خه‌بات: سه‌رهه‌نگ نه‌جمه‌دین:- پاش ده‌ستبه‌كاربوونی ڕاهێنه‌ر لوئه‌ی سه‌ڵاح بۆ ئه‌ركی ڕاهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر، هاندەرانی یانەی هەولێر چاوەڕوانی بینینی تیپێكی بەهێز و ڕكابه‌ر دەکەن، ئەنجامەکانی دوایی تیپه‌کە پرسیارێکی جدییان لەبارەی ئامادەکاری، پلاندانان و شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکە دروست کردووە، سەرەڕای خەرجکردنی پارەی بەرچاو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی ناوخۆیی و بیانی، هەولێر هێشتا نەیتوانیوە ئەو ئاستەی کە هاندەران چاوەڕوانی دەکەن پێشكه‌ش بكات. ئەم دۆخە تەنها کێشەیەکی پەیوەندیدار بە ئەنجامی چەند یارییەک نییە، بەڵکوو پرسیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای دروستکردنی تیپێك کە بتوانێت لە ئاستی پێشبڕکێکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت.
بەپێی ئامارەكان، هەولێر لە کۆتا شه‌ش یارییدا تەنها چوار خاڵی 5 خاڵی بەدەستهێناوە، بە تۆمارکردنی سێ شکست، دوو یەکسانبوون و تەنها یەک بردنەوە، ئەم ئەنجامانە بوونەتە هۆی زیادبوونی ڕەخنەکان لە ئاستی گشتی تیپ و توانای ده‌سته‌ی ستافی ڕاهێنه‌ران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كه خەرجییەکانی یانەکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی نوێی ناوخۆیی و بیانییە به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر پاره خه‌رج كراوه، بەڵام ئەنجامەکانی یارییەکان تا ئێستا ئەوەیان نیشان نەداوە کە ئەم خەرجییانە بووبێتنە هۆی دروستکردنی تیپێكی هاوسەنگ و خاوەن توانای کێبڕکێکردن، به‌تایبه‌تی لە نێو خاڵەکانی لاوازیی تیپه‌کەدا، کێشەی هێڵی بەرگری، هەڵە تاکەکەسییەکان و نەبوونی کاریگەریی پێویست لە هێڵی هێرشدا زیاتر بەرچاو دەکەون.
له‌م كاته‌دا یانەکە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جدی لە سیاسەتی گرێبەستکردن و پلانی درێژخایەنی هەیە، چونکە تەنها خەرجکردنی پارە ناتوانێت دڵنیایی لە سەرکەوتنی تیپێک دروست بکات، بەڵکوو پێویستی بە هاوئاهەنگیی نێوان کارگێڕی، کادری ڕاهێنان و یاریزانان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەستەی کارگێڕیی یانەکە بە شێوەیەکی ڕوون هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای تیپه‌كه بکات و هەنگاوی کرداری بۆ چاککردنی ئاستی یاری و گەڕاندنەوەی متمانەی هاندەران بنێت.