خەبات: شلێر كۆیی:- مام عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش پیاوێكی ناسراوی شاری كۆیەیە، كە زۆرتریش بە پیاوە قسەخۆش و دەمبەخەندەكەی ناو بازاڕ ناودەبرێت و هەمیشە بە گەشبینییەوە دەبینرێت، نە سەرما و نە گەرما ئەو دڵتەنگ ناكات و تا كۆتایی قسەكانی بە بەقسەی خۆش و پێكەنین باسی كارەكەی بۆ كردین.
دروستکردنی تەسبیح چێشتر بە دەست بووە و بۆ دروستکردنی هیچ ئامێرێك بەكار نەهاتووە، زۆرتریش لە ناوكی زەیتوون و قەزوان و تەنانەت بەرد و پلاستیك دروستكراوە و ئەوەیش ماوەیەكی زۆری ویستووە تا دەنكێك یان تەسبیحێكی 101 دانەیی دروستكراوە، بەڵام لە ئێستادا پیشەكە گۆڕاوەو چەندین ئامێری پێشكەوتووی كارەبایی بۆ دروستكردنی تەسبیح بەكار دێت و ئاسانتر بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا پیشە دەستییەكە هێشتا بەهای خۆی هەر ماوە و پیشەوەرەكان و ئەوانەی ئارەزوومەندی دروستكردنی تەسبیحن، باس لەوە دەكەن، كە خواست لەسەر تەسبیحی قەرزان و ئەو تەسبیحانە زۆرترە، كە بە دەست دروست دەكرێن.
عەبدوڵڵا تۆفیق تەسبیحفرۆش ساڵانێکی زۆرە لەسەر ماو گەرما لەژێر دیواری مزگەوتی گەورەی کۆیە، کاری تەسبیحفرۆشی دەکات، ئەو نە دوکانی هەیە و نە دەرابەیەک، تەنیا لەسەر کورسییەک دانیشتووە و تەسبیح دەفرۆشێت. و دەڵێت: زیاتر لە 15 ساڵە من لەو شوێنەی خۆم دادەنیشم، بەفر بێت یان باران و تۆفانیش بێت، هەر دێمە دەرەوە بۆ کارەکەم. مام عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش بە پێکەنینەوە دەڵێت: جاری وایە هێندە سەرمایە، بە دیشلەمە خواردنەوەوە خۆم گەرم دەكەمەوەو دانەدانەش دەنكی تەسبیحەكانم دەژمێرم.
ئەو پیاوە تەسبیحفرۆشە شارەزاییەكی باشی لە پیشەكەی پەیدا كردووە و دەڵێت: ئێستا وەكو جاران نییە، بازاڕەكەش وەك جاران نەماوە، بەڵام من هەر بەردەوامم، هەمیشە هەوڵمداوە ئەو تەسبیحانە بفرۆشمە كڕیارەكانم، كە خوازیاری خۆیانە و دەستكردی خۆمانەیە، خواستێكی زۆر لەسەر تەسبیحی دەستكرد هەیە، ئەو تەسبیحانەی لە كارگەكان دروست دەكرێن و لە پلاستیك و شووشە و هەندێك جۆری بەرد بەرهەم دەهێندرێت، خواستی كەمتریان لەسەرە و بەهاكەشیان زۆر نییە.
لە وەڵامی ئەوەی نرخەكان چۆنن؟ مام عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش دەڵێت: نرخ ئێمە دیاری ناكەین، تەسبیحەكە خۆی نرخی خۆی دیاری دەكات، بۆ نموونە تەسبیحی قەزوانی ئەبلەق نرخی زۆر گرانە، ئەگەر دەنكەكانی رێك و جوان و هەمووی لە یەك ئاست بن، ئەگەرچی داهاتێكی وەهای نییە خانەوادەیەك پێی بژیت، بەڵام من حەزم لە کارەکەمە و بایی ئەوەندەش سوودی لێ دەبینم كە دەستبەرداری نەبم، چونكە تەسبیحفرۆشی تاکە داهاتی منە و بژێوی ژیانی منی لەسەرە.
مام عەبدوڵڵای تەسبیحفرۆش دەڵێت: ئەوانەی تەسبیح بەدەستەوە دەگرن و هۆگری بوونە، ڕەنگە زۆر شت لەبیر بكەن، بەڵام هەرگیز تەسبیحەكەیان لەبیر ناكەن، بەردەوام بەدەستییانەوەیە و لە بۆنە و دانیشتنەكاندا خۆیانی پێوە خەریك دەكەن، خەڵكێكیش هەیە ئارەزوومەنی كۆكردنەوەی تەسبیحە، بەڵام زۆرتر تەسبیحی دەستكرد و قەزوانیش بە تایبەتی.
لەبارەی ئەو هەموو تەسبیحە ڕەنگاوڕەنگەی لە بازاڕەكان دەبینرێت، مام عەبدوڵڵا دەڵێت: ئەوانە زۆرینەیان لە پلاستیك دروست دەكرێت، راستە لێرەش خەڵكێك هەیە و مادەکان لە شێوەی قالب هاوردە دەكات و دواتر بەهۆی مشار و چەند ئامێرێكەوە بەپێی خواستی خۆی دەنكۆڵەكان دەبڕێت و هەندێكیان دەنەخشێنێت، ئینجا لە شێوەی بازنەیی ان لاكێشەیی یان هەر شێوازێك كە خۆی بیەوێت، بەڵام وەك پێشتر گوتم ئەوەی زۆرتر سەرنجی كڕیارەكان ڕادەكێشێت تەسبیحی دەستكردی خۆمانەیە و بە تایبەتیش قەزوان و تەسبیحی كەهرەب و ئەو تەسبیحانەی لە شووشەی پەنجەرەی فرۆكە دروست دەكرێت. مام عەبدوڵڵای تەسبیح فرۆش سەبارەت بە نرخەكان دەڵێت: قەزوانی لاڕەشە، باینجانی، لاسوورە، بەرزنجە و قەلەخۆرە و مێرووش هەیە، كە زۆرترین خواستیان لەسەرە، من تەسبیحی لاسوورەم بە 150 هەزار دینار فرۆشتووە، بەڵام جۆری دیكەشی هەیە و لای ئێمە نە دەفرۆشرێت و نە توانای كڕین و فرۆشتنیمان هەیە، كە نرخەكانیان زۆر خەیاڵییە و تا 10 هەزار دۆلار و زیاتر ڕۆیشتووە، كە ئەو جۆرانە زێدەتر وەك شتی گرانبەها و دەگمەن سەیر دەكرێن و كەمتر بەدەست ئەو كەسانەوە دەبینرێت، كە خوولیای كۆكردنەوە و بەدەستەوەگرتنی تەسبیحیان هەیە.
عەبدوڵڵا تۆفیق تەسبیحفرۆش