
خەبات: ئاشنا جاف:- كە دادوەر دكتۆر نەواف سەلام، سەرۆكی دادگای دادی نێودەوڵەتی، زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی لە ڕاوێژكردنەكانی پەرلەمان بۆ دانانی سەرۆكوەزیران بەدەستهێنا، شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە دوای چوار ڕۆژ لە هەڵبژاردنی، جۆزێف عەون، وەك سەرۆكی كۆمار بوو، كە هەڵبژاردنەكەی كەشێكی نوێی لە وڵاتدا داهێنا، دوای ئەوەی وڵاتانی جیهان هەر زوو ڕایانگەیاند، پشتیوانی لێ دەكەن و ئامادەن هاوكاریی بكەن، بۆ ئەوەی ماوەی دەسەڵاتەكەی سەركەوتوو بێت. پاشان عەون، ئەركی پێكهێنانی یەكەم حكوومەتی سەردەمی خۆی بە سەلام ڕاسپارد، دوای ئەوەی ناوبراو، لە كۆی 126 پەرلەمانتاردا، دەنگی 85یانی بەدەستهێنا. راِسپاردنەكە دوای چەند كاتژمێرێكی سەختی گفتوگۆ و پەیوەندییەكان بوو، كە توانی پێوەرەكانی هاوسەنگی سیاسی سەراوژێر بكات و بووە هۆی ئەوەی ئەندامانی (حزبوڵڵا) و (بزووتنەوەی ئەمەل)، لە كۆتایی ڕۆژێكی درێژی ڕاوێژكردنەكاندا دەنگ نەدەن، دوای ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكە، محەمەد ڕەعد، هێرشی كردە سەر نەیارەكانی و بەوە تۆمەتباری كردن، كودەتایان بەسەر ئەو كۆدەنگییەدا كردووە، كە لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماردا بەدیهات، هەروەها بە (دابەشكردن، ڕەتكردنەوە و وەلانان)یش تۆمەتباری كردن و داوای (حكوومەتێكی بەڵیندان)ـی كرد و پێی وابوو، هەر حكوومەتێك لە دژی پێكەوەژیان بێت، هیچ ڕەوایەتییەكی نییە.
وەزارەتی دارایی
پەرلەمانتارانی دووانەی شیعە (ئەمەل و حزبوڵڵا)، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە ڕاوێژكردنە نا پێویستەكە دەربڕی، كە سەلام دوای ڕاسپاردنی ئەنجامی دا، لەبەرئەوەی قسەی ئەوانی تێدا نەبوو، بەڵام دواتر بۆ هاوكاریكردن گەڕانەوە، داوای بەشداریكردنیان لە حكوومەت و وەرگرتنی پێنج وەزارەت كرد، لەوانە وەزارەتەكانی دارایی، تەندروستی و كار. بەڵام پێدانەوەی وەزارەتی دارایی بەم (دووانە)، مشتومڕێكی سیاسیی گەورە لە وڵاتدا دروست دەكات، چونكە بەشێكی زۆری هێزە سیاسییەكان ڕەتی دەكەنەوە، وەزارەت بۆ مەزهەب و لایەنێكی سیاسی دیاریكراو تەرخان بكرێت، لە كاتێكدا سەركردایەتیی (ئەمەل و حزبوڵڵا) پێداگری لەسەر وەرگرتنی ئەم وەزارەتە دەكەن، كە لە (رێككەوتنی تائیف) لێكتێگەیشتنی لەسەر كراوە، بۆ ئەوەی مەزهەبی شیعە، هاوبەشێكی ڕاستەقینەی دەسەڵات دەبێت، دوای ئەوەی وەزیری دارایی، لەتەك سەرۆككۆماری (مارۆنی)، سەرۆكوەزیرانی (سوننە) و بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی تایەفی واژۆی لەسەر ڕێوڕەسمەكاندا كرد. بەڵام بۆ زانیاری، لە ساڵی 1989ـەوە، تاكو ئەمڕۆ وەزیری هەموو مەزهەبەكان بە نۆرە ئەم وەزارەتەیان وەرگرتووە، پێش ئەوەی ئەو (دووانە) لە ساڵی 2016ـەوە هەوڵی قۆرخكردنی بدەن. زۆربەی هێزە سیاسییەكانی دیكە، ئەو گێڕانەوەیە ڕەت دەكەنەوە، كە حزبوڵڵا و ئەمەل دەستیان پێوەی گرتووە. پاشان، ئەوانەی لە ساڵی 1989دا، بەشدارییان لە كۆبوونەوەكانی (تائیف)دا كردووە، پشتڕاستی دەكەنەوە، كە هیچ لێكتێگەیشتنێك لەسەر ئەوە نەكراوە، وەزارەتی دارایی تەنیا بۆ مەزهەبی شیعە بێت، بۆیە پێیان وایە، ئەم دووانە، بەدوای چەسپاندنی سیستەمێكی (سێیانەن) لە وڵاتدا، لە كاتێكدا (ڕێككەوتنی تائیف)، تەنیا یەكسانی لە نێوان كریستیانەكان و موسڵمانان دیاری كردووە. لە سایەی ئەم بارودۆخەشدا، زانیارییەكان وای بۆ دەچن، سەرۆكی ڕاسپێردراو، وەزارەتی دارایی بە كەسایەتییەكی شیعە بدات، بەڵام كەسایەتییەكی بێلایەن، كە ڕاستەوخۆ سەر بەو (دووانە)وە نەبێت، وەك هەوڵێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەر كێشەیەكی داهاتوو لە وڵاتدا، كە ببێتە ڕێگر لەبەردەم دەست پێ كردنی سەردەمێكی نوێ و كاری حكوومەت. ڕاستییەكەی، سەمیر جەعجەع، سەرۆكی پارتی هێزەكانی لوبنان ڕایگەیاند، لاری نییە لەوەی وەزارەتی دارایی بدرێتە مەزهەبی شیعە، بەڵام پێدانی وەزارەتی دارایی بە شیعەكان شتێكە و پێدانیشی بەو دووانە شتێكی دیكەیە، ئاماژەی بەوەش كرد، لە سۆنگەی بارودۆخی ئێستا و ئەوەی لە باشوور ڕوویدا، دەبێت بۆ شیعەكان بێت، بە مەرجێك وەزیرەكە هیچ پەیوەندییەكی بەم دووانەوە نەبێت.
وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان
لە لایەكی دیكەوە، پێداگریی (دووانەی شیعە) لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی دارایی، تاكە ئاڵنگاری سەرەكی بەردەم، نەواف سەلام، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو نییە. هەشتاوی پارت و هێزە سیاسییەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی بە (خزمەتگوزاری) ناسراون، ئەركەكەی قورستر دەكات، بەتایبەتی كە تاكو ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی، نیازی خۆی دەرنەبڕیوە، بەوە قایلە لە ڕیزەكانی ئۆپۆزسیۆندا بێت، بەڵكو هەمووان بەرەو لای حكوومەتێكی (یەكێتی نیشتمانی)یەوە دێن. ڕەنگە دیارترین شت كە وای لە هێز و لایەنانە كردووە، بەپەرۆشی بەشداریكردن لە حكوومەت لە میانی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە بن ئەوەیە، ئەگەری زۆرە ئەم حكوومەتە خۆی بێت، كە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو لە مانگی ئایاری 2026دا دەكات، واتە وەك باوە، هەوڵ بۆ ئەوە دەدات، ئەم وەزارەتانەبخاتە خزمەت دەنگدەرانییەوە. لە بەرامبەریشدا، پێ دەچێت سەرۆكی ڕاسپێردراو ئاگاداری ئەم پاشخانانە بێت؛ بۆیە هیچ پەلەی لە پرۆسەی دابەشكردنی وەزارەتەكاندا نییە، چۆن نا، لە كاتێكدا چاوی كۆمەڵگە عەرەبی و نێودەوڵەتی لەسەر ئەو چاكسازییانە چاوەڕوانكراوانەی لوبنان دەبێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی لێ بكەن و دەستی هاوكاری بۆ درێژ بكەن. ڕەنگە لە پێشەنگی چاكسازییە پێویستەكانیش، وەستاندنی لۆژیكی (پشك پشكانێ) بێت، ئینجا چ لە پێكهێنانی حكوومەتەكان یان لە دامەزراندنەكاندا بێت و تەنیا پشت بە لۆژیكی لێهاتوویی ببەسترێت.
سێ جۆرە وەزارەت
بە گوێرەی گوتەكانی، محەمەد شەمسەددین، توێژەر لە كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ زانیارییەكان، 22 پۆستە وەزارییەكەی لوبنان بەسەر سێ چین دابەش دابێت كە بریتین لە: سەروەریی، خزمەتگوزاری و وەزارەتی كەمتر گرنگ.وەزارەتە سەروەرییەكان بریتین لە: دەرەوە و تاراوگەنشین، ناوخۆ و شارەوانی، دارایی، بەرگریی و داد، وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بریتین لە: تەندروستی گشتی، پەروەردە و فێركردن، وزە و ئاو، كارە گشتیەكان و گواستنەوە، كاروباری كۆمەڵایەتی و كشتوكاڵ، هێشتا 11 وەزارەت دەمێنێتەوە، كە بە كەم گرنگتر دادەنرێن وەك: لاوان و وەرزش، پەیوەندییەكان، كار، ڕاگەیاندن، گەشتیاری، ڕۆشنبیری، ژینگە، ئاوارەكان، پیشەسازی، ئابووری، گەشەپێدانی كارگێڕی.
پارەداریی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان گرنگە
شەمسەددین بە شەرق ئەوسەتی ڕاگەیاند، لە ماوەی هەڵبژاردنەكاندا، سوود لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان وەرگیراوە، چ لەسەر ئاستی تاكەكەسیی بێت، یان لەسەر ئاستی شارۆچكە و گوندەكاندا. خزمەتگوزارییەكانیش بریتین لە گواستنەوەی مامۆستایان، كردنەوەی بنكە تەندروستییەكان، دروستكردنی ڕێگاوبانەكان، ڕاكێشانی ئاو و كارەبا بۆ هەندێ گەڕەك و گوندی دیاریكراو، پێشكەشكردنی یارمەتی لەڕێگەی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی كشتوكاڵ و چەندانی ترەوە. دەشڵێت، ئەگەر دۆخی دارایی گشتی هەر وەك ئێستا بمێنێتەوە، كە بودجەی زۆربەی وەزارەتەكان، بە جڕەجڕ بەشی مووچە و كرێ و خزمەتگوزارییەكانی كارپێكردنیان دەكات، تەنانەت ئەو وەزارەتانەی كە بە خزمەتگوزارییش پۆلین دەكرێن، توانایەكی كاریگەرییان لە ڕووی هەڵبژاردنەوە لاواز دەبێت، بگرە ئەم وەزارەتانە دەبنە بارگرانیی بەسەر ئەو هێزە سیاسییانەی كە بەدەستیانەوەیە، چونكە لە پێگەی بەرپرسیاریەتیدان، كەچی ناشتوانن خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بكەن. هەر بۆیە؛ شەمسەددین پێی وایە، ناتوانیت لەوە دڵنیا بیت، كە ئەم حكوومەتە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان دەكات؛ لەبەرئەوەی ڕەنگە دوای ساڵێك، حكوومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت و ئەركی سەرەكیی، ئامادەكردن و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان بێت، ڕەنگە تەمەنی لە سێ مانگ زیاتر نابێت، وەك ئەوەی لە ساڵی 1992 لەگەڵ حكوومەتەكەی، ڕەشید ئەلسوڵح و ساڵی 2005 لەگەڵ حكوومەتەكەی، نەجیب میقاتی ڕوویاندا.
ڕاستكردنەوەی چەمكەكان
سەمعان باشەواتی، شارەزا لە بواری گەشەپێدان و فەرمانڕەوایەتی خۆماڵی و مامۆستا لە پەیمانگەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی لوبنان پێی وایە، سەرباری ئەو هەموو ئاڵنگاریانەی كە ڕووبەڕووی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو دەبنەوە، ئاڵنگارییەكی سەرەكی هەیە، كە پێویستی بە ڕاستكردنەوەی چەمكەكانی پەیوەست بە ڕۆڵی وەزیر و پۆلینكردنی وەزارەتەكانەوە هەیە. ڕوونیشی دەكاتەوە، وەزیر وەك بنەما، یەكێ لە فەرمانبەرە گەورەكانی دەوڵەتە و بە بەڕێوەبردنی یەكێ دامەزراوە گشتییەكانی لە ئەستۆیە، كە وەزارەتە و ئەویش پێكهاتەیەكی دامەزراوەیی هەیە، واتە بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆكی بەشەكان و فەرمانبەران. ئەمەش پێویستی بەوەیە، وەزیر سەركردە بێت و بەشداریی لە داڕشتنی سیاسەتەكاندا بكات، لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی تیمی كاركردندا هەبێت، بتوانێت دید و سیاسەتەكانی حكوومەت پەیڕەو بكات و پابەندی زەڵاڵی و ئاستی دروست بێت. هەروەها دەڵێت، هەموو ئەمانە، چاوخشاندنەوە بە پۆلینكردنی وەزارەتەكان لە نێوان سەروەریی و خزمەتگوزارییەكاندا دەسەپێنێت، بەو پێیەی داهێنانێكی خۆماڵییە و لە هیچ شوێنێكی دیكەدا نییە. جەختیش لەوە دەكاتەوە، سەروەریی لە كاری وەزارەتەكاندا، بە واتای سیاسەتەكانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەناهی و تەندروستی ناوابەستەوە دێت، كە وەزارەتەكان بتوانن جێبەجێی بكەن، لەجیاتی ئەوەی وەك سیاسەتی سواڵكردن لە دەرەوە و كۆمەك بۆ سەرجەم پڕۆژەكانیان پشتی پێ ببەستن. سەرنج بۆ ئەوەش ڕادەكێشێت، حزبەكانی لوبنان لەسەر دوو بنەما پەیوەندییان لەگەڵ جەماوەرەكانیان بنیاتناوە: یەكەمیان ترسە لە ئەویتر و قەیرانی بوونە، دووەمیشیان، پەیوەندی بەرژەوەندیخوازانەیە، كە بووە هۆی ئەوەی، تواناكانی دەوڵەت بۆ سەپاندن، پەنابردن و فراوانكردنی بازنەی جەماوەرییان بەكار بهێنن.
سەرچاوە: www.aawsat.com