خەبات: عەلی بانیشاری:- لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی پاراستنی ژینگە و تەندروستی هاووڵاتیان، لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستكراوە بە پاككردنەوە و لادانی ئەو شوێنانەی سەوزەی بە ((ئاوی پیس)) لێ بەرهەمدەهێنرێت. بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر بۆ (خەبات) باس لە وردەكاری پڕۆسەكە دەكات و دەڵێت ((تەندروستی هاووڵاتیان لە پێش هەموو شتێكەوەیە)).

هێمن سەید موڕاد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای هەولێر بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك پێكهێنراوە و دەستكراوە بە پاككردنەوەی ئەو زەوییانەی كە سەوزەی بە ئاوی پیس لێ بەرهەمهێنراوە. گوتیشی: بڕیارەكە لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی هاووڵاتیانە.

لیژنەی لادانی داچێندراوی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكە ماوەی زیاتر لە مانگێكە هەڵمەتێكی چڕی بۆ پاككردنەوەی و لادانی ئەو زەوی و شوێنانەی دەستپێكردووە كە سەوزەی بە ئاوی زێراب و ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لێ بەرهەمدەهێنرێت، هێمن سەید موڕاد دەڵێت (( لەو ماوەیەی هەڵمەتەكە دەستیپێكردووە نزیكەی 2000 دۆنم زەوی خاوێنكراوەتەوە كە سەرچاوەی ئاوەكەی بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە ئاوی زێراب، ئاوەڕۆ، ئاوی پیس بووە)). دەشڵێت (( ئەو ئاوەی سەوزەكەی پێ ئاودراوە پیس بووە، هیچ بنەمایەكی تەندروستی و یاسایی ڕێگە بەوە نادات سەوزە لەو جۆرە ئاوانە بەرهەمبهێنرێت، چونكە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین جۆر نەخۆشی)). زیاتر گوتی: تەندروستی هاووڵاتیان بۆ ئێمە لە پێش هەموو شتێكەوەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاككردنەوەی ئەو شوێنانەی سەوزەی بە ئاوی قورس لێ بەرهەمدەهێنرێت، 300 خانووی پلاستیكی و زیاتر لە 35 حەوزی گلدانەوەی ئاوی پیس تێكدراون. ئاشكراشیكرد، تا ئێستا 12 كەس بە تۆمەتی بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی پیس دەستگیركراون، ئەوە جگەلە دەستبەسەرداگرتنی دەیان ئامێر و ماتۆڕی ئاو كە ئاوی پیسی بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە پێ ڕاكێشراوە.

هێمن سەید موڕاد ڕاشیگەیاند: ئەو 2000 دۆنم زەوییەی سەوزەی پیسی لێ بەرهەمهێنراوە هیچی كشتوكاڵی نەبووە و لە ڕابردوودا بووەتە بەشێك لە شارەوانی و خاوەنی ئەو زەوییانە پێشتر قەرەبوویان وەرگرتووە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی گوت: ئەو كەسانەی سەوزەیان بە ئاوی قورس لەو زەوییانە بەرهەمهێناوە جووتیار نەبوون و لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر وەكو جووتیار ناویان تۆمار نەكراوە.

ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەولێر هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی دەكرێت بە جۆرەها سەوزە، بەشێك لەو سەوزانە بە ئاوی پیس بەرهەمدەهێنرێن. پێشتر چەندجارێك ئەو زەوییانە پاككراونەتەوە كە سەوزەی پیسیان لێ بەرهەمهێنراوە، بەڵام بەپێی هەڵمەتەكەی پارێزگای هەولێر بێت هێشتا بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی قورس لە سنووری پارێزگاكە بەردەوامی هەیە.

پزیشكانی خۆراك ئاماژە بەوە دەكەن، بەرهەمهێنانی سەوزە بە ئاوی پیس دەبێتە هۆی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی چەندین جۆر نەخۆشی و پەتا لەوانە ((سكچوون و ڕشانەوە)). هەڵمەتەكەی ئەو جارەی پارێزگای هەولێر پاش ئەوە هات چەند پارچە ڤیدیۆیەك بڵاوبوویەوە كە لە سنووری پارێزگای هەولێر ((سەوزە لە ئاوی زێراب و ئاوەڕۆ بەرهەمدەهێنرێت)).

پاككردنەوەی زەوی چێندراو بە سەوزە