سهرهتا وتار هەولێر ڕابەرایەتی جموجۆڵەکانی یەکخستنی کوردانی سووریا دەکات
عەبدولحەلیم سلێمان
پرسە ئاڵۆزەکانی کورد، لەپشت یەکەمین کۆبوونەوەی لەم جۆرەی نێوان ئەو دوو کەسەدا بوون، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە سەڵاحەددین، سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کرد، بەیاوەری شاندێکی سەربازی لە هێزەکانی (هەسەدە)دا ک، لەتەک ژمارەیەک بەرپرسی هەرێم، لەنێویاندا عەبدولحەمید دەربەندی، بەرپرسی ڕۆژەڤی سووریا لە بارەگای بارزانی، کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی عەبدی کرد و بانگهێشتنامەی سەردانیکردنی بارزانی بۆ بردبوو. دیدارەکەی نێوان بارزانی و عەبدی، لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتە تەناهی و سیاسییەکانی ئەوێ بوو، هەروەها باس لە چوارچێوەی گشتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخە نوێیەکان کرا لەلایەن لایەنە کوردستانییەکان و ڕێگەکانی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەش، لە نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریادا. هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، لایەنە کوردییەکان لە سووریا مافی ئەوەیان هەیە، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە شێوازی ئاشتیانە، بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیشیان لە میانی یەکخستنی ڕیزەکان و گرتنەبەری یەک هەڵوێست، بۆ گەیشتن لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تازە لە سووریا، پێویستە لایەنە کوردییەکان کۆڵ نەدەن، ببنە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری و کار لەسەر ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بکەن، کە گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا بەسەریاندا هات. لەلای خۆیەوە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، دڵخۆشی خۆی بە دیداری بارزانی دەربڕی، جەختیشی لەوە کردەوە، یەکڕیزی هەڵوێستی کورد و ئاسایشی ناوچەکە، بەرپرسیارێتی هەموومانە و دەبێت هاوکاری یەکتری بکەین.
ڕۆژەڤە ئاڵۆزەکانی کورد
لەسەرووی لیستی ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی دیدارەکەی نێوان بارزانی و عەبدی، بوونی ژمارەیەک ڕۆژەڤی ئاڵۆزی ناکۆکین، لە نێوان لایەنە کوردستانییەکانی سووریا و نەگەیشتنی تاکو ئێستایە بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی، سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی نزیک لە بارزانی لە خۆسەری و ناسەقامگیری ناوچەکەیە، بەهۆی ئەو هێرشانەی کە لە لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیا و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی تورکیاوە دەکرێن، جگە لە نەبوونی هاوئاهەنگییەکی سیاسیی لە نێوان لایەنە کوردییەکان، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کارگێڕی نوێ لە دیمەشقدا. لەوەتەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕووخاوە و دەسەڵاتی دیمەشق گۆڕاوە، کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و بەیەک گەیشتن لەگەڵ سەرکردایەتی نوێ لە سووریا دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەوەی لەم ماوەیە کورتەدا ڕوویدا ئەوەیە، زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسیی کورد، هەوڵیاندا بە شێوەی تاکەکەسیی پەیوەندی بە سەرکردایەتی نوێوە بکەن، ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر یەکگرتوویی ئامانجەکان دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازی هەڵوێستەکەش، وەک کیفاح مەحمود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: بارودۆخە نوێیەکە وای کرد، سەرۆک بارزانی، نێردەی خۆی ڕەوانەی ناوچەکانی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات، لەوێ چاوی بە عەبدی کەوت و پەیامێکی ڕوونیشی هەڵگرتبوو، بەوەی ئامانجەکە یەکە، بەڵام لەسەر چۆنیەتی گەیشتن پێی لە ڕێگەی دیدگای سیاسییانەوە ناکۆکن.
تیمێکی یەکگرتوو
ڕاوێژکاری بارزانی ڕاشیگەیاند، سەرۆک بارزانی، کار لەسەر یەکخستنی ئەو هێزانەی کوردی سوریا دەکات لە شاندێکی دانوستانکاری یەکگرتوودا ، بەجۆرێک هێزی یەکدەنگیی ببێتە هەڵوێستی کورد لە سووریا بۆ خستنەڕووی پرسەکەیان، کە دانی پێدانەنراوە و باسیش نەکراوە، نەخاسمە کە دەرفەتەکە بۆ کردنەوەی هەموو ئەم ڕۆژەڤانە، لەگەڵ کرانەوەی سەرکردایەتی سیاسیی نوێ لە سووریادا ڕەخساوە. یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ هەولێر، قنیات هێنان بە بارزانی بوو، بۆ ئەوەی نێوەندگیری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات، بەو پێیەی ئەنقەرە (هەسەدە) بەوە تۆمەتبار دەکات، سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی یاساغە لەلای، هەر بۆیە زۆربەی کردە سەربازییەکانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ سەر ئەو بووە و تاکو ئێستاش هەر لەبەر هەمان هۆکار هێرش دەکات، بە تایبەت لە ناوچەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک کە دەکەونە سەر ڕووباری فوراتەوە. ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی پێی وایە، ئێستا هەلومەرج بۆ جیاکردنەوەی (کوردستانی سووریا و کوردستانی تورکیا) لە ڕوانگەی سەربازییەوە لەبارە، بەو پێیەی تورکیا داوا دەکات، پەکەکە نابێت لە دەرەوەی تورکیادا هیچ درێژکراویەکی هەبێت، ئێستاش هەوڵی بەردەوام بە پشتیوانی بارزانی و سەرکردایەتی کوردستان هەیە، کە جۆرێک لە ڕێککەوتنی لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕووداوەکانی سووریا جێدەهێلێت، ڕوونیشی دەکاتەوە، سەردانەکەی عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری بارزانی و دیدارەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، بەم نزیکانە شتێکی ئەرێنی لەسەر گۆڕەپانی سووریای لێ بەرهەم دێت.
حەڕامکردنی کوشتار
سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان پارتە کوردییەکان هەیە لە سووریادا، کەچی نەگەیشتووەتە ئاستی ململانێی چەکدار و کوشتار لە نێوانیاندا. بارزانی بەرزکردنەوەی تفەنگ و چەک لە چالاکییە سیاسییەکاندا حەڕام کردووە، عەبدولحەمید؛ بەم دەربڕینە باسی ئەو ناکۆکییە سیاسییانە دەکات، کە ڕێگریی لە لایەنە کوردییەکانی سووریا کردووە، بگەن بە ڕێککەوتن و یەکخستنی هەڵوێستیان، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە گەورانەی لە وڵات ڕوویان داوە، ئاماژە بە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکات، لە میانی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لە ژێر چاودێری ئەو، لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا، چونکە ئامانجی هاوبەش، کە ئەم چالاکییانە نزیک دەکاتەوە، یەک ئامانجە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی کوردەوە، ئەگەر ئامرازەکانی هەر چالاکییەکی سیاسیش لە یەکتری جیاواز بن. ڕاوێژکاری بارزانی لە کۆتاییدا گوتی: هەلومەرجی ئێستا، وەک هەلێکی زێڕین وایە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی وڵات، بە شێوەیەک کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان بکات، ئەوانەی بەدەست ستەمکارییەوە دەیانناڵاند.
کۆنگرەیەکی چاوەڕوانکراو
لەمیانی سەردانی نێردەکەی مەسعوود بارزانی، بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەربەندی، دوای دیداری لەگەڵ سەرکردایەتیی (هەسەدە)، چاوی بە سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردیش کەوت لە شاری قامیشلۆ، کە پێشتر بۆ دیداری بارزانی سەردانی هەولێریان کردبوو، دوای دیدارەکەش، وتەبێژی ئەنجومەنەکە، فەیسەڵ یوسف، ڕایگەیاند، سەردانی نێردەی سەرۆک بارزانی، سەهۆڵبەندی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریای شکاند، ئەوان ئامادەن لەگەڵ پارتە نزیکەکان لە خۆسەر و هەسەدە ڕێکبکەون، نەخاسمە ئەوان هەنگاوێکی گەورەی ڕێککەوتنیان لەسەر بەڵگەنامەی پێشوو بڕیووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن بارزانییەوە دڵنیا کراونەتەوە، هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەو قۆناغە دەدرێت، لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کورد لە سووریا، لە ڕێگەی یەکخستنی دیدگا و ئامانجەکانیان و بەشداریکردنی کارایانە لە سووریای نوێدا. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا، کۆنگرەیەکی فراوان لە نێوان لایەن و چالاکءانانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبچێت، کە بۆی هەیە لەسەر دیدگایەکی سیاسیی هاوبەش بەرامبەر بە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سووریا و شێوەی دەوڵەتی سووریا ڕێکبکەون، جگە لە پێکهێنانی چەند تیمێکی سیاسیی و تەکنیکی، کە لە ئەنجامی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوانیاندا دروست بکرێن.
ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەمریکا
لە میانەی سەردانەکەی دەربەندی بۆ قامیشلۆ و گەشتەکەی بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی، سکۆت بۆڵس، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا یاوەری بوون، ڕێوشوێنی لۆجیستی سەردانی نێردەکەی کوردستان بۆ سووریا، هەروەها سەردانەکەی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بۆ هەولێر، لەلایەن ئەمەریکاوە ڕێکخرابوو، جگە لەوەی واشنتۆن لە گەڕەکانی پێشوو و خۆشکردتی کەشوهەوا لە نێوان پارتە کوردییەکانیش، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە نزیکخستنەوەی بۆچوونەکان هەبوو، بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتن بگەن، وەک چۆن لە سەرەتاشەوە لە ژێر چاودێری، ویلیام ڕوباک، باڵیۆزی ئەمریکا، لەگەڵ هەوڵەکانی فەرەنسا، کە نێردە دیپلۆماسییەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرکردایەتی دەکرد ئەنجام دران. نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیکیش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێشوازی دەکات لە کۆبوونەوەکەی نێوان بارزانی و مەزڵوم عەبدی لە هەولێر، جەختی لەوەش کردەوە، گفتوگۆی ناوخۆی کورد، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە پتەوکردنی گواستنەوەی سیاسیی هەمەلایەن لە سووریا بگێڕێت.
و: ڕەمزی میرەکانی