فیلمی ئەیلانی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر كە بەسپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە، لە فستیڤاڵێكی سینەمایی نێونەتەوەیی لەوڵاتی یۆنان بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات.دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكەی لەو فستیڤاڵە وتی “فیلمی ئەیلان لە فستیڤاڵی ساڵانە بۆ فیلمی ئەنیمەیشن بەشداری دەكات كە لەوڵاتی یۆنان بەڕێوە دەچێتء لە بەشی مافەكانی مرۆڤدا كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فستیڤاڵەكە دەكات”.جوبرائیل ئەبوبەكر وتیشی ” فستیڤاڵەكە لە رۆژی 18ی10ی2018 دەستپێدەكات و تا رۆژی 21ی10ی2018 بەردەوام دەبێت”. سەبارەت بە چیرۆكی فیلمەكە دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر وتی “چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لەسوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ بەر لەوەی بگەن بەكەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی”.
فیلمی سینەمایی ئەیلان لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووە و هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ كردوە. دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر فیلمێك بوو بەناوی بێدەنگی ئاسمان كە لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كردو چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.










