خەبات: حەمید سورچی:- بەڕێوەبەری کارگەی قوتوبەندی هەریر، لەوەڵامی چەندپرسیارێکی «خەبات» دا تیشک دەخاتە سەر دامەزراندنی کارگەکەو، ئاستی بەرهەمهێنان و، ئامادەکاری ساڵانەیان بۆ وەرگرتنی تەماتە، هەروەها پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی و هەناردەکردنی دۆشاوی تەماتەی کارگەی هەریر بۆ دەرەوەی وڵات، ئەم پرسانە و چەند پسگەلێکی تر تاوتوێ دەکات.

لە دەسپێکی دیدارەکەدا شوان حەمید باتاسی بەڕێوەبەری کارگەی قوتوبەندی هەریر لەبارەی دامەزراندنی کارگەکە بۆ خەبات گوتی: کارگەی قوتوبەندی هەریر لەسەر بڕیارو راسپاردەی ڕێزدار سەرۆکی حکومەت لە ساڵی 2020 دوای ئەوەی جوتیارانی بەڕێز کێشەی ساغ کردنەوەی بەرهەمی ساڵانەیان هەبوو لە تەماتە، جەنابیان بریاریدا کارگەی هەریر دەستبەکار بێت و پالپشتی جوتیاران بکات، لە نەمانی کێشەی ساغ کردنەوەی تەماتە لەو رۆژەوە تاکو ئەورۆ خۆشبەختانە برا جوتیارەکان ئەو کێشەیان نەماو، لەسەدا حەفتای بەرهەمەکانیان لە کارگەی هەریر ساغ دەکرێتەوە.

سەبارەت بە ئامادەکاری ساڵانەیان بۆ وەرگرتنی تەماتە لە وەرزی پێگەییشتنی تەماتە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئایا دەتوانن تەنها پشت بەبەرهەمی تەماتەی ناوخۆ ببەستن یان لە دەرەوەش هاوردەی دەکەن ؟، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی :- ساڵانە هەر وەک ئاماژەم پێدا تەماتەی جوتیارانی عێراق و کوردستان وەردەگرین بێ جیاوازی، بەڵام وەرزی بەرهەمی تەماتە لە عیراق بەگشتی سێ مانگ تێپەر ناکا، دوایی لەرووی نرخ و جۆرەوە گۆرانکاری بەسەر دێت بۆیە پشت بەستن بە تەماتەی خۆماڵی بە درێژایی ساڵ ئەستەمە، کارگەکەمان بە پلان کار دەکات بۆ نموونە لە وەرزەی تەماتەدا زۆرترین بەرهەمی تەماتە وەردەگرین و لە ڕێگای ئامێری پێشکەوتوو گوشینی بۆ دەکرێ بە خەستەیەکی بەرز دەکرێتە دۆشاو دوای نەمانی تەماتە سوود لەو بڕە زۆرە وەردەگرین دووبارە لە رێگای ئامێرەکان دەکرێتە دۆشاوێکی خەستی نزم کە بۆ خواردن دەشێت، زۆربەی وەرزیش لە تەماتەی وڵاتانی دەورووبەر بەتایبەتی ئێران سوود وەردەگرین.

هەروەها لەبارەی ئەوەی ڕۆژانە پێویستیتان بەچەند تەن تەماتە هەیە و چەند تەن دۆشاوی تەماتە بەرهەم دێنن لەیەک ڕۆژدا؟ بەڕێوەبەری کارگەی قوتوبەندی هەریر لە وەڵامدا گوتی:- کارگەکەمان رۆژانە بڕی 150 تۆن تەماتە وەردەگرێت ئەگەر لەباشترین ئاست و بێ کێشەی تەکنیکی کار بکات، ئەو بڕە تەماتە نزیکەی 20 تۆن دۆشاوی تەماتە بەرهەمدێنێت، بەداخەوە لەرووی ئابووریەوە تەماتەی کوردستان و عیراق بەزۆری بۆ دۆشاوی تەماتە گونجاو نیە، چونکە بۆ یەک کیلۆ دۆشاوی تەماتە حەوت کیلۆ تەماتە پێویستە، بەڵام تەماتەی وڵاتی ئێران لە پێنج کیلۆ تێپەر ناکات بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ دۆشاو، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە وڵاتان تەماتەی پێشەسازی بەرهەمدێنن کە بەداخەوە لە کوردستاندا برا جوتیاران هێشتا ئامادە نین ئەو جۆرە تەماتەیە بەرهەم بێنن.

هەروەها لەبارەی ئەوەی لەم دەڤەرەدا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانتان هەلی کار بۆ جەند کەس رەخساوە بۆ کارکردن؟ لە وڵامی ئەم پرسیارەشدا گوتی:- ئێستا تەنها بۆ هێلی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە هەلی کاری راستەوخۆ بۆ زیاتر لە 40 کەس ڕەخساوە وە ناراستەوخۆش زیاتر لە 2000 تا 3000 کەس سودمەندن و هەلی کاریان بۆ رەخساوە بە نموونە برا جوتیارەکان و ئەوانەی لە کێلگەکان خەریکی کارن و چەندین هۆکاری گواستنەوە گەیاندن تەنانەت لەناو شارۆچکەی هەریر سودمەند بونیان هەیە. لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی ئایا بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی کارگەی قوتوبەندی هەریر پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، هەروەها بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەنێردرێت؟ بۆ ئەمەش گوتی:- بۆ پڕکردنەوەی پێویستی کوردستان بەڵێ لە ئێستادا کارگە هەناردەی دەرەوەی کوردستانیش دەکات، بەخۆشحالیەوە یەکەم کارگەین لە کوردستاندا کە بەرهەمی وڵاتمان گەیاندوەتە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و ولاتانی عەرەبی، سەرفرازین کە made in kurdstan لەسەر دەستی ئێمە گەیانرایە دوورترین و مەزنترین وڵاتی دونیا، سەبارەت بەوەی جگە لە بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە چیتر بەرهەم دێنن؟، لە وەڵامدا گوتی:ــ لەپلانی کارگەماندایە لە ساڵی تازە بە پشتیوانی خودا و حکوومەتی هەرێم، چەندین بەرهەمی دیکە بەرهەم بێنین کە هەمووی لە بەروبوومی جوتیاران دەبێت.

لەوەڵامی دواپرسیاریشدا لە بارەی ئەوەی ئایا خواست لەسەر بەرهەمەکەتان لە بازاڕدا لە چ ئاستێکدایە؟، شوان حەمید باتاسی بەڕێوەبەری کارگەی قوتوبەندی هەریر گوتی:- بەدڵنیاییەوە خواستی زۆری لەسەرە چونکە تاکە بەرهەمە سەدا سەد سروشتییە لەبازاڕی عێراق و کوردستاندا، بەڵام بەداخەوە لەبەر بوونی بەرهەمی هاوشێوە بەڵام کوالیتی خراب و بەنرخی هەرزان وەکوو پێویست بازاڕمان نیە، بۆیە هەر لەڕێگای ڕۆژنامەی خەباتی ئازیزەوە دووبارە داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکەین بە تایبەتی داوا لە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت دەکەین بە یاسا رێگری لە بەرهەمە هاوشێوەکان بگیرێت، ئەو داوایەمان تەنها بۆ خۆمان نیە وەکو کارگەی هەریر بەڵکوو بۆ هەموو ئەو بەرهەمانەیە کە لە وڵاتی خۆمان بەرهەمدێن، بۆ ئەوەی بتوانین لەداهاتوودا بەدەیان کارگەی دیکەی جۆرا جۆر بکەینەوە و ئابووری وڵات بەرەو پێش ببەین. هەر بۆ زانیاری بەڕێزتان کارگەی هەریر خاوەنی بروانامەی FDA لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە بە گەورەترین بڕوانامەی بەرهەمهێنای خۆراکی هەژمار دەکرێت، وە تەنها هەڵگری ئەو بروانامەیە دەتوانێت بەرهەمەکانی هەناردەی ئەمریکا بکات بێ ئەو بروانامەیە هیچ بەروبوومی خۆراکی ناچێتە ناو ئەمریکا.