عەبدولمەوجود محەمەد: تا ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گرینگیەکی ئەوتۆی بە بەردەکانی کوردستان نەداوە

حاجی خالید: دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی داهات بەردەکانی کوردستانیش بکەینە ملوانکەو لە ناوخۆ و دەرەوەشدا ساغ بکرێتەوە

خەبات: دانا بۆتانی:- ئەمڕۆ لە جیهاندا وڵاتان بەردو نەقیم شانبەشانی نەوتی رەش، وەکو کانزای زێڕ تەماشا دەکەن و هەر بۆیە بەردە بەنرخەکان وەک زێڕی سپی دەناسرێت و بۆتە سەرچاوەی داهاتیش لەو وڵاتانەی کە خاوەنی بەردی بەنرخن، وەکو رۆژنامەی خەبات بەدواداچوون دەکەم بۆ بەردو نەقیم لە کوردستاندا.

جۆرەکانی بەرد و نەقیم چین؟
عبدولمەوجود محەمەد یەكێك لەو كەسانەیە كە شارەزایی لەم بوارە هەیە و دەڵێت: بەرد جۆری زۆرە و هەندێکیان لە سرووشتدا هەن و هەندێکی دیکەش لە رێگای تەکنەلۆژیاو زانستەوە دێنە بەرهەم، كە پێیان دەڵێن بەردی بەرهەمهاتووی پترۆکیمیاویەکان، دەشڵێت: بەردە سرووشیتیەکان بەردی عەتیق و بەردی یەشم و بەردی ئەڵماس و بەردی نەیزەک و چەندان جۆر و رەنگی دیکەی بەرد هەن و هەر یەکێکیان بۆ مەبەستێکی تایبەتیش بەکار دەهێندرێت. ئەو شارەزایە گوتی: بەردەکانی وەک عەتیق و یەشم ئەمڕۆ رۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە رازاندنەوەی جلوبەرگ و ئەنگوستیلەی بە نرخ و جوانکاری نێوماڵ، هەروەها بەردەکانی وەک ئەڵماسیش ئەمڕۆ لەجیهاندا بەنرخترینە و وەکو پێداویستیش بەکار دەهێندرێن لە کارگەکاندا بەهۆی بەهێزیی جۆری بەردەکەی.

ئایا کوردستان خاوەنی هیچ بەردێکی بەنرخە؟
عەبدولمەوجود محەمەد لە وەڵامی ئەو پرسیارە گوتی: من ساڵانێکی دوورودرێژە کار دەکەم لە نێو بەردەکاندا، بە داخەوە تا ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گرینگیەکی ئەوتۆی بە بەردەکانی کوردستان نەداوە و هەوڵیشیان نەداوە سوود لە تەکنەلۆژیا ببینن بۆ دۆزینەوەی ئەو بەردە بەنرخانە، چونکە من دڵنیام ئەم بەردە بەنرخانە لە کوردستاندا بوونیان هەیەو دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی داهاتیش سوودیان لێ وەربگیرێت لە داهاتوودا، بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش من خاوەنی گەورەترین بەردی یەشم بووم لە کوردستاندا، ئەم بەردەش من فرۆشتوومەو ئێستا لە رۆمایە.
بەردی نەیزەک چییە ؟

عەبدولمەوجود محەمەد گوتی: بەردی نەیزەک بەو جۆرە بەردانە دەگوترێت، کە لە ئاسمانەکاندا ئەم ئەستێرانە تووشی لە ناوچوون دەبن بۆ چەندین ساڵ لە ئاسماندا دەمێننەوە و دەسووتێت، ئەو کاتانەی دەکەونە سەر زەویش پارچەی بچووکیان لێ دەمێنێتەوە، هەر بۆیەش هەر وڵاتێک یاخود کەسێکی ئاسایی بیدۆزێتەوە دەبێتە خاوەنی سەرمایەکی لەبن نەهاتوو، چونکە بەردی نەیزەک لە خودی ئەڵماس بەنرخترە و سوودی زۆر لێ دەبیندرێت و بەنرخی گران بەهاش دەفرۆشرێت.

عەبدولمەوجود محەمەد
حاجی خالید

چ بکرێت تا کوردستان سوود لە بەردەکانی وەربگیرێت؟
لەبارەی سوودوەرگرتن لە بەردەكانی كوردستان عەبدولمەوجود گوتی: ئەمڕۆ کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بۆ سامانە سرووشتیەکان ناوێکی ناسراو و دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی، بۆیە دەکرێت چەند کارگەیەکی گەورە بکرێتەوە و سوودیش لە وڵاتانی دەرەوە ببینن بۆ دۆزینەوەی ئەو بەردە بەنرخانەو لە هەمان کاتیشدا بەردەکانی وەکو گرانیت و مەڕمەڕیش بەکاربهێنن و رەوانەی دەرەوەش بکرێت تاوەکو بۆ لەمەودوا کوردستان بە بەردەجوان و بەنرخەکانی بناسرێت.

بەردی کەهرەب چییە؟
حاجی خالید كەسێكی دیكەیە لەوانەی شارەزایی لەم بوارە هەیە و گوتی: من خاوەنی دوکانی قەزوانم، کوردستان هەمیشە بەوە دەناسرێتەوە کە خاوەنی پیشەی خۆمانین، ئەمڕۆش تەسبیح بۆتە کلتوور و لەناو ئێمەی کورددا جێگاو مەکانی تایبەتی هەیە هەم بۆ جوانی بەکار دەهێندرێت، هەمیش وەک نەریتێکی ئایینی بەکاری دەهێنین لە ژیانی رۆژانەماندا هەر ئەمەشە وادەکات بۆ دروستکردنی تەسبیحێکی جوان و تایبەت روو لە بەردی کەهرەب بکرێت، کە ئەم بەردەش لە جۆرێکی شیلە پێکدێت کە دەڕژێتە ناو زەریاکان بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە و پاشان دەردەهێنرێت و لە رێگای وەستای شارەزاوە دەکرێت بە تەسبیح و یەک گرام لەم بەردە نرخی دەچێتە نزیکەی 10 دۆلار و یەک تەسبیحی باشی بەردی کەهرەبیش نزیکەی 40 هەزار دۆلار دەچێت، ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەم جۆرە بەردە نین، بەڵام بەهۆی ئەزموونی وەستای دروستکردنی تەسبیحی کەهرەب لە کوردستاندا دەکرێت لە داهاتوودا وەک سەرچاوەیەکی داهات تەماشای بکەین و بەردەکانی کوردستانیش بکەینە ملوانکەو لە نێوخۆو دەرەوەشدا ساغ بکرێتەوە.