هونەرمەند هامنۆ هەورامی

خەبات: عامر فەرحان – هەڵەبجە:- هونەرمەند هامنۆ هەورامی، ساڵانێکە کاری هونەری ئەنجام دەدات و خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمی و گوێگرێکی تایبەت بەخۆیەتی، ئەو تائێستا هەشت ئەلبوومی بڵاو کردوەتەوە، کە کاری بەرهەم هێنانی دوو ئەلبوومیان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامداوە، هەروەها هەشت بەرهەمیشی بەشێوەی تاک بڵاوکردوەتەوە و کاری کلیپی بۆ هەر هەشت بەرهەمەکە ئەنجامداوە.

هونەرمەند هامنۆ هەورامی لە لێدوانێکدا تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات، سەبارەت بەکاری هونەری لە ئێستادا گوتی: بەداخەوە بەرهەم هێنانی کاری هونەری لەپارێزگای هەڵەبجە، زۆر سەخت و قورسە، چونکە لەم سنوورە ستۆدیۆیەکی پێشکەوتوو نییە بتوانین کارە هونەرییەکانی لێ بەئەنجام بەگەیەنین، هەروەها لەڕووی مادیشەوە بارگرانی لەسەر هونەرمەندان درووست دەکات، من وەک خۆم، زۆربەی بەرهەمەکانم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماردەکەم.

هەروەها هامنۆ هەورامی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە ئێستادا بەرهەمی نوێی ئامادەیە و گوتی: سێ بەرهەمی نوێم ئامادەیە، بەناوەکانی (من کەتۆم هەبێت، خورشید خان، بێ تۆی ) کە لەئایندەیەکی نزیکدا بڵاویان دەکەمەوە. هەروەها گوتی کاری کلیپیش بۆ یەکێک لەم بەرهەمە نوێیانە ئەنجام دەگەیەنم.