سهرهتا وتار شۆڕشی ئەیلوول گەورەتر لە شۆڕشێک؛ چەترێکی کۆکەرەوەی گەلی كورد بوو
سەدیق سەعید ڕواندزی
لە مێژووی خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد دا، هیچ شۆڕشێك هێندەی شۆڕشی ئەیلوول، هەڵگری شوناسێكی نەتەوەیی و كوردستانی و جەماوەری نییە. بەو مانایەی شۆڕشێكە هەموو چین و توێژەكان، بە جیاوازی بیروڕای هزری و شوناسی كۆمەڵایەتی و پیشەیی، تیایدا بەشدارن. شۆڕشی ئەیلوول، وەك چۆن شۆڕشێكی جەماوەری بوو، بە هەمان شێوە شۆڕشێكی جوگرافیش بوو، چونكە یەكەم و دوا شۆڕشە كە لە ئاستێكی جەماوەری و كۆمەڵایەتی و جوگرافیدا، یەك نێوەندێتی لە بڕیار و ڕاسپاردە و یەك سەركردایەتیكردنی هەبێت. بێگومان ئەمە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی سەركەوتنی ئەو شۆڕشە و بە ئاكام گەیاندنی.
لێرەوەش ئەگەر بڕوانینە مێژووی پارتی و تێكۆشانی پارتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە تەنها بەرچەمكی نەتەوە و نیشتیمان و سەركردەی نەتەوەیی دەكەوین و هەرگیز شوناسێكی حیزبییانە و پارتییانە لەو شۆڕشەدا قووڵ ناكرێتەوە. بە هەزاران لە وانەی لە ڕێزی ئەو شۆڕشەدا خەباتیان كردووە، كەسانی پارتی نەبوون، بەڵام بڕوایان بە شۆڕش و سەركردایەتی شۆڕش بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر هەبوو. لەو ڕوانگەیەشەوە شۆڕشی ئەیلوول بە شۆڕشێكی نیشتیمانی ناوەزەد دەكرێت.
ئەگەرچی لە سەرەتاكانیدا، ئەو شۆڕشە درزێكی تێدەكەوێت، وەلێ بەردەوام دەبێت لە خەبات و تێكۆشانی خۆیدا، تا دواجار ئاكامەكانی لە ڕێكەوتنی 11ی1970 ئادار دێنە دی، كە یەكێكە لەو قۆناغانەی لە ڕووی مێژوویی و بوژانەوەی كوردستانەوە، بە قۆناغێكی گرنگ دادەنرێت كە دەیان دەسكەوتی سیاسیی و خزمەتگوزاری لێكەوتەوە. ئەو ڕێكەوتننامە، بێگومان بەرهەمی ئەو شۆڕشە بوو، هەرچەندە دواتر ڕژێمی بەعس و حكومەتی عێراق لەو پەیماننامە پاشگەزبوویەوە ، وەلێ ئەو قۆناغە و مێژووی ئەو شۆڕشەش، مێژوویێكە لە لاپەڕەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد بە نەمری دەمێنێتەوە.
گەلێك جار لە ڕوانگەیەكی حیزبایەتی، یاخود پەرچەكردارێكی ئایدۆلۆژی، هەوڵدەدرێت شۆڕشی ئەیلوول لەو ڕەهەندە نەتەوەیی و نیشتیمانییەی خۆی دەربهێنرێت و بە جوڵانەوەیەكی بێ ستراتیژ و ئاسایی، یاخود خرۆشانێكی جەماوەری و خێڵەكی بناسرێت. بە دیوێكی دیكەشدا، شۆڕشەكە وەك بەرهەمی حیزبێكی سیاسیی، نەك نەتەوەیی بناسێنن، هەموو ئەمانەش دەرەنجامی خوێندنەوەیەكی سیاسییانەی ورد و هەڵسەنگاندنێكی واقیعیانە نییە كە تیایدا بنەماكانی ئەو شۆڕشە و زەمینەی هەڵگیرساندن و ئاكامەكانی بخوێننەوە، بەڵكو تەنها ڕوانینێكی تەسكی ئایدۆلۆژیانەیە كە دەرەنجامی بیركردنەوە و ململانێیەكی تەسكی حیزبیانەیە.
ئەگەر نا هەموومان ئاگاداری ئەوەین كە زۆربەی سەركردە و سیاسییەكانی دوێنێی حیزبەكانی ئێستا، لە ڕێزی ئەو شۆڕشە دابوونە. شۆڕشی ئەیلول، یەكێكە لە مەزنترین و درێژترین شۆڕشەكانی كورد، كە مۆركێكی نەتەوەییانە و كوردستانیانەی هەیە و گشت چین و توێژەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكان، لە ژێر چەتری سەركردایەتی شۆڕش بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، خەباتیان كرد و دەیان داستانی مێژوویی قارەمانانەیان لە دژی داگیركەران تۆماركرد، كە ئێستاش وەك مێژوویێكی درەوشاوە و نەمر لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد ماوەتەوە. ئەم شۆڕشە، لە ڕووی چەمكی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە، مانا ئاساییەكانی هەر شۆڕشێك تێدەپەڕێنێت و مۆركێكی گەورەتر لە شۆڕش وەردەگرێت، چونكە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەو شۆڕشە بە چەكێكی ئاسایی، بەڵام بە ئیرادە و ورەیەكی پۆڵایین و خۆڕاگرەوە، توانیان بەرەنگاریی حكومەتێكی خاوەن دەیان هەزار سەرباز و كەرستەی هەرە پێشكەوتوویی سەربازی بكەن و سەریشبكەون، كە ئاكامەكەی لە ڕێكەوتنامەی ئادار هاتە دی. بۆیە شۆڕشی ئەیلول، بۆ هەمیشە بە نەمری و شكۆمەندی لە یادەوەریی نەتەوەیی ئێمە دەمێنێتەوە.