خەبات: عامر فەرحان:- پاراستنی بنەمای خێزان و دابینکردنی سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا هەمیشە یەکێک بووە لە بابەتە هەرە گرنگەکان. لە پارێزگای هەڵەبجەشدا دیاردەی کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەگیری بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، هۆکارە بۆ دروستبوونی مەترسی لەسەر پێکهێنانی خێزان. لەم پارێزگایەدا، زۆرترین پرۆسەی پێکهێنانی خێزان لە نێو گەنجاندا لە قۆناغی گەنجیی سەرەتاییدا تۆمار دەکرێت؛ بە جۆرێک لە ڕەگەزی نێردا لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵی و لە ڕەگەزی مێشدا لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵیدا دەبینرێت.

بەهار حەمەکریم، چارەسەرکاری دەروونی، لە لێدوانێکدا تایبەت بە خەباتی ڕاگەیاند: بەشێوەیەکی گشتی، قەیرانە ئابوورییەکان و بێکاری ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبینن لە دواخستنی پرۆسەی هاوسەگیری لە لایەن گەنجانەوە. نەبوونی هەلی کار، گرانبوونی بژێوی ژیان و قورسیی پێداویستییەکانی خێزان، ڕێگرێکی گەورەن لەبەردەم گەنجاندا بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان.

هەروەها لاوازیی هۆشیاریی هاوسەگیری، دەستێوەردانی کەسانی دەوروبەر، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەگونجاندن لە ڕووی دەروونییەوە، لە دیارترین ئەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لەبەردەم پێکهێنانی خێزاندا یان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی خێزانی و تێکچونی شیرازەی خێزان. سەبارەت بە ڕەهەندەکانی تەڵاق و ڕێژەی جیابوونەوە، بەهار حەمەکریم ئەوەی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: ڕێژەی تەڵاقی دەرەکی (لە دەرەوەی دادگا) لە هەڵەبجەدا جێگیر نەبووە و هەندێک جار بەهۆی قەیرانەکانەوە بەرز دەبێتەوە. کێشە خێزانییەکان، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارە ئابوورییەکان و لاوازیی لایەنی ڕۆشنبیری، لە دیارترین هۆکارەکانی ئەم دیاردە نەرێنییەن کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە. ئەو دەشڵێت: لە پارێزگای هەڵەبجەدا، کەمتەمەنی و هاوسەگیری لە تەمەنی مێردمنداڵیدا وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی خێزان دەستنیشان دەکرێت، چونکە نەبوونی تێگەیشتنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گوشاری خێزانی و کۆمەڵایەتی، و نەبوونی ئامادەیی جەستەیی و دەروونی بۆ ژیانی هاوسەگیری و بەخێوکردنی منداڵ، قەیرانەکە زیاتر قوڵ دەکەنەوە و دەبنە هۆی جیابوونەوەی خێرای هاوسەرەکان لە یەکتر. سەبارەت بە ڕۆڵی نووسینگەکانی ڕاوێژکاری و ڕێگەچارەکان بۆ پاراستنی خێزان لە پارێزگای هەڵەبجە، بەهار حەمەکریم باسی ڕۆڵی تۆکمەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی کرد لە دادگاکاندا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تەڵاق و گوتی: توێژەرانی کۆمەڵایەتی هەوڵی دروستکردنی گفتوگۆیەکی ئارام لە نێوان هاوسەراندا دەدەن، بڕیاری خێرا کەم دەکەنەوە و سەرچاوەی کێشەکان (وەک کێشەی دارایی یان دەستوەردانی دەرەکی) دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شارەزایی خۆیانەوە لێکتێگەیشتن و نزیککردنەوە دروست بکەن.

چەندان کەیسیش هەبووە کە دوای دەستێوەردانی توێژەرانی کۆمەڵایەتی، توانراوە گرفتەکان چارەسەر بکرێن و چەندین خێزان لە تەڵاق و جیابوونەوە پارێزراون. لە کۆتاییدا، ئەو چارەسەرکارە دەروونییە جەختی لەسەر چەند هەنگاوێک کردەوە بۆ پاراستنی خێزان و گوتی: دابینکردنی خولی هۆشیاریی پێش هاوسەگیری بۆ گەنجان سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لە کاتی بوونی هەر قەیرانێک، هەروەها پشتگیریی دارایی و دەروونیی حکوومەت لە ڕێگەی پێدانی سۆلفەی هاوسەگیرییەوە بە گەنجان، کارێکی زۆر گرنگە. هاوکات پێشکەشکردنی بەردەوامی ڕاوێژکاریی دەروونیی بێبەرامبەر بۆ هاوسەرە تازەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، گرنگترین ڕێگەچارەن بۆ پاراستنی دامەزراوەی خێزان.