فازڵ میرانی
دەستەواژەی دەسەڵاتخوازی مانای ئەرێنی یان بێلایەنی هەڵناگرێت، کاتێک شیکردنەوە بۆ هەڵکەوتی فەرمانڕەوایی ڕاستەقینە دەکرێت، بەبێ ڕتووشکردن و ئەویش لەخۆیدا ڕەنگدانەوەی چەمکی سەقامگیرییە، چونکە لەوانەیە چەمکی دەسەڵات لە حاڵەتی فەرمانڕەواییدا بە سەلامەتی دەرنەچێت و لەوانەیشە تووشی نەخۆشیی دەسەڵاتخوازی ببێت.
لەوانەیە هەردووکیان بە ڕێکەوت یان بەدەستی ئەنقەست بگەن بە دەسەڵات کە باشترین نموونەی گەیشتنیش بە دەسەڵات، کودەتا و هەڵبژاردنەکانە، نموونە زۆرە، لە مێژووی نزیک و دووردا لەسەر ئەو دەسەڵاتانەی بە کودەتا یان بە هەڵبژاردن هاتوونەتە سەر حوکم. نموونەی ئەوانەی بە کودەتا هاتوونەتە سەر حوکم و بە کودەتا لەسەر حوکم لادراون و کودەتاچییەکان هەڵبژاردنیان پڕاکتیزە کردووە، جا ئەگەر ڕاستگۆیی تێدا بووبێت یان بە درۆ بووبێت.
هەرچییەک بێت مێژوو پڕە لەو دەسەڵاتدارانەی بە ڕێکەوت یان لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی حوکمڕانیدا هاتوونەتە سەر حوکم و خۆیان لە شوێنێکی بەرزدا دۆزیوەتەوە یان نزیکبوونە لە بڕیاردان و هەندێک جاریش ئەوانەی بە ڕێکەوت گەیشتوونەتە سەر حوکم، مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت لەو توانایەی هایانبووە لە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی دەستکەوتەکانیان و هەندێک جاریش بە پێچەوانەش هەر ڕاستە.
مەرج نییە یان بەزۆری ڕێگهی گەیشتن بە دەسەڵات سەخت بێت، بەو مانایەی هیچ پاساوێکی فیکری و کرداری دروست نییە، وا بکات گەیشتن بە دەسەڵات تێکەڵەیەک بێت لە تێکدانێکی پەکخراو، یان پیلان بۆ داڕێژراو یان ڕاوەدوونانی دەسەڵات بۆ سەندنی دەسەڵات لە خاوەنەکەی، مەگەر پارتی هیواخواز بەرنامەیەکی باشتر و نیازێکی ڕاستگۆیانەتری هەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەی، دەسەڵات ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردن نەک خۆش هیواییەک.
ئێمە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیدا بە پارتەکەشمانەوە هاتووینەتە سەر حوکم بەشێوەیەکی ئیئتیلافی لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی حزبی و سیاسی و بەرەنگارییەوە، بزووتنەوەیەکی سەخت و پڕ ماندووبوون و گرانبەها ڕووبەڕووی دەسەڵات بووینەتەوە. ئەوانە هەڵەن کە پێیانوایە کاریگەریی نێگەتیڤانەی ئەو دەسەڵاتدارانەی ڕووبەڕوومان بوونەتەوە بیری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانەن کە لە دەسەڵاتی دواتردا بەشدارن یان بەخێرایی جەماوەرەکەیان. ئەمەش کێشەیەکی سایکۆلۆژییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژی سەربەخۆ هەیە.
ئەم بابەتەی ئەمڕۆ دوو جۆر لەو کەسانە دەگرێتەوە كاتێك دەگەنە دەسەڵات، چینێک کە مێژوویەکی قوربانیی حاشاهەڵنەگریان هەیە و چینێکیش بە ئاسوودەیی گەیشتووە و هەردووکیان کارتی جووڵاوی مەترسیداریان پێیە و ڕەنگە بە کەمتەرخەمی یان بە ئەنقەست کارتێکی هەستیارتر پشتگوێ بخەن و زیاتر پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوە هەبێت، چونکە کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە یان دەنگدەر یان دەنگدەر نین و تێکشکێندراون یان خەریکی هەڵگیرسانی ئاگرێکی ناوخۆیین لەسەر یەدەگێکی چینایەتی و بۆ چەند مەبەستێکی تێگەیشتوو.
ئەم پراکتیزەکردنە ڕێبەرێکی هەنووکەیی پێکدەهێنێت کە لەخۆیدا بەڵگەیەکە بۆ دەسەڵاتخوازی، ئەم مەسەلەیەش لە خۆیدا ئەو تێگەیشتن و قەناعەتە بەدەست دەهێنێت کە چاندنی بیرکردنەوە بەبێ تۆوی دێموکراسی دەستکەوتێکی زیاتر و خێراترە و کەمتەرخەمی و پێشینە تەنیا لەو شتانەدایە کە کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییە دوورەکان و ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و یاساییانە پێشێل دەکات کە گەرەنتی بنیاتنانی تاک و دەوڵەت دەکات، بێگومان ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسی بۆ سەر هەمووان دروست دەکات.
نە ئەوانەی بە هەوڵی خۆیان گەیشتوونە بە دەسەڵات و نە ئەوانەی بە ڕێکەوت سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە لە بەرپرسیارێتی و لادانی ڕێڕەوەکە نابوردرێن. نە ئەوانەش بە قۆپیە لە تاقیکردنەوەکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، تەنیا ئەوانە نەبێت، بە هەوڵەکانیان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی