فازڵ میرانی
لە ڕووی زمانەوانییەوە، حاڵەت گۆڕاوە و سیفەتیش هەمیشەییە. دەوڵەت حاڵەتێکی سیاسییە و سیفەتێکی یاسایی هەیە. ئاڵوگۆڕی سەرکردەکانی سیستەمەکان و گۆڕانی سیستەمەکان لە سەرکردایەتیکردنی دەوڵەتدا یان دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، لە پاڵ ماناکانی دیکەیدا بە واتای گۆڕانی حاڵەت دێت؛ گۆڕان لە ئەدا و پرۆگرامەکاندا، چ بەرەوپێشچوون و سەقامگیری بێت لە دۆخێکدا، یانیش پاشەکشەکردن. پاشان سیفەتی دەوڵەت لە سیفەتی سەرکردە فیعلییەکانییەوە دەردەکەوێت، کە سیفەتێکی دەسەڵاتدارییە و مەرج نییە لە ڕەهایەتیی خۆیدا کۆکەرەوەی نێوان دەسەڵات و ڕەعییەت بێت، چونکە هەمیشە مەودایەکی جیاوازی لە نێوان دەسەڵات لە ڕەفتارەکانیدا لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە، کە بەپێی ئاستی هۆشیاری کەم و زیاد دەکات.
لە کەڵەکەبوونی سیاسی و ئەدائی بە درێژایی مێژوو، هەروەها وەک دەرەنجامی هۆشیارییەک کە باجی گەیشتن پێی زۆر قورس بوو، کاری گونجاوی نێوان دەنگدەر و هەڵبژێردراو لەسەر چەسپاندنی سیفەت لە ئەدای دەزگاکانی حوکمڕانیدا جێگیر بوو، لەوانەش سیفەتی دیموکراسی؛ ئەو دیموکراسییەی بە هەموو پایەکانییەوە ناکرێت تەنیا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاددا کورت بکرێتەوە، بەڵکوو سیستەمێکی گەورەی هزری و کردەییە کە لەگەڵ سەرهەڵدان و مافەکانی مرۆڤدا درێژ دەبێتەوە. هەروەها سیفەتی هێزە ئابوورییەکان و دادپەروەری و یەکسانیش. لەگەڵ ئەوەشدا، دەوڵەت هەر وەک حاڵەتێک دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی حاڵەتیشە، نەک تەنیا ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ئاسان یان توندوتیژ دەبێتەوە، بەڵکوو ئەگەری لەناوچوونیشی هەیە.
چەندین دەوڵەت لەناوچوون تەنانەت لەگەڵ دروستکردنی ئەو سیفەتانەش کە لە کاتی سەرهەڵدانیاندا وا دەردەکەوت ڕێگر دەبن لە گۆڕانی سیستەمەکە، نەک لەناوچوونی. بەڵام لەبەر ئەوەی بیرۆکەی دەوڵەت بەرهەمی پەرەپێدانی پرۆژەی حاڵەتێکە، وەک بیرۆکەیەکی ڕێکخراوەیی مرۆیی کە قورسە بەپێی مەرجەکانی جێگیری دابڕێژرێت، وای کردووە کارکردنی سیاسی بەرەو بەهێزکردن یان بەرهەمهێنانی سیفەتگەلێک بڕوات کە بیکاتە جێگەی متمانەی ناوخۆیی و ژمارەیەکی گرنگ لە نێو پێویستییەکانی بوونیدا لە چوارچێوەی خێزانی نێودەوڵەتیدا، کە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە. بیانووهێنانەوە بە هەڵەی سیستەمەکانی پێشوو، پاساوێکی گونجاو نییە بۆ ئەوانەی دەگەنە دەسەڵات تاوەکوو شکستی پرۆژەکانیان لە چوارچێوەی حاڵەتی دەوڵەتدا پێ پەردەپۆش بکەن.
هەروەها دەوڵەت هەروەک چۆن دەشێت چاک بێت، دەشێت خراپیش بێت. بێ هەڵە نییە و هیچ گوێڕایەڵییەکیشی بۆ نییە ئەگەر سیفەتەکانی ئازاردان و خۆبەزلزانین و سەپاندنی هزری بەسەر هاووڵاتییانیدا بگرێتە بەر. ئێمەش یەکێکین لە دێرینترین ئەوانەی کە سیفەتە خراپ و پێشێلکارەکانی دەوڵەتمان ڕەت کردووەتەوە و کارمان بۆ بەهێزکردنی حاڵەتەکە و پێشکەشکردنی باشترین سیفەتەکان کردووە، تاوەکوو ببنە سیفەتی دەوڵەتێکی ڕێزلێگیراو. لە حیکمەتەوە نییە کە عەقڵە سیاسییەکان بەدواداچوون بۆ حاڵەتی دەوڵەت و پێداچوونەوە بە سیفەتەکانی فەرامۆش بکەن. هەرکاتێک ئەمە کرا، تەمەنی دەوڵەت درێژتر دەبێت و متمانە و ڕێز و وەلائی بۆ زیاتر دەچەسپێت. بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان