خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەند سەدیق حوسێن لە دایکبووی 1970ی شاری قەڵادزێیە و بەشی شانۆ ساڵی 1997 لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر تەواوکردووە. دواتریش بەشی سینمای لە کۆلیژی هونەرەجوانەکان تەواوکردووە و ئێستا مامۆستایە لە چالاکی قوتابخانەکانی گشتی بەشی شانۆ، لەدیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی خەبات چەند پرسیارێکمان ئاراستەکرد.

یەکەم کاری هونەریت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
یەکەم کاری هونەریم وەک ئەکتەر لە شانۆی (ڕاوچی) بوو ساڵی 1986 لە نووسینی حەیدەر عەبدولڕەحمان بوو، کە تێیدا ڕۆڵی شێتێکم بینی بە ناوی (سمە شێت),ئەم شانۆیە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو بۆ ئەوکات. بەڵام یەکەم کاری پراکتیکیم بۆ دەرهێنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992 لەەشانۆگەریی (شۆڕشی تەرماییەکان) کە کاری دەرهێنانم بۆ کرد بەشێوەیەکی زانستی وەرچەرخانێکیش بوو بۆ ئەو کاتە, ئەم شانۆگەرییە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو لە هەولێر، دواتر لە شاری کۆیەش نمایشکرا.

بۆچی شانۆ گەریی چۆلەکەیەک لە تاو ئازارەکانی سەما دەکات جیاوازە لە کارە هونەرییەکانی دیکە؟
چۆلەکەیەک لە تاو ئازارەکانی سەما دەکات، یەکێکە لەو نمایشانەی کە بنەماکانی شانۆی ساتی تێدا بەرجەستەکراوە. چونکە ئەکتەر لە شانۆی ساتدا، ناتوانێت خۆی حەشار بدات لە پشت هیچ ماسکێک کە بۆی دیاریکراوە، بۆیە شانۆی سات، واتە لە دایکبوونێکی نوێ بۆ پرسیارێکی نوێ، بۆ ئەمەش پێویستە بەشداربووانی شانۆی سات هەمیشە بخونێتەوە و فێرببێت.

شانۆگەریی شەوێک لە دۆزەخدا چۆن لە دایکبوو؟
بیرۆکەی کۆچ و کۆچبەرانە، کە کێشەیەکی بەردەوامە لە نێو هەموو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو پێشکەوتوودا، بەڵام جیاوازی مۆنۆدرامایی شەوێک لە دۆزخدا، ئەوەیە کە بنەماکانی مۆنۆدرامای لادراوە، بۆنموونە گێڕانەوە لەم نمایشە نییە، هەروەها سینۆگرافیا ئاشکرا نییە و پانتایش فراوانە بۆیە شانۆگەریی شەوێک لە دۆزەخدا، دوای بەدەست هێنانی چەندین خەڵات چەندین جاریش نمایشکرا لە فیستیڤاڵەکانی ئامەد و دیار بەکر و شارەکانی سلێمانی و هەولێر و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی، هەروەها لە فیستیڤاڵی فەجر لە ئیران نمایشکراوە، تا ئێستاش بەردەوام دەوامان لێدەکرێت ئەم نمایشە دووبارە بکەینە کە نووسین و ڕۆڵ بینین و کاری دەرهێنانی خۆم کردوومە، ئەمەش جیاوازی شانۆی ساتە لەگەڵ هەموو نمایشەکانی دیکە لە ڕێبازە هونەرییەکانی دیکەدا.

شانازی بەکام کاری هونەریت دەکەیت؟
شانازی بە هەموو کارەکانم دەکەم، بەڵام ئەو کارەی لە بیرم ناچێتەوە شانۆگەریی هێما سەرەتایەکانی دۆزەخە، کە لە دەقێکی ئاوێزاندا دروست بوو لە نێو مەڕمەڕێکی تەسکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر نمایشکرا و بۆ ماوەی مانگێک، بەردەوامیش داوایان دەکرد تا بە ناچاری نمایشمان ڕاگرت، چونکە خەڵک بەردەوام داوای بینینیان دەکرد.

لە ئێستا خەریکی چیت؟
ئێستا خەریکی ئامادەکردنی شانۆگەرییەکم بە ناوی هیچمان لە خۆمان ناچین.