خەبات: چیادۆست ڕەسوڵ:- لە ژێر دروشمی (هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە، ژیانەوەی سرووشتی نیشتیمانە)، بە بۆنەی ساڵڕۆژی جیهانی وەرزشی شاخەوانی، هەریەک لە گرووپەکانی شاخەوانی و ژینگەپارێزی و کەلەپووری لە قەڵادزێ، هەڵسان بە سازدانی چالاکییەکی ژینگەیی و شاخەوانی بۆ چیاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ و هەردوو لووتکە چیای (کەلەگا) لە زنجیرە شاخی مامەندەی ڕۆژهەڵاتی چیای قەندیل و لووتکه چیای (هەرمێن) سەر بە هەمان زنجیرە شاخی چیای مامەندەی ڕۆژهەڵاتی چیای قەندیلیان بەسەر کردەوە.

کە تێیدا هەریەک له گرووپەکانی شاخەوانیی (قەڵادزێ) و گرووپی شاخەوانیی (کوڕیس) و گرووپی شاخەوانیی (قەندیل)و ڕێکخراوی ژینگەو ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و ماڵی کەلەپووری و ڕۆشنبیری قەڵادزێ تێیدا بە شدار بوون، بەشداربووانی چالاکییەکە سەرەتا پێش دەستپێکی کارەکانیان لە کۆبوونەوەیەکی کراوەدا گرنگیی و بایەخی سرووشت و چۆنێتی و چەندێتی چاندنی تۆوی (باوی و قەزوان و بەڕوو)، هەروەها ڕێنماییەکانی ژینگەپارێزی و پاراستنی ئاژەڵی کێوی و هۆشیاری و ڕێنمایی ژینگەیی بۆ چالاکوانان بووە تەوەری دەستپێکی چالاکیەکانیان، دواتر بە پێ ڕۆیشتن بەرەو لووتکە چیای شاخی (کەلەگا) لەوێش دەستیان کرد بە چاندانی سەدان دنک لە (بەڕوو، بادەم، قەزوان)، دواتر بەرەو شاخی (هەرمێن) ڕۆیشتن و له وێش چەندین جۆر لە ڕووەک و داری سرووشتی کێویان چاند، هاوکات بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژی جیهانی شاخەوانی بڕیاریاندا هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا و لە ( 11 )ـی دیسەمبەری هەموو ساڵێک کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی شاخ، بەردەوام بن لە کارو چالاکییە ژینگەیی و وەرزشییەکانیان و هەڵمەتی هۆشیاری و ڕێنمایی لە ناوەندەکانی خوێندن و نێو بازارو شوێنە گشتییەکان بڵاو بکرێتەوە.

خــەبــات پەیوەندی کرد عەلی قادر حەسەن، ڕێکخەری چالاکییەکەو لە هەمان کاتیشدا بەرپرسی (ماڵی کەلەپووری و ڕۆشنبیری قەڵادزێ )یە، ناوبراو بە ڕۆژنامەکەمانی ڕاگەیاند: گرووپەکانمان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان و لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆڵی خانمان لەبەرچاو گیراوەو ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووەو لە داهاتووشدا ڕۆڵ و گرنگییەکی بەرچاوی زیاتریان دەبێت لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی و تێکەڵ بە کاری ژینگەپارێزی و شاخەوانی، ئەمڕۆش سێ گرووپی شاخەوانی و ژینگەیی و کەلەپووری بەشدار بوون لە چالاکیەکەداو نیازمان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا کارو چالاکیەکانمان فراوانتر و گەورەتر بکەین و بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپ و دەستەو ناوەندەکانی دیکەی کوردستان کارو چالاکییەکانمان بۆ شارەکانی دیکەی هەرێم و شاخ و چیا جوانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش درێژە پێ بدەین.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا عەلی قادر حەسەن لێپرسراوی ماڵی کەلەپووری و ڕۆشنبیری قەڵادزێ پێیگوتین» ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی هەموانە ساڵ دوای ساڵ گروپ و دەستەو ناوەندە ڕۆشنبیریەکان ڕوو له زیادبوونەو خەڵکیش بە گشتی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری ژینگەیی و هەستکردن بە پاراستنی سروشتیان زیاتر بووەو ئومێدەوارم هەمومان وەکوو یەک دوور لە هەمو ڕەنگ و جیاوازیەک، نیشتمان و وڵاتی خۆمان خۆشبووێت و هەوڵبدەین هەر ئەم خۆشەویستیە لە نێو دڵی پیر و گەنج و نەوجەوانان و تەنانەت منداڵانیشدا بچێنین، بۆ ئەوەی ئێمەش هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو خاوەنی نیشتمان و سروشتێکی ڕەنگین بین، چونکە هەر ئەو خاکە ڕەنگینەبوو، کە باب و باپیرانی ئێمەی پاراست و ئەمڕۆش بە میرات و ئەسپاردەیەکی خوداییە کە ئێمە لەسەرمان ئەرکە لە هەمو ڕوویەکەوە بیپارێزین.

دواتر مامۆستا ئاسۆ دارا مامۆستا و چالاکوانی ژینگەیی و ئەندامی گروپی شاخەوانی قەندیل بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە بەشداریمان لەو چالاکییەدا کردووەو ئەوەی زیاتر جێگەی خۆشحاڵییە ئامادەبوونی خانمانە هاوشانی ئێمە، چونکە ئافرەتان ناکرێت ڕۆڵیان نەبێت لە جوانکردن و ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانێک کە بە خوێنی ئێمەو ئەوان ماوەتەوە. لە کۆتاییدا هیوای خواست بە هەموومان جوانی و پیرۆزی وڵات بپارێزین و وەک خۆمان و بەڵکو زیاتریش خۆشمانبووێت.