كاركردن لە پرۆژەی رێگای هەولێر - كۆیە

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان: ئەو پڕۆژەیە بە ستافی ئەندازیاران و زۆرترین ئامێری ڕێگاوبان كاری تیادەكرێت

خەبات: فاتیح بەرزنجی:- ڕێگای دووسایدی هەولێر –كۆیە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو چەند قۆناغێكی ڕێگاكە دەستی پێكردبوو، بەڵام زۆری مابوو لەبەر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پڕۆژەكە لەكار وەستاو نەتوانرا تەواو بكرێت لەمانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرلەنوێ‌ ڕێگاكە دەستی پێكردەوەو ماوەی چەند ڕۆژێكە پڕۆژەكە دەستی بەكاركردەوە، لەمبارەیەوە دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا ئاگرین بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان بۆ خەبات ڕوونیكردەوە:

دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان دەربارەی دووبارە دەستپێكردنەوەی ڕێگاكە گوتی: یەكێك لە پلان و ستراتیژیەتەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەدووسایدكردنی ڕێگاكانەو بەهەوڵ و كۆششی بەردەوامی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بە ڕێگاوبان دراوەو یەكێكیش لەو پڕۆژانە دووبارە دەستپێكردنەوەو تەواوكردنی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- كۆیەیەو لەسەر بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرلەنوێ‌ دەست بەو پڕۆژەیە كرایەوە بەشێوازێكی نوێ‌ لەلایەن كۆمپانیایەكی بەهێز دەست بەكارەكانی كرایەوەو ماوەی چەند ڕۆژێكە كارەكانی پڕۆژەكە دەستی پێكردۆتەوەو لەمانگی 10ی ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی بۆ داناو ماوەی چەند ڕۆژێكە كارەكان بەزیاتر لە 100 ئامێری شۆفڵ و گرێدەرو قەڵابەو جۆرەها ئامێری دیكەو ستافی ئەندازیارو ڕووپێوی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كار لە پڕۆژەكە دەكەن و لەئێستادا ڕۆژانە 8بۆ 10 كاتژمێر كار لە پڕۆژەكە دەكرێت، ئەگەر كەشوهەوا لەبار بێت كاری زیاتر لە پڕۆژەكە ئەنجام جێگەی ئاماژەیە لە قۆناغەكانی ڕابردوودا لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و توركی و كۆمپانیایەكی ڕۆمانی كار لە پڕۆژەكە كرابوو پڕۆژەكە لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانرا بەردەوام بێت و لەقۆناغەكانی پێشووتردا قۆناغ بە قۆناغ كار لە پڕۆژەكە كرابوو بۆ نموونە لەقۆناغی یەكەمدا نزیكەی 49%ی جێبەجێ كراوەو لە قۆناغی دووەمدا 20%ی جێبەجێكراوەو لەقۆناغی سێیەمدا 15%و لە قۆناغی چوارەمدا 13%ولەبەر قەیرانی دارایی پڕۆژەكە وەستاو دوابەدوای بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووبارە و سەرلەنوێ‌ بە شێوازێكی نوێ‌ پڕۆژەكە دەستی بەكار كردەوەو خۆی ڕێگاكە دەبێ‌ ببەسترێتەوە بە ڕێگای سلێمانی و ببێتە 5 قۆناغ ولەو چوارچێوەیەشدا تونێڵی هەیبەت سوڵتانی تیایە، ئەو بەرنامەیەی خستنەوەگەڕی پڕۆژەكە تەنیا هەولێر تا كۆیە لەخۆ دەگرێت كە نزیكەی 37 كیلۆ مەترەو ئێستا لە سەروبەندی ئەوەداین چۆن بیبەستینەوە بەشاری كۆیەو دیراسەتی ئەوەشمان كردووەو كۆبوونەوەشمان لەسەر كردووەو كارەكان لەلایەن كۆمپانیای ئاوزەن ئەنجام دەدرێت و ئەو كۆمپانیایە بەئامێرێكی زۆرو ستافێكی شارەزا كار لە پڕۆژەكە دەكەن و هەر سایدێكی ڕێگاكە لەجیاتی دوو لین بەدوو لین سێ‌ لین بە سێ‌ لین دەڕوات و لەپڕۆژەكەدا كۆمەڵێك بەرزە پردو ئەندەرپاسی تیایە و بریتییە لە 10دانە لەچوارچێوەی ئەو 37 كیلۆ مەترەی ڕێگایەو بۆ بەرژەوەندی دانیشتوانی گوندەكانی سەر ئەو ڕێگایە.

ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان

دواتر دكتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ڕێگاوبان دەربارەی قۆناغەكانی كارلە پڕۆژەكەو دەستەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ڕوونیكردەوە: هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە توانیمان ستافێكی شارەزاو كارامەو لێهاتوومان بۆ پڕۆژەكە دابینكردووەو ڕۆژانە لەوێ‌ و لەسەر پڕۆژەكە چاودێری پڕۆژەكە دەكەن و زیاتر لە 100 ئامێری تایبەت بە ڕێگاوبان بۆ ڕایی كردنی كاری ڕۆژانەی پڕۆژەكە دابین كراوەهەرچەندە ماوەی چەند ڕۆژێكە كار لە پڕۆژەكە دەستی پێكردووەو بە سەرەتایەكی باش پڕۆژەكە ئەنجام دەدرێت و دووسایدەكە سێ‌ ساید چوون و سێ‌ ساید هاتنەوە كاری تیا دەكرێت و كارەكان زۆر بە چڕی ئەنجام دەدرێت و بڕی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكە بریتییە لە زیاتر لە 560 ملیار دینارو لەچەندین شوێن كار لەسەر پڕۆژەكە بە جۆرەها ئامێری ڕێگاوبان كاری لەسەر دەكرێت بەشێوازێكی شارستانی و مۆدێرن كارەكان ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا هیچ ئاستەنگێك دروست نەبووە، هەرچەندە ڕێگاكە پڕكردنەوەی زۆر پێویستەو زۆر بەجوانی كاری پەستانەوەی بۆ دەكرێت و ئەندازیاران و ستافی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە زۆر بەوردی چاودێری هەموو كارەكان لە پڕۆژەكەدا دەكەن و ئەگەر حكوومەتی عێراق لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكردایە ئەوا وەكو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە زۆربەی ڕێگاوبانەكانمان دەكردە دووساید هەرچەندە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درێغی نەكردووە لە ئەنجامدان و دابینكردنی بودجە بۆ پڕۆژەكان و ئەگەر پارەمان لە عێراقەوە بۆ دابین بكرێت ئەو پڕۆژانەی كە وەستاون هەمووی دەتوانین بخەینەوە كارو هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كەئەو ڕێگایانەی نێوان شارە گەورەكان وپایتەختی هەرێمی كوردستان و خاڵە سنوورییەكان بكەین بە دووساید.

دواتر ئەندازیار محەمەد خالید بەڕێوەبەری پڕۆژەكە گوتی: دیارە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژەكە لەلایەن چەند كۆمپانیاو بەڵێندەرێكی دیكە ئەنجام درابوو، بەڵام لەبەر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی وای كرد نەتوانرێت كار لە پڕۆژەكە بكرێت و پڕۆژەكە وەستا و دووبارە لەسەر بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرلەنوێ‌ پڕۆژەكە دەستی بەكاركردەوە ئەویش بە شێوازێكی نوێ‌ لەلایەن كۆمپانیای ئاوزەن بەستافێكی شارەزاو بە زۆرترین ئامێری ڕێگاوبان كاری پڕۆژەی تەواوكردنی دووسایدی هەولێر- كۆیەی دەست پێكردۆتەوە هەرچەندە ماوەی چەند ڕۆژێكە كاری پڕۆژەكە دەستی پێكردۆتەوە بەزیاتر لە 100 ئامێری ڕێگاوبان و ڕۆژانە هەموو ئامێرەكان وەكو پوورەی هەنگ لە چەندین شوێن كار دەكەن و ئێمە وەكو ستافی سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەهەماهەنگی ستافی ئەندازیارانی كۆمپانیای ناوبراو ڕۆژانە پلان دادەنێین بۆ ڕاییكردنی كاری ڕۆژانەی دوو سایدەكەو كارەكان زۆر بەتۆكمەیی و بەپێی ئەو دیزاینەی كە دانراوە، ئەنجام دەدرێت دیارە كاركردن لەو ڕێگایە جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕێگاكانی دیكە ئەویش تۆپۆگرافیای ئەو شوێنە شاخاویەو هەڵكەندن هەندێك زەحمەتەو لەزۆربەی شوێنەكان بەرزی و نشێوی زۆر هەیەو ڕێگاكە پێوستی بە پڕكردنەوەی زۆر هەیەو هەموو كارەكان بەپێی مواسەفات دەڕوات و ئەو خۆڵەی كە لە بڕینی ڕێگاكەدا دەكرێت پێویستە ئەو خۆڵە لە تاقیگەی مەركەزی بیناسازی پشكنینی بۆ بكرێت واتا هەر خۆڵێك یاخود تێكەڵەیەك كە لەپڕۆژەكەدا بەكار بێت دەبێ‌ سەرەتا پشكنینی بۆ بكرێت ئەوەش بۆ سەركەوتن و بەرگەی زیاتری پڕۆژەكەیەو دیارە ڕێگاكە كاری بڕینی زۆری تیایەو كاری بڕینەكەش زۆر بەئەندازەیی كراوەو ستافی سەرپەرشتیار زۆر بە پڕۆفیشناڵی كاری پڕۆژەكە ئەنجام دەدەن و لەهەمووی گرنگتر ستافێكی شارەزای هونەری لەلایەن كۆمپانیای ناوبراو دانراوە بۆ ئەوەی لە كاتی كاركردن لە پڕۆژەكە هەر ئامێرێك لەكار بكەوێت بەخێرایی چاكی دەكەنەوەو دەستخۆشی لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەكەین كە ڕۆژانە لەسەر هێڵن و پاڵپشتی تەواوی ئێمە دەكەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە.