فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا
ئەم وەڵامە دەبوایە زووتر بدرابایەوە، بەڵام گوتم با پەلە نەكەم و سەبر بگرم، ئەمجارەش وەك رابردوو لێی دەگەڕێین و زۆرجار شەكری دیكەی وایان شكاندووە و هەڵەی گەورە و گەورەتریشیان كردووە، كە دۆڕاون هەموو شتیان لەدەستچووە و بەر دەرگەی ماڵی بارزانییان گرتووە، گوتوویانە ماڵی بابە گەورەیە و دەخالەتین و هەڵەشمان كردووە، ئەمە دەیان ساڵە پیشەیانە، بەڵێ زۆرجاریش جەستەی ئێمەیان برینداركردووە، بەڵێ لە كاتی بێهۆشی و سەرخۆشی، لە كاتی راوەشاندنی خەنجەرەكانیان قسەی زل و رابواردن و سەماشیان لەگەڵ ناحەزان كردووە، بەڵێ هەموومان لە یادە، بەڵام گوتمان، باشە بۆیان دادەپۆشین، تووڕە دەبین، بەڵام ئۆقرە دەگرین و ئازار دەخۆین، بەڵام سەبر دەگرین، بەڵێ پەنامان بردە بەر حیكمەتی زاناكان، بەر كتابی ئاسمانی و پەرتووكە ئایینییەكان، بەر قسەی پێغەمبەرەكان، بەر نەسیحەتی شێخ و سەیدەكان، بەر رێبازی بارزانیی باوكمان، مێژووی شۆڕشەكانمان خوێندەوە، قسە و ئامۆژگارییەكانی بەر ئاگردان و دیوەخانەكانمان هۆنیەوە، هەموو شتمان كرد، تا سەبرمان بمێنێت و ئارامتر بین، تا ئەوەی هەیە تێكنەچێت و تێكی نەدەین، تا بە نەفامی و هەڵەی ئێوە، ئەو وڵاتەی كە كاولتان كرد و ئێمەش كاولتری نەكەین، بەڵێ دڵنیاش بن، لێناگەڕێین ئەوەی بۆی دانیشتوون، بۆی دروستبوون، قەت و قەت سەربگرێت، دڵنیاش بن تا خاوەنی ئەم عەقڵەبن، هەر جاشایەتی و شەرمەزاریتان پێدەبڕێت، بەڵێ كاك سەعدی پیرە، برای بێ ئاگایان بە ئاگای خوانەناس، ئێستا بریندار نین، زۆر لەمێژە بریندارین، ناكرێت تۆش بێ ئاگابیت، دڵنیام هەمووی دەزانی، دڵنیام تۆش بەشێكی لە مێژووی برینەكان، بە ئاگاین و دڵنیاین لە هەموو قۆناغەكان بەنزینی ئاگرە نەگریسەكان بوویت بۆ نێو ماڵی كورد، بەڵێ دەزانین و دەزانیت چۆن و كەی بریندار بووین، چونكە خۆت بەشێك بوویت لە برینەكان، بەڵام با وای لێ نەیەت، كورد گوتەنی: لەگەڵ گورگ مەڕ دەخوات و لەگەڵ شوان شینی دەكات.
برا گیان تۆ مەڕخۆری شینیش دەكەیت، لەگەڵ شوان جاربەجار بە ئاگاین، هەندێجاریش پاكانە دەكەیت و قسە دەگۆڕیت، وەك مەسەلەكەی تری كوردی گوتەنی: وەعزی وەعزی مەلایانە عەمەلی عەمەلی شەیتانە، ئێمە لە هەمووی بە ئاگاین، كە هاتییە سەرشاشە و بڵندگۆت وەرگرت، حەق نییە تۆی خاوەن تەمەن و رابردوویەكی نزیكەی 50 ساڵ لەناو كوردایەتی، وەك هەرزەكارێك رەفتار بكەیت و چی هاتە بەردەمت بیڵێیت و هەڵەی گەورە بكەیت و رابوێری برام سەرۆك كۆمارتان پیرۆز. بەڵام رامەبوێرە گەر تۆ یەكت لایە، ئێمە سەدان و هەزاران، میللەت، هەموومان بە ئاگاین، میللەتیش ئەم میللەتەی شەستەكان نییە بێ ئاگا بێت، ئەمڕۆ هەر ماڵێك لەم كوردستانە، وەك رادارێكە ئاگای لە هەموو جیهانە و خەڵك كاغەزی سپی دەخوێنێتەوە و خەڵك هەمووی دەزانێت ئەگەر ئێمە بریندار بین، بۆچی بریندارین؟! توخوا رامەبوێرە و عەیبە و لێت نایێت، دەبا بەس بێت.
نەمدەویست قسە بكەم، بەڵام دیارە خۆتان وازناهێنن و ناچارمان دەكەن، قەپاغی مەجرای پیساییەكانتان هەڵدەینەوە، بەڵێ بریندارین، بەس نەك هی ساڵی 2018 و سەرۆككۆمارییە شەرمەزارییەكەتان، بەڵكو لە ساڵی 1973 بریندارین لە 1966 خوێنتان لێ هێنا، زۆریش زامدارتان كردین، بەڵێ لە جەستەتان داین لە دڵتان داین، حەزم نەدەكرد، هیچ بڵێم، بەڵام وازناهێنن، هەر ئێوە بوون، بەر لە حەفتاكان لە گوندی شاخۆلان دەبابەی بەعستان هێنایە سەر پێشمەرگەكانمان و خانووتان بەسەردا رووخاند خلیل و سەید فەتحیتان شەهید كرد و هەر ئێوەش بوون لە 16/10/2017 پاش نزیكەی 50 ساڵ هەمان هەڵەتان كردەوە لە شاخۆلانەوە، چوونە گیانی كەركووك و دەبابەی جاش پاسدارەكان بەسەر لاشەی منداڵە كوردەكان كەوتن، جارێك لەگەڵ بەعس، جارێك لەگەڵ پاسدار، بەڵێ لای ئێمە مێژوو هەر مێژووە، دەبێ بنووسرێت، دەبێ بگوترێت لە شاخۆلان و كەركووك پاش 50 ساڵ مێژووتان دووبارە كردەوە، ئەی دەبێ لە نێوان ئەم 50 ساڵە مێژوو چیتان لەسەر بنووسێت و چەند لاپەڕە و پەڕا و بەشی بكات، چیتان كردبێت بەڵێ بەر لە پەنجا ساڵ 66تان تۆمار كرد، پاش خیانەتی ئۆكتوبەری 2017 دەیان هەڵەی ترتان كرد، ئەوەی زۆر زەقە ساڵی پار بوون بە هۆی لە ژێر پێ نانی ئاڵای كوردستان لە كەركووك و رووخانی ماڵە پارتییەكانی كەركووك خورماتوو و هەتككردنی نامووس شەرمەزاری بەردەم خوا و مێژوو، گەر مەبەستت سەرۆككۆمارییەكەیە، كە هەردەم ئێمە هەموو پلە و پۆستی عێراقمان لا هیچ نەبووە و گرنگ نەبووە، چونكە عێراقچیاتی پیشە و مەبەست و بڕوای ئێمە نییە و ئێمە دیارین، بەڵێ ئێمە سەربەستیخوازین، ئازادیخوازین، ریفراندۆمچین، سەرۆككۆمار لای ئێمە ئەتەكێتێكی كار بەڕێوەبردن و دیپلوماسییەتە نییە، بۆ ئێمەی خاوەن كوردستان و كورد، مراقیب بەلەدیەیەك، كارگوزارێك و باغەوانێك زۆر گەورەترە لەو پۆستە پڕ لە شەرمەزارییەی كە ئێوە پێی رازین، ئامادەشن براكوژی لەسەر بكەن، بەڵام كەركووك بە دیاری دەدەن، بە دوژمن پاراستنی ماڵی كورد زۆر گەورەترە لە هەموو كەس و لە هەموو بەرژەوەندیی حزبەكان.
بەڵێ ئێوە 50ملیۆن كوردتان برینداركرد، ئێوە شۆڕشی ئەیلوولتان بریندار كرد، ئێوە خوێنی 1800 شەهیدی شەڕی تیرۆرتان هەرزانفرۆشكرد، ئێوە جارێكی دیكەش كەركووكتان برینداركرد و هەر بەوەش نەوەستان دەستتان لە ناو دەستی دوژمن نا، تا سنوورەكانی توركیا و ئێران، هەمووی بە بووك ببەن بۆ دوژمنان، ئێوە چیتان نەكرد و كام برین باس بكەم! یان ئەو برینەی لە ساڵی 1982 لەگەڵ رژێمی بەعس لە جەستەی كوردتتان دروستكرد و بڕیارتاندا دەبێ پارتی و ماڵی بارزان لە قەندیل ئاوا بكەن، تا جارێكیتر شیعاری دووبەرەكی سۆران و بادینان دروستبكەن چیتان نەكرد، ئەی هەر ئێوە نەبوون لە پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1976 بە دواوە تا ساڵی 1986 وەك راوی ئاژەڵی كێوی راوە منداڵی كوردتان دەكرد لە هەموو حزبەكان، بەتایبەت لە ناویشیان سەر لق و سەرپەلی پارتیتان تیرۆر دەكرد كە ئەوكات بڕیاری حزبەكەتان بوو، دەبێ سەرلق و سەرپەلی پارتی لە ناو ببەن، چیتان نەكرد، هەر ئێوە نەبوون لە ساڵی 1995 دەتانگوت هەولێر كێندەری پیرۆزە، هەر ئێوە نەبوون شەڕتان راگەیاند لە سەرتاسەری كوردستان دژ بە پارتی! كام برین باس بكەم، توخوا بۆ ئەم هەڵەت كرد، كاك سەعدی جارێكیتر برینەكانت كوڵاندەوە و ئێمەت بەخەبەر هێنا، هەر هێندە دەڵێم خوا لێت قبووڵ نەكات! بەدوای فیتنە دەگەڕێی، بەڵێ بریندارین، نیو سەدەیە و خیانەتی ناوخۆ و خانەوادە و براش زۆر بە ئازار و ئەشكەنجەیە، پێكەنین و گاڵتەجاڕییەكەی تۆش، زۆر هەڵەیە و خزمەتكردن بە بێگانەیە!.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێر پ. د. ك










