خەبات: هاوار مورتكەیی:- ڕەهەف محەمەد ڕەزوان ناسڕی، خانمە شەتڕەنجزانێكی لاوی سوریایە، كە لە ساڵی 2003 لە دیمەشق لە سوریا لەدایکبووە، خوێندکاری دەروونناسییە لە زانکۆی دیمەشق، یەكێكە لەناوە دیارەكانی شەتڕەنج لە سوریا، جیا لەوەی یاری دەكات، لەهەمان كاتیش خاوەن بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی شەتڕەنجە و ئەكادیمیایەكی تایبەت بە شەتڕەنج بەڕێوەدەبات، ئەو كچە لاوە خەون و حولیایەكی زۆری هەیە بۆ شەتڕەنج، لەم دیمانەیەدا بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات تیشك دەخاتە سەر ئەو لایەنانەی كە كاری تیا دەكات.
دەستپێكردن لە ئەكادیمیایەكەوە
سەرەتا خاتوو ڕەهەف شەتڕەنجزانی سوری گوتی: چیرۆكێكی جوانم هەیە لەبارەی چۆنێتی ئاشنابوونم بەشەتڕەنجەوە، من لە تەمەنێکی بچووکەوە دەستم پێ نەکرد، كاتێك تەمەنم 11 ساڵ بوو، لە قوتابخانەكەمان پلەی یەكەمم لەسەر بەدەستهێنا، ئەوكات وەک دیاری لە لایەن مامۆستایەكەمەوە شەتڕەنجێكم بەدیاری پێ بەخشرا، قوتابخانەکەم وەرمگرت، دواتر لەماڵەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم یاریمان كرد، دواتر بەهرەکەم لەلایەن مامۆستا ڕاما شەمەڕی دۆزرایەوە، ئەوەبوو منی بردە یانەی بەردە و بە سەرپەرشتی ڕاهێنەر محەمەد عەباس گەشتەکەم بۆ فێربوونی شەترەنج لە ڕووی ئەکادیمییەوە دەست پێکرد.
یەکەم بەشداری فەرمیم، بەهۆی کەشوهەوای گرژی و ترسی دۆڕان ئەنجامێکی دڵخۆشکەرم بەدەست نەهێنا، تا زانیم دۆڕان بنەمای بردنەوە و یاریزانێکی ترسنۆک ناتوانێت ئەنجامێک بەدەستبهێنێت، بۆیە دەستم کرد بە یاریکردنی باشتر، بەشێوەیەك زاڵبم بەسەر ترسەكانمەوە، خۆشبەختانە لە خوار تەمەنی 20 ساڵان بۆ دوو ساڵ لەسەر یەكتری توانیم ببمە پاڵەوان لەسەر ئاستی پارێزگای دیمەشق، هەروەها لەسەر ئاستی كۆماری سوریا، پلەی چوارەم و لە سەر ئاستی زانكۆكانی سوریاش پلەی سێیەمم بەدەستهێنا، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندین پاڵەوانێتیم بەدەستهێناوە، وەك ناسناوەکانی ئارێنا فیدا ماستەر، وە ناونیشانەکەش ئارێنا ئینتەرناشناڵ ماستەر.
لە جیهانێكی تردا دەژی
هەروەها خاتوو ڕەهەف لەبارەی شەتڕەنجەوە گوتی: شەترەنج بۆ من ژیانە، بە شێوەیەك نوێنەرایەتی ژیانی ئێمە دەکات، کاتێک لەسەر تەختەی شەترەنج دەبم، هەموو دەنگە دەنگەکانی دەورووبەرم نامێنن و لە جیهانێکی تردا دەژیم، لەگەڵ بیرکردنەوەکانم و جولەی پارچەكانی شەترەنج، هەمووو شتێک لەبیر دەکەم کە لە دەورووبەرمدا دەگوزەرێت و بیرکردنەوەکانم دەبنە ئەوانە کە لەسەر تەختەکە قسە دەکەن، هەروەها زیاتر گوتی: ئەوەی لە ژیانماندا پێویستمان پێیەتی، وزە و بیرکردنەوەکانمان لەسەر یەک شت چڕ بکەینەوە، تا بتوانین چارەسەری بکەین، سەرقاڵ نەبین بە سەریەککەوتنی شتەکان لەگەڵ یەکتردا، هەروەها سەبرمان هەبێت و فێربین کە ئەوەی لە ژیانماندا هەڵیدەبژێرین دەبێت بە وردبینی و بیرکردنەوە و حیسابکردن ئەنجام بدرێت، چونکە ئێمە وەک شەترەنجزان، ناتوانین بگەڕێینەوە دواوە، بەتایبەتیش کاتێک کارێک دەکەین، و کاتێک بە دروستی بیردەکەینەوە، دەگەینە ئامانجەکەمان، و ئێمەین کە بڕیارمان لەسەر چی دەبێت.
تەماحەکانم تەنها لە یاریکردنی شەتڕەنجدا سنووردار نەكردووە، بەڵکو لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم وەرزشە، بەردەوام بووم و ئەمجارە لە بواری ڕاهێنان و ناوبژیوانیدا، بووم بە ڕاهێنەرێکی ناوخۆیی و کارم دەکرد بۆ گەیشتن بە خەونەکەم کە ببم بە ڕاهێنەری نێودەوڵەتی، سوپاس بۆ خوا بووم بە ناوبژیوان و ڕاهێنەرێکی نێودەوڵەتی و خاوەن بڕوانامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیم، لە زیاتر لە یانەیەك و سەنتەرێكیش، ڕاهێنانم کردووە و بەردەوامم.
هەروەها گوتی: من شوێن خەونەکەم کەوتم و ئەکادیمیایەکم کردەوە بە ناوی هارمۆنی، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و سیستماتیکی وانەی شەترەنج بڵێمەوە، لەگەڵ هاوکارەکەم، ڕاهێنەر وسیم زاهر.
دابڕانی نێودەوڵەتی
دواتر خاتوو ڕەهەف ناسڕی لەبارەی ئەو بارودۆخەی ئێستای سوریا و كاریگەری بەسەر شەتڕەنجەوە گوتی: شەترەنج لە سوریا پێویستی بە کەسانێک هەیە کە ئەم وەرزشەیان خۆش بوێت و هەموو شتێک کە هەیانە بیبەخشن لە پێناو پەروەردە و بنیاتنانی نەوەیەک کە لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان کێبڕکێ بکات، لە سوریا چەندین ناوی دیار لە وەرزشی شەترەنجدا هەیە، لەوانە پاڵەوانی گەنج مازن فەندی، بەهۆی دۆخی سوریاوە گەشتکردن و ڕکابەریکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسان نەبووە، هەروەها پەیوەندی نێودەوڵەتی لەنێوان یاریزانەکاندا نەبوو، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە یاریزانەکان لە دڵەڕاوکێ دا بن، چونکە دەرفەتیان بۆ نەڕەخسا، هیوادارم کارەکان ئاسانتر بکرێن و گەشتکردن بۆ دەرەوەی سوریا بۆ بەشداری دەرەکی و بەدەستهێنانی ئەزموون ئاسان بێت و دەرفەتەکەش بە دانانی کەسانی شیاو لە شوێنی گونجاو بۆ پەرەپێدانی وەرزشی شەترەنجی سوریا.
خەونی ئەكادیمیایەكی نێودەوڵەتی
لەكۆتاییدا ئەو خانمە ڕاهێنەر و ناوبژیوان و یاریزانەی شەتڕەنجی سوریا گوتی: ئێستاش خەونەکان زۆرن لە شەترەنجدا، شەترەنج دەریایەکی بێ کۆتاییە، هیوادارم نوێنەرایەتی سوریا بکەم لە سەکۆکانی دەرەوە و ببمە یاریزانێکی نێودەوڵەتی کە بە هاوکاری فادی مەلکاوی ڕاهێنەری نێودەوڵەتی ڕکابەری بکەم، لەلایەكی دیكەوەش هاندەر و ڕاهێنەر سەرپەرشتی ڕاهێنانەکانم و ئامادەکاری بۆ پاڵەوانێتییەکان لەم قۆناغەدا، ئەمساڵ بەشداری زۆر پاڵەوانێتی دەرەکی دەکەم و پەنا بەخوا هیوادارم ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست بهێنم، وە بڕوانامە بەدەست دەهێنم ڕاهێنەری فیدە لە ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا، بۆ وەرگرتنی ئەکادیمیایەک کە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا کێبڕکێ بکات.
