەرگای خۆشەویستی بوو، نەك تەنها دەرگای خانوویەك، بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمێكدا كە زۆربەمان ماڵی گەورەتر، ئامراز و ئاسانكاریی زیاتر بۆ ژیان و ڕێگەی پەیوەندیكردنی خێراترمان هەیە، كەچی هەندێك پەیوەندیی خێزانی لاوازتر بوون. پەیوەندییەكانمان لە شاشەی مۆبایلدا بەردەوامن، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا لە یەكتر دوورین. زانیاریمان لە بارەی ژیانی یەكتر زۆرە، بەڵام تێگەیشتن لە ئازار و پێویستییەكانی یەكترمان كەمە. لەوانەیە هۆكارەكەی لە گۆڕانی شێوازی ژیانماندا بێت.
لە ڕابردوودا، خێزان و كۆمەڵگە پشت و پەنا و سەرچاوەی سەرەكیی یارمەتی بوون. سەختییەكان وایان دەكرد خەڵك زیاتر پێكەوە بن و بارەكانی ژیان بەش بكەن. ئەمڕۆ گوشارە ئابوورییەكان، سەرقاڵی بە كار، گۆڕانی لە خواستەكان و سەرقاڵبوون بە جیهانی دیجیتاڵی، زۆر جار كات و هێزی پەیوەندییەكانمان كەم دەكەنەوە. ئەمە واتای ئەوە نییە كە ڕابردوو بێ كێشە بوو یان مرۆڤی ئەمڕۆ دڵسۆز نییە، بەڵكو یادمان دەخاتەوە كە هیچ پەیوەندییەك بە بێ چاودێری و بەردەوامی بە هێز نامێنێت .لە ژیانی پڕ سەرقاڵی ئەمڕۆدا، شوێنی یەكترمان لە پێشینەی گرنگییەكانماندا كەمتر كردۆتەوە، ئەمەش بە پاساوی نەبوونی كات یان سەرقاڵی و ماڵ و منداڵ. پێشكەوتنی ڕاستەقینە ئەوە نییە كە مرۆڤ بتوانێت بە تەنیا هەموو پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات، بەڵكو ئەوەیە، لەگەڵ هەموو پێشكەوتنەكانی، هێشتا پێویستی بە یەكتر هەبوون و بەهاكەی بناسیت.

پێویستە بیر لەوە بكەینەوە كە پێشكەوتن بۆ چییە، ئەگەر لەگەڵ خۆیدا گەرمێتیی پەیوەندییەكانمان نەهێڵێت؟ كۆمەڵگە بە گەورەیی كۆشكەكانی گەورە نابێت، بەڵكو بە گەورەیی دڵی مرۆڤەكانی دەوڵەمەند دەبێت. ماڵێك كە تێیدا خۆشەویستی نییە تەنها باڵاخانەیەكە، بەڵام ماڵێك كە دەرگاكەی بۆ یەكتر كراوەیە، تەنانەت ئەگەر بچووكیش بێت، جیهانێكی گەورەی تێدایە. نەجلا سادق عومەر گوتی: ئەگەر پرسیارێك لە خۆمان بكەین و بڵێین بۆچی هەموومان خۆزگە بە ژیانی جاران دەخوازین، ئەو كات سۆز و بەرەكەت و خزمایەتی و سەردانی یەكتر زور باشتر بوون، بەرەكەت لە نێو هەموو ماڵێكدا هەبوو و هەموویان وەكو یەك یەكسان بووین، بەڵام ئێستا هیچ سۆز و بەرەكەت و سەردانی كردن وەكو پێویست نەماوە، هەموو ئەوانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئێستای تەكنۆلۆژیا و لەخۆبایی بوون و ماڵ و سامان و نمایشكردنیان بۆ یەكتر. سەردەمی تەكنۆلۆژیا كارتێكردنی گەورەی لە مرۆڤی ئێستا كردووە و بۆتە هۆكاری نەبوونی دانیشتنی بە كومەڵ و مەجلیسی گەرمە كۆمەڵایەتییەكان. ئێستاكە سەردانی نەخۆش، جەژنە پیرۆزە كردن، سەرەخۆشی و پرسە هەمووی چۆتە چوارچێوەی پەیامێكی سارد و سڕی مۆبایلەكان، جگە لەوە حەسادەت و چاوچنۆكی زۆربەی مرۆڤەكانی ئێستا وای كردووە كە نەتوانن سەردانی یەكتری بكەن نەك لە ئاستی خزمایەتی و ناسیاویدا، بەڵكو لە ئاستی خێزانی و خوشك و برایەتیشدا ئەمە دروست بووە.
ئێستا تاكەكان لە نێو كۆمەڵی خزمان و ناسیاوان لەو پەڕی تەنیایی یان بەڕێدەكەن و لەخۆبووردەیی كەم بۆتەوە. شەهراز ئاراس محەمەد دەڵێت :بەڕای من ئەگەر بمانەوێت بە وردی لە جیاوازیی نێوان ژیانی كۆمەڵایەتیی ڕابردوو و ئەمڕۆ تێبگەین دەبێت لەوەوە دەست پێبكەین كە گەورەیی ماڵ بە مەتر و چوارگۆشە پێوانە ناكرێت، گەورەیی كۆمەڵگەش تەنها بە پێشكەوتنی ماددی و تەكنۆلۆژی دیاری ناكرێت، بەڵكو بەوە دیاری دەكرێت كە مرۆڤەكانی چەندە لەگەڵ یەكتر نزیكن، چەندە هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر یەكتریان هەیە و چەندە ئازار و خۆشییەكانیان بەش دەكەن. لە كۆندا سەرەڕای ئەوەی ژیان لە ڕووی ئابووری و تەكنۆلۆژییەوە سنووردار تر بوو پەیوەندییە مرۆییەكان بەهایەكی بەرزتریان هەبوو، سەردان تەنها ڕۆیشتن بۆ ماڵی كەسێك نەبوو، بەڵكو نوێكردنەوەی پەیوەندی و پاراستن و بەهێز كردنی خزمایەتی بوو. كاتێك خێزانێك تووشی ناخۆشییەك دەبوو خزم و دراوسێكان تەنها تەماشاكەری بارودۆخەكە نەبوون، بەڵكو بە پێی توانای خۆیان لە چارەسەركردنی كێشەكە بەشدارییان دەكرد ئەوەش كۆمەڵگەیەكی دروست دەكرد كە تێیدا مرۆڤ تەنانەت لە سەختترین ساتەكانیشدا هەستی بە تەنهایی نەدەكرد.
ئەمڕۆ لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا شێوازی پەیوەندییەكانیش گۆڕانیان بە سەردا هاتووە تەلەفۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان توانای پەیوەندیكردنیان زۆر كردووە، بەڵام پەیوەندیی زۆر هەمیشە بە مانای نزیكیی زیاتر نییە، ڕەنگە مرۆڤ ڕۆژانە لەگەڵ دەیان كەس قسە بكا، بەڵام كاتێك تووشی ناخۆشی دەبێت ئەگەر كەسێكی نزیكی نەبێت گوێی لێ بگرێت، ڕەنگە لە ژوورێكی پڕ لە خەڵكدا دابنیشین، بەڵام لە ناخماندا هەست بە تەنهایی بكەین ئەمە یەكێكە لەو ناكۆكییانەی كە ژیانی مۆدێرن لەبەر دەممانی داناوە. واتا كێشەكە لە پێشكەوتندا نییە، بەڵكو لەوە دایە كە ئایا توانیومانە لەگەڵ پێشكەوتنی ژیان بەها مرۆییەكانیشمان بپارێزین؟ كاتێك سەركەوتن تەنها بە كۆكردنەوەی سامان و گەیشتن بە ئامانجە كەسییەكان پێوانە دەكرێت ڕەنگە لە بیر بكەین كە بەشێكی گرنگی سەركەوتنی مرۆڤ لەوە دایە كە چەند كەسی لە دەوروبەری خۆی دڵخۆش كردووە چەند دەستێكی گرتووە. دەبێت فێری نەوەی نوێ بكەین كە سەردانكردنی دایك و باوك، پرسیاركردن لە حاڵی خزم، یارمەتیدانی دراوسێ، ڕێزگرتن لە پیران و هاوكاریكردنی كەسانی پێویست كارێكی كۆن یان بێ بایەخ نییە، بەڵكو بنەمای دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەهێزە.