خەبات: محەمەد سەعید کوردە:- چالاک یوسف، لە دایکبووی ساڵی 1982 گوندی سێبیرانی ئاغا شەمامکی هەولێرە و لە نێوەندی کەلەپوور و ڕاگەیاندنەوە بە (چالاک کەلەپوور) ناسراوە، بۆیە لە دەرفەتێکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات لێمان پرسی چ پێناسەیەکتان بۆ کولتوور و ڕەسەنایەتی هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: بیست ساڵە خەریکی کۆکردنەوەی کەلەپووری باب و باپیرانم، کەلەپوور شتێکە باب و باپیرانمان بەکاریان هێناوە کە دەکەوتە بەرچاوم چێژ و خۆشەویستی ژیانی پێشوترم بۆ درورست دەبوو بە خەیاڵ دەمگوت چەند بەسادەیی و بێ ژاوە ژاو ژیاون، هەمیشە دەڵێم هەر گەلێک بێ کەلەپوور بوو بوونی نییە.

*چۆن بیرتان لەوە کردەوە کە tv یەک و پەیجێک بۆ کەلەپوور و کولتوور و ڕەسەنایەتی دابنێن؟
– پازدە ساڵە لەبواری ڕاگەیاندن بە خۆبەخشی کار دەکەم، تەنیا لەبەر ئەوەی خۆشەوستیم هەبووە لە بوارەکەدا، سەرەتا ساڵێک لە تیڤی منارە کارم کرد، دواتریش پێنج ساڵ لە تیڤی ڕەسەن و نیشتمانی من، هەروەها دامەزرێنەری کەناڵی ئایستار فۆلکلۆرم بووم، هەمیش بەرێبەربووم، بەڵام دواتر دوای ئەوەنده ساڵە ئەزموونێکی باشم وەرگرت بیرم لەوە کردەوە بۆ خۆم کەناڵێک دابمەزرێنم، چونکە خزمەتی زۆر کەسم کرد لەجیاتی سوپاس و دەستخۆشی بێ ڕێزییان پێکردم، ئێستاش خۆم خاوەنی کەناڵی کەلەپوورم و پەیچەکەشم کە خزمەت بە کولتوور کەلەپووری باب و باپیرنمان دەکات بەردەوامم.

*بەرنامەی کارەکانتان چۆنە؟
– بەرنامەکان بێ جیاوازی لەهەموو شوێنەکانی کوردستان بە هەموو زارەوەکان پێشکەش دەکەین، کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەت بەخەڵکی ڕەسەنی خۆمان بکەین.

*خەڵک چۆن پێشوازی لە کولتوور و ڕەسەنایەتی دەکات؟
– بەراستی ئەگەر ئەو پێشوازییە گەرمەی خەڵک نەبووایە، ئێمە نەمان دەتوانی بەردەوام بین، بەڕاستی کاتێک دەچینە ناو خەڵک ئەو کات هەست دەکەین چەندە خەڵکمان دڵخۆش کردووە، بەڵێنیش بەخەڵکی خۆمان دەدەین تا هێزو تاقەت و توانامان هەبێت بەردەوام دەبین لەخزمەتیان.