خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین
لەشاری بەغدا خولێكی راهێنان بۆ سەرجەم راهێنەرانی تۆپی باسكەی عێراق ئەنجام درا، لەخولەكەدا راهێنەرێكی كوردی شاری سلێمانی بەشداری تێدا كردبوو كە توانی سەركەوتووانە ببێتە خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی راهێنان لەیاری تۆپی باسكەدا، بەبەشداری 42 راهێنەری تۆپی باسكە لەسەر ئاستی هەموو شارەكانی عێراق، رزگار تۆفیق ڕاهێنەری هەڵبژاردەی باسكەی كچانی عێراق لەسەر پشكی هەڵبژاردەی عێراق بەشداریكرد، لەخولەكەدا رزگار توفیق توانی ببێتە خاوەنی بڕوانامەی سی ، ئەم بروانامەیەش لەنێو راهێنەرانی عێراق زۆر بەكەمی دەبیندرێت، جا بۆئەم مەبەستە لەلێدوانێكی تایبەتدا راهێنەر رزگار توفیق بۆ رۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: بەسەرپەرشتی وانەبێژ و راهێنەری نێو دەوڵەتی تۆپی باسكە بەڕەگەز سڕبی زۆران كەوانەبێژێكی زۆر بەتواناو ئاست بەرز و سەركەوتووە لەم بوارەدا، بەباشمزانی بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی سی بەشداریم لەخولی راهێنانی تۆپی باسكە بكەم و كەتیایدا خۆشبەختانە توانیم بەسەركەوتوویی بڕوانامەی سی بەدەست بهێنم و ببمە خاوەنی ئەو بڕوانامە گەورەیە.
ئەو راهێنەرە لەدرێژەی قسەكانیدا لەبارەی بەشداریكردن وسوود وەگڕتنی لەخولەكەدا گوتی: ئەو وانانەی كەلەخولەكەدا فێربووم زۆر سوودم لێوەرگڕت، بێگومان بیرو ڕای منی لەبارەی راهێنەرانەوە گۆرێ بەجۆرێك بەپێویستی دەزانم ئەو وانانەی كەلەكاتی مەشق و راهێنان بەهەر تیپ ویانەیەك وپەیمانگاكان بدرەوشێ و رەنگبداتەوە.
جێی ئاماژەبۆ كردنە هەر راهێنەرێك لەكاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی سی ئەو كات دەتوانی لەناوەوەو دەرەوەی وڵات كاری راهێنەرایەتی بكات، بۆیە راهێنەر رزگار توفیق ئێستا خاوەنی ئەو بروانامەیە و ناوبراو لەتوانایدا هەیە لەهەموو شوێنێك كاری راهێنەرایەتی بكات چونكە خاوەن بڕوانامەیەكی گەورەیە لەیاری تۆپی باسكەدا كەهەمیشە زۆر كەس ناتوانی بەئاسانی بگاتە ئەو بڕوانامەیە.










