دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ویلایەتی فلۆریدا سکاڵایەکی یاسایی لە دژی تۆڕی میدیایی (BBC) تۆمارکرد و داوای قەرەبوویەکی دارایی دەکات کە بڕەکەی لە 10 ملیار دۆلار کەمتر نەبێت.

 بەپێی ناوەڕۆکی سکاڵاکە، ترەمپ داوای ٥ ملیار دۆلار وەک قەرەبووی ناوزڕاندن و پێنج ملیار دۆلاری دیکەش بەهۆی “پێشێلکردنی یاساکانی بازرگانی و هەڵخەڵەتاندن” دەکات، ئەمەش بەهۆی بەرنامەیەکی بەڵگەنامەیی لە زنجیرەی “پانۆراما” کە پێش هەڵبژاردنەکانی 2024 پەخشکرا.

لەم دۆسیەیەدا، بی بی سی تۆمەتبار کراوە بەوەی دەستکاریی وتارێکی ترەمپی کردووە و مۆنتاژەکەی بە جۆرێک بووە وا دەربکەوێت ناوبراو هانی “توندوتیژی” داوە پێش هێرشەکەی 6ی کانونی دووەمی2021 بۆ سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ. تیمی پارێزەرانی ترەمپ جەخت لەوە دەکەنەوە کە میدیاکە بە “نێتی خراپ” و بە مەبەستی لەکەدارکردنی ناوبانگی سەرۆک و خزمەتکردن بە ئەجێندای سیاسیی چەپەکان ئەم کارەی کردووە. هەرچەندە بی بی سی پێشتر دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و سەرۆکی تۆڕەکە نامەیەکی فەرمی بۆ داوای لێبوردن ئاراستەی کۆشکی سپی کردووە، بەڵام ترەمپ سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێکارە یاساییەکان.