مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات پێشخستنی ژێرخانی ئابوورییان تاوتوێ کرد و وەزیری وزەی ئیمارات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025، لە چوارچێوەی بەشداری لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات پێشخستنی ژێرخانی ئابوورییان تاوتوێ کرد.

لەو دیدارەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولا لە بواری وزە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری وزە و باشترکردنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2026 خستەڕوو.

لەلایەن خۆیەوە سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، ئامادەیی تەواویی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە و کارەبادا.