ئازادیی بیروڕا لە کوردستان؛ لە نێوان دەستکەوت و پێویستیی چاکسازییدا

7

كاروان محه‌مه‌د سینو

ئازادیی بیروڕا و ڕۆژنامەگەری، بە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی پڕۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. مامەڵەکردن لەگەڵ پێوەر و هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێویستی بە تێڕوانینێکی بابەتییانە هەیە کە هاوسەنگی لە نێوان دانپێدانان بە کەموکوڕییەکان و خستنەڕووی هەنگاوە چاکسازییەکاندا ڕابگرێت. چەمکی دیموکراسی پڕۆسەیەکی بەردەوام و ئاڵۆزە و پێویستی بە کات و ڕێکارە دامەزراوەییەکان هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی ڕەنگ بداتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا، فرەیی سیاسی و چالاکیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناو پەرلەمان و دەرەوەیدا، نیشانەی زیندوویەتی پڕۆسەی دیموکراسییە، لەکاتێکدا کە ڕووداوە تاکەکەسییەکان نەکرێنە پێوەر بۆ گشتاندن بەسەر تەواوی واقیعە سیاسییەکدا. لە لایەکی ترەوە، ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە کوردستاندا پاڵپشت بە یاسای تایبەت ڕێکخراوە، بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای نوێکردنەوەی یاسایی دەکات تاوەکو لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵیدا بگونجێت.

یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکان ئەوەیە کە بڕیار لەسەر دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژنامەنووسان لە دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەریدایە، و هەر ڕێکارێکی دەستبەسەرکردن یان داخرانی دەزگاکان دەبێت تەنها لە ڕێگەی فەرمانی دادگاوە بێت، نەوەک بڕیاری سیاسی یاخود گوشاری گومانداری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای بەناو مەدەنی و ئەو ڕێکخراوانەی ئیدیعای مافەکانی مڕۆڤ دەکەن. سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی، لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی بەرچاو نراون؛ لەوانە جێبەجێکردنی ڕێژەیەکی بەرز لە پێشنیازە نێودەوڵەتییەکان کە دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە. هەروەها بەشداریی بەربڵاوی ژنان لە دەسەڵاتی دادوەریدا، کە دەگاتە نزیکەی سێیەکی کۆی کارمەندانی ئەو کەرتە، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا. لە کۆتاییدا، بوونی سەدان کەناڵی ڕاگەیاندن و هەزاران ڕۆژنامەنووسی چالاک، ڕووبەرێکی فراوانی ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا دەسەلمێنێت. بەڵام بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە، بەردەوامبوون لە چاکسازیی یاسایی و دامەزراوەیی و پەرەپێدانی ڕێکارەیییەکان بە پێویستییەکی حەتمی دەمێنێتەوە.