سەلام عەبدوڵڵا
لە جیهانی دیموكراتیدا، دوای هەڵبژاردن و ئاشكراكردنی ئەنجامەكانی، ئەوا حزبی براوە كەسێك دەستنیشان دەكات -دیارە لە حزبەكەی خۆی- بۆ دامەزراندنی حكوومەت و سەرۆكایەتیكردنی كە زۆرجار كەسایەتیەكە بۆ چەندین جار بۆ ئەوكارە ڕادەسپێردرێت و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ لێوەشاوەیی و توانای و شارەزایی لە حكومڕانیدا، ئەوەش مافێكی سروشتی حزبی براوەیە و خۆی بڕیار لەسەر ئەو مەسەلەیە دەدات و تائێستاش نەبووە بە باو كە هیچ حزبێك بەشێوەیەكی ئاسایی وازی لەو مافە هێنابێت و رادەستی حزبێكی دیكەی كردبێت، گەر گوشارێكی زیاد لە توانای خۆی ناچاری ئەوكارەی نەكردبێت، وەك ئەوەی لە سەرەتای نەوەدەكاندا لە جەزائیر ڕوویدا.
میدیای بە حساب (ئازاد) و (سەربەخۆی) كوردی ئەم ڕاستیە سادەیە ئاوەژوو دەكاتەوە بە جۆرێكی دیكە دەرخواردی بینەر و بیسەری كوردی دەدات و وای نیشاندەدات كە دووبارەبوونەوەی كەسایەتییەك بۆ چەند جارێك تەنانەت گەر لە لایەن حزبی براوەشبێت و زۆرینەی جەماوەریش دەنگی پێدابێت، ئەوا، ئەوان بە دیكتاتۆریەتی لە قەڵەمدەدەن و بەپێچەوانەی دیموكراتی ناوزەدی دەكەن.
ئەمە تەنیا چەواشەكارییە، دەنا لە وڵاتانی دیموكراتی ئەم مەسەلەیە زۆر ئاساییە و حزبی براوە دەتوانێت بۆ چەندجارێك كەسایەتیەك دەستنیشان بكات بۆ سەرەكوەزیران، یان سەرەككۆمار، فەرموون وڵاتێكی دیموكراتی وەكو سوید لەماوەی چل و یەك ساڵدا، تەنها دووكەس لە حزبی براوە كە سۆسیال دیموكراتەكانە وەك سەرەكوەزیران وڵاتی بردووە بەڕێوە.
تاگە ئیرلاندەر Tage Erlandar بۆماوەی 24 ساڵ و Olof Palme بۆ ماوەی 17 ساڵ سەركوەزیران بووە و هەردووكیان لەماوەی حوكمڕانیاندا سەرۆكی پارتی سوسیال دیموكراتیش بوون.
لە فەڕەنسا فرانسوا میتران سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی بۆ ماوەی 14 ساڵ سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بوو، بۆیە دەڵێین ئەوە كارێكی زۆر دیموكراتی و ئاساییە كە حزبێك كەسی شیاوی خۆی بۆ پۆستێك تەرخان بكات، جا ئەم ڕاستیە سادەو حاشا هەڵنەگرانە لای ئەوجۆرە میدیا سەرلێشێوێنەرانە و دەستەخوشكەكانی وەك دیكتاتۆریەت لەقەڵەم دەدەن و خەڵكی پێچەواشە دەكەن، بەتایبەتی لەو زۆنەی كە ئامادەگییەك هەیە بۆ هەزمی ئەوجۆرە درۆیانە، بەڵام با ئەوانەو هاوئاوازەكانیان بزانن كە خەڵكی هەرێم زۆر لەوە هۆشیارترە كە بەوان فریوبخوات و دوا هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی كوردستان، شایەدحاڵی ئەو ڕاستییە بوو.










