ئیحسان بابان: لە چاكسازییەكاندا 5649 زیندانیكراو هەن، 1527 كەسیان بە مادده‌ی هۆشبه‌ر سزادراون و 63 كەس لەو ژمارەیە له ره‌گه‌زی مێین
دكتۆر رێدار حەمەئەمین: پێویسته لایەنە پەیوەندیدارەكان دۆخه‌كه وه‌ك حاڵه‌تی ئیمێرجینسی سەیر بكەن و هه‌نگاوی بەپەلە و خێراتر بگرنەبەر
خه‌بات: ئاشتی شه‌هباز:- به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر یان ئەوانەی بە ئاڵوودەبوو (معتاد) ناسراون، به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی لە ساڵانی شەستەكاندا، وەك تاوانبار پێناسەكراون و سزادراون، بەڵام دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی وڵاتانی ئەورووپا و هەندێك وڵاتی عەرەبیدا لەبارەی ئالوودەبووانەوە هاتە ئارا، چیتر ئالوودەبوو وەك تاوانبار هەژمار نەكرا، بەڵكو وەك قوربانیی دەستی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و بەپێی واقیعی ڕووداوەكان حوكمە یاساییەكان لەسەریان جێبەجێ دەكرێت، ئەوەی وەك تاوانباریش پێناسەكراوە، بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیارەی ئایا یاسای هه‌مواركراوی ژماره ( 1 )ـی ساڵی 2020 ـی تایبه‌ت به كه‌سانی ئالوودەبووی مادده‌ی هۆشبه‌ر و گۆڕانی پێناسەكەیان له تاوانباره‌وە بۆ نه‌خۆش، چۆته قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه ؟ ئیحسان عه‌بدولره‌حمان بابان به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ رۆژنامەی خه‌بات گوتی: به‌داخه‌وه، تا ئێستا نەتوانراوە سەنتەرێكی تایبەت به شیاندنه‌وه و شوێنێكی شایستە به‌چاره‌سه‌ری ئالووده‌بووان له ده‌ره‌وه‌ی چاكسازی بكرێتەوە، به‌و هیوایەین له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و یاسایه به‌ركاربێت، له كاتێكدا له مادده‌ی 7ـدا به‌ڕوونی لایەنی پەیوەندیدار پابه‌ند كراوە به كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری شیاندنه‌وه و سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام ئێمه دانه‌نیشتووین و هه‌وڵی خۆمان داوه وه‌كو وه‌زاره‌ت توانیمان له‌سه‌ر ئه‌ستۆی خۆمان سه‌نته‌ری شیاندنه‌وە بۆ ئالووده‌بووان له ناو چاكسازییه‌كان بكەینەوە، به‌و مه‌رج و خاڵانه‌ی پێویستن، كە له ئێستادا لەنێوان 750 كه‌سی ئالووده‌بوو 501 كه‌س لە سه‌نته‌ره‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، هاوكات له هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكین له ناو قه‌زای شه‌قڵاوه بۆ وه‌رگرتنی چاره‌ی پێویست بۆ تووشبووانی ده‌رەوە‌ی چاكسازی.
ئیحسان عه‌بدولره‌حمان بابان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاكسازییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان دەشڵێت: له ئێستادا شه‌ش چاكسازی هه‌ن و له گه‌رمیانیش خه‌ریكی كردنه‌وه‌ی چاكسازین بۆ نه‌هێشتنی قه‌ره‌باڵغی، بۆ زیاتر كاراتركردن و باشتر ئاگاداری كار‌و چالاكی و پێویستییه‌كانی ناو چاكسازییه‌كان بین، به به‌رنامه‌و پلان ده‌ستمان پێكرد، دوای ده‌ستبه‌كاربوونمان و له‌رێگای بە ئەلیكترۆنیكردن و به‌ستنه‌وه‌یان به سیسته‌م و داتابیس پێكه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كار و ئەوەی لێره له به‌رده‌ستماندایه، خولەك به خوله‌ك ئاگاداری هه‌موو كار و هه‌نگاوه‌كانین، كاركردن له‌سه‌ر دۆخی سزادراوان و خزمه‌تگوزارییه‌كانمان به‌ره‌و پێشه‌وه برد، ( 5649 ) كه‌سی سزادراو له چه‌كسازییه‌كانی هه‌رێم هه‌ن، له كۆی ئه‌وانەش ( 1527) كەس بە سزای مادده‌ی هۆشبه‌ر سزادراون و ( 63) كەسیان له ره‌گه‌زی مێن و منداڵی 11 ساڵانیشی تێدا هه‌یه، له كۆی 1528 كەسیش 801 كه‌سیان بازرگانن.
به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازییەكانی هەرێم گوتی: زیندانیكراوان له‌ناو چاكسازییه‌كان هەموویان پێكه‌وه‌ن، به‌ڵام ئێمه پۆلێنمان كردوون و هه‌ر كۆمه‌ڵێك به تاوانێك له هۆڵێكی به‌جیان، وه‌ك دزی، كوشتن، مادده‌ی هۆشبه‌ر، له‌ناو ئه‌وانه‌ی به مادده‌ی هۆشبه‌ر گیراون به‌كاربه‌ر و بازرگانمان له‌گه‌ڵ یەكتر جیا كردۆته‌وه، ئێستا به‌سیسته‌می جیاواز له ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه كارده‌كه‌ین، كە پێكهاتوون له دابینكردنی خواردن، خوێندن، بنكه‌ی ته‌ندروستی، دابینكردنی پارێزه‌ر و مۆڵه‌تی چوونه ماڵ و هه‌روه‌ها بۆ خێزانداره‌كان شوێنی تایبه‌ت بۆ مانه‌وه‌ی خێزانه‌كان (خلوه الشرعیە) به‌شێوه‌یه‌كی باشتر په‌ره‌مان پێداوه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری باشی له رووی ده‌روونی هەبووە، هه‌روه‌ها كاریگەری له سه‌ر دابه‌زینی رێژه‌ی جیابونه‌وه‌ی سزادراوان به رێژه‌ی %100 دروستكردووە.
دەشڵێت: له ناو سه‌نته‌ره‌كانی شیاندنه‌وه بۆ كه‌سانی تووشبوو به مادده هۆشبه‌ره‌كان له چاكسازییه‌كان دابینكردنی قۆناغه‌كانی خوێندن و ڕاهێنانی پیشه‌یی و خولی تایبه‌ت و سمنیارو دانیشتن له‌گه‌ڵ پزیشكی ده‌روونی و چاره‌سه‌ركردنیان و وتاری ئایینی له‌لایه‌ن مامۆستای ئایینی و فه‌راهه‌مكردنی كات به‌سه‌ربردن و وه‌زرشكردن و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان، به‌پێی راپۆرته‌كانی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی دابین بكەین، كه توانیمان به شێوه‌یه‌كی باش و له رێگای وتاری ئایینیەوە ڕۆڵێكی باشی گێڕاوه و تێیدا سه‌ركه‌وتووبووین، وه‌زیری دادی عێراق به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانی نوێنه‌رانی حكوومه‌تی عێراقی بۆ چاكسازییه‌كان سوپاسنامه‌یان ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ران و وه‌زارت كردووه به‌بۆنه‌ی پێشكه‌وتن و په‌رپێدانیان له بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كه‌سانی تووشبوو به مادده‌ی هۆشبه‌ر، سه‌ره‌ڕای كاریگه‌رییه‌كانی قه‌یرانی دارایی له هه‌رێم.
له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌كاربه‌رانی ماددەی هۆشبەر وه‌ك نه‌خۆش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و شوێنی تایبه‌ت به شیاندنه‌وه هه‌یه و دكتۆر مامه‌ڵه‌ی نه‌خۆشیان لەگەڵ دەكات و وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی دیكه سه‌یریان ده‌كات، دكتۆر ڕێدار حەمەد ئەمین پزیشكی ده‌روونییە و دەڵێت: له هه‌رێمی كوردستان خۆشبه‌ختانه له ساڵی 2020 گۆڕانكاری له یاسای به‌ركاربه‌رانی ماددەی هۆشبەر كرا و وه‌ك نه‌خۆش چه‌سپێندرا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌هه‌مان شێوه له عێراقیش له ساڵی 2014 ـه‌وه یاساكە چه‌سپێندراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر دره‌نگ ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌یشته كوردستان و كاری له‌سه‌ر كرا.
دكتۆر رێدار حەمه‌د ئه‌مین پزیشكی ده‌روونی له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونیی هه‌ولێر دەشڵێت: هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه به‌كاربه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌سی تاوانبار بە بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر تێكه‌ڵ بكرێت و له‌یه‌ك شوێن بن، به‌تایبه‌ت به‌بێ هیچ مه‌رجێكی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و ده‌رووندروستی، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌كاربه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه دووباره ئیستغیلال بكرێت و بكرێته بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، یاخود تووشی كاری خراپتربێت و ئه‌و رووداوانه‌ش هه‌ن و روویانداوه.
ئەو پزیشكە گوتیشی: توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه رێژه‌ی به‌رزی ناو به‌كاربه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له چینی بێكار و گه‌ڕه‌كه میللییه‌كان هه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی ده‌روونیان هه‌یه و ئاسان به‌رده‌ست بوون، به‌ڵام له ئێستادا هیچ توێژێك به‌ده‌ر نییه و هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگای به هه‌ردوو ره‌گه‌زییه‌وه و تا به منداڵانیش ده‌گات، گرتۆته‌وه.
لەبارەی كاریگه‌رییه‌كانی كه‌سی ئالووده‌بوو له‌سه‌ر خێزان، بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكان كاتێك جه‌سته‌ی لاواز ده‌بێت پێویستی به بڕێكی زیاتری ماددەكە ده‌بێت، به‌و هۆیه‌وه‌ش ناتوانێت كار بكات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر باره داراییه‌كه‌ی درووست دەبێت بۆ په‌یداكردنی پاره‌ی ئه‌و ماددانه، كه گرانن، بۆیە ده‌ست بۆ قه‌رزكردن و فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی ماڵ و خێزانه‌كه‌ی دەبات و ره‌نگه بۆ دزی و تووشی لادانیش ببێت بۆ په‌یداكردنی، به‌مجۆره پێگه‌ی كار و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، دواجار هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و كێشه‌ی خێزانی و هه‌روه‌ها كێشه‌ی ده‌روونییش ده‌بنه‌وه، ئه‌وكات رێژه‌ی تاوان و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیابوونه‌وه به‌رزده‌بێته‌وه.
د. ڕێدار حەمەئەمین دەڵێت: بەداخەوە به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كوردستان له دیارده ده‌رچووه و ئێستا بۆته ئه‌مری واقیع و كێشەی گه‌وره‌و كاره‌ستبار ئه‌وه‌یه له‌ناو زانكۆكان و خوێندنگه‌كان بڵاوبۆته‌وه و رێژه‌یه‌كی زۆر له قوتابیان تووشی بوونه، بۆیه پێویست ده‌كات حكوومه‌ت هه‌نگاوی خێراتر بنێت له كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رو وه‌ك حاڵه‌تێكی ئیمێرجینسی سه‌یر بكرێت، وه‌ك ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی پێویسته بپارێزرێت و رێگری له‌و دیارده‌یه بكات، مه‌ترسی مادده‌ی هۆشبه‌ر له جه‌نگی دژ به داعش مه‌ترسیدارتره، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه دیارنییه و له كاتێكدا خه‌ریكه بگاته هه‌موو ماڵێك.!

دكتۆر ڕێدار حەمەئەمین پزیشكی پسپۆری ده‌روونی و جێگری نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی، سه‌باره‌ت به شوێن و شێوازی ژیان و مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ (به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر) وەك نه‌خۆش ده‌ڵێت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت له‌زیندان بن و له‌گه‌ڵ تاوانباره جۆراجۆره‌كان پێكه‌وه له یه‌ك شوێن بن، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر رووی له هه‌رێمی كوردستان كردووه و خه‌ڵكی بیانی و ئاواره‌و په‌نابه‌ران زیادی كردووە، بۆیەش رێژه‌ی تاوان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ژمارە‌ی به‌ركارهێنه‌رانی ماددەی هۆشبەر زیادی كردووه، به‌پێی پێوه‌ره زانستی و ستانداردە جیهانییه‌كان، بەشی چاكسازییەكان پێویستیان به باڵەخانەی گه‌وره‌تر و زیاتره، به‌رێوه‌به‌ری گشتی چاكسازییەكانی هەرێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا و گوتی: پرۆژه‌یه‌كمان ئاماده كردووه و ئێستا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغی ناو چاكسازییه‌كان به لێبووردنی گشتی و رێژه‌یی بۆ ئه‌وانه‌ی ئاشته‌واییان كردووه و و یا حوكمە‌كه‌ی نزیكه له ته‌واوبوون و ئه‌وانه‌ی مه‌ترسی نین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و مافی گشتییان له‌سه‌رنه‌ماوه, هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه و ئیفلیجی مێشك و جه‌ڵته‌ی مێشك و ڤایرۆسی جگه‌ری توند هاتوون، كە به لێبووردنی تایبه‌ت ئازاد بكرێن و ئێستا له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لێژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه بۆ ئازادكردنیان و پێدانەوەی چانسێكی دیكه، تا بگه‌ڕێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگا، به‌و هیوایه‌ین دوای ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مان یه‌كه‌م پرۆژه‌یان ئەوە بێت.










