فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەردەکات. بەرپرسێكیش دەڵێت: “نزیكەی 15 هەزار و 498 خاوەنكار و پڕۆژە سوود لە بڕیارەكە وەردەگرن”.
ئاماژەی بەوە داوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری ژمارە (307)ی لە ڕێکەوتی 14ی 10ی 2026، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد.
ئاماژە بەوە دراوە، ئەم بڕیارە بە نووسراوی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە (14069) لە ڕێکەوتی 2ی 11ی 2026، ئاڕاستەی نووسینگەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە.
بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ژمارە (176)ی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن و هاندان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکار دەهێنرێت.
ئاشكرای كردووە، خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بریتین لە:
لێخۆشبوونی تەواوەتی: لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەمەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی بەشدارییەکە بدرێت.
دەرکردنی ڕێنمایی: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکات.
جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوە: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەگرنەبەر و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.
مەریوان بەگۆك، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “نزیكەی 15 هەزار و 498 خاوەنكار و پڕۆژە سوود لە بڕیاری لێخۆشبوونی سزای دواكەوتنی قەرزەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی وەردەگرن”.
روونیشی كردەوە: “خاوەنكاران دەرفەتیان هەیە لە ماوەی 90 رۆژدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بە پێچەوانەوە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە حكوومەت لە رێگەی دادگا رێكاری خۆی دەگرێتە بەر”.