مەلا هەندرێن
لەیادی یەك ساڵەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پێم باش بوو هەڵسەنگاندنێكی خێرای سیاسەتی كاڵفامی گروپێكی نێو حزبێكی سیاسی بكەم و بزانین ئایندەی كوردستان لەسایەی ئەم گروپە بەرەو كوێ ئاراستە دەكرێت، بالەوەدەست پێ بكەین كە ئەم گروپە رێك یەك ساڵ لەمەوبەر ، واتا لە 2017/10/16بێ گوێدانە هیچ بنەماو پێوەرێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و بێ رەچاوكردنی دەیان ساڵەی خەبات و تێكۆشانی كوردو خوێنی سەدان هەزاران شەهید و قوربانیەكانی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانبوونی هەزاران لادێی كوردستان، زۆر بێ شەرمانە كەركوك و نیوەی خاكی كوردستانیان رادەستی حەشدی شەعبی و هێزی دوژمنان كردەوە. ئەم گروپە كاڵفامە پاش ئەوەی گەیشتۆتە ئەو باوەرەی رۆژ دوای رۆژ پێگەی سیاسی و كۆمەلایەتی و جەماوەرییان كز و لاوازتر دەبێت و لەبەرامبەریش پێگەی پارتی بەخێرایی بەرەو لوتكە هەڵدەكشێت، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانیش كێرڤی دەنگەكانیان بۆ خوار نیوەی دەنگەكانی پارتی دابەزیوەو دەزانن ئیدی خەڵكی كوردستان روو لە پارتی و پشت لەوانە. ئینجا ئەم گروپە رایگەیاند كە ئەوان هیچ حیساب بۆ دەنگی خەڵك و ئەنجامی هەلبژاردن ناكەن، هەروەها گوتیان ئەگەر حزبەكەمان یەك كورسی پەرلەمانیش بێنێت، ئەوە هیچ كەس ناتوانێت دەسەڵاتمان لێ بسەنێت و ئەوان هەر خاوەنی نیوەی دەسەڵاتی كوردستانن، هەر لەسەر ئەم بنەمایە بۆ ئەوەی پارتی و بارزانی لەناوبەرن، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرییان كرد.
لە2 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵیش بێ گوێدانە مافگەلی هەڵبژردن و بردنەوەی پارتی، ئەوان چوونە ژێر باڵی دوژمنان و بە خۆچەماندن و كۆیلەبوون پۆستێكیان لە بەغدا بەپاداشت وەرگرت، بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی تریش لەبەغدا بەنیازن زیاتر خۆیان بچەمینن و خزمەتی خۆیان هەڕاج بە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق و دۆستەكانیان بكەن، ئەوە خەریكن لە پارێزگاری كەركوكیش بەپاڵپشتی ئاغاكانیان وەكو پاداشتی 16ی ئۆكتۆبەر پۆستێك وەربگرنەوە، گروپەكەی 16ی ئۆكتۆبەر لەكەركوك دەلێن پارتی بۆی نییە باسی پۆستی پارێزگای كەركوك بكات، چونكو گوایە ئەوان لەهەڵبژاردن براوەی یەكەمن و خاوەنی زۆرینەن.
بەراستی سەیرە، ئەمە سیاسەتی خۆچەماندن و نۆكەری و كاڵفامییە، یان سایسەتی پۆست مۆدێرن و سۆسیال – دیمۆكراتەكەی ئەوروپایە، لە كەركوك ئەوان زۆرینەن و دەبێت پۆستی یەكەم بۆ ئەوان بێت و كەس بۆی نییە باسی بكات، لەبەغداش پارتی زۆرینەیە و نابێت هیچی هەبێت و هەر دەبێت پۆستی باڵا هەر بۆ ئەوان بێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی 46 كورسی هێناوە و حزبەكەی ئەوان كورسی زۆر كەم هێناوە، بەڵام ئەم گروپە دەلێن نابێت لە دەسەڵات كورسی پەرلەمان پێوەر بێت، بگرە دەبێت هێزی سەربازی پێوەر بێت و هەردەبێت لەگەل پارتی نیوە بە نیوە بین لەدەسەڵات، واتا سەرەرای ئاستی نزم و سەنگی گەمی خۆیان، هەر دەبێت ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوە جێبەجێ بكرێت، ئەگەرنا ئەوان ئامادەن بۆ هەموو خیانەتێك و جاشایەتی و خۆفرۆشیەك، بەلێ ئەمە سیاسەتی ئەمڕۆی كروپەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، كە كوردستانیان خستۆتە لێواری مەزادێكی دیكەی سیاسی و بەپێی زانیاریی و لێكدانەوەكانیش بێت، هەرئێستا ئەو گروپە خەریكی سیناریۆی خیانەتێكی ترە كە هیچی لە خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر كەمتر نییە، نۆكەری و خزمەتی خۆیان لە عێراقدا، نەك هەر بۆ عێراق بەڵكو بۆ هەر لایەنێكی ئەقلیمی هەڕاج كردووە، گرنگ نییە لە لای ئەم گرووپە كە نۆكەری و كۆیلاتی و خزمەتكاری ئەوان چی بەدوادا دێت، بەڵكۆ ئەوەی لای ئەم گروپە گرنگە بەرژەوەندی بەرتەسكی كەسی خۆیان پارێزراو بێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی سەروەری كوردستانیش بێت، بۆیە لە سایەی سەری كاڵفامی ئەم گروپەی 16ی ئۆكتۆبەر، مەترسی ئەوە دەكرێ كە كوردستان بخەنە نێو هەڕاجخانەی سیاسی خۆیان و چەندین نەهامەتی دیكە رووبەڕووی خەڵكی كوردستان بكەنەوە.










