سهلام عهبدوڵڵا
ڕۆژی شەممە 25ی كانوونی دووهمی 2025، چەند پەرلەمانتارێكی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی هێرش ئامیزیان دژی قووت و بژێوی و بوودجەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، كە مەبەست لێی، ورووژاندنی خەڵكی بێ خزمەت و غەدرلێكراوی ئەو ناوچانەیە كە بەدەست نەبوونی و بێ خزمەتی و دواكەوتووییەوە دەناڵێنن، كە گەیشتۆتە ئاستێك تەنانەت موحتاجی ئاوی ئاسایی خواردنەوەشن كە لە ڕاستی و جەوهەردا ئەوە خودی ئەو حزب و دەسەڵاتانەی خۆیانن ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبەن و ئەوانیان بەو دەردە بردووە، چونكە چی بوودجە و پارە و پڕۆژە و كۆمەك بۆ ئەو ناوچانە تەرخان دەكرێ، ئەوان خۆیان لووشی دەدەن و لە دەیان پڕۆژەی وەهمی و خەیاڵیدا سەرەونگوونی دەكەن كە ئەنجامەكەی ئەو دۆخەیە، كه بەئاشكرا بەناوی پڕۆژە و نائاوەدانی و داڕمانی ئەو ناوچانەوە دەبینرێت.
ئەو ناوچانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو داڕمان و هەژاری و نەدارییەوە دەڕوات و ئەمەش لە كاتێكدا لە 93.5% بوودجەی عێراق بۆ ئەو ناوچانە دەچێت كە لە ڕاستیدا بە ملیاران دۆلار دەخەملێندرێت و كەس نازانێت چی لێ بهسهر دێت، كەچی بەو بوودجە زەبەلاحەشەوە دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە بهلهنگازیدا ژیانی كولەمەرگی و نەداریی دەژین.
بەرانبەر بەو بوودجە خەیاڵییەی ئەو دوو ناوچەیەش، بوودجەی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستان بریتییە لە 6.5% كە ئەویش بەو دهردە بەهەرێم دەگات، كە مانگانه لەدوای دەیان شاند، ئەویش چكە چكە، بە نابهدڵی بەهەرێم دەگات، بۆیە ئەو پەرلەمانتارە كینە لەدڵانە كە ئەو دواكەوتوویی ناوچەكانی خۆیان ناتوانن بە هیچ جۆرێك كە پڕیەتی لە گەندەڵی و دزی داپۆشن، بۆیە دێنە سەر باسی هەرێم و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە ئەو گزی و فزییەی خۆیان پەردەپۆش بكەن، گوایە هۆكاری دواكەوتنی ئەو ناوچانە ئەوەیە كە بوودجەیەكی زۆر بۆ هەرێم دەنێردرێت و ئەو ئاوەدانی و پەرەسەندنەی هەرێم هۆكاری ئەو بوودجە (زۆر؟)ـهیە كە بۆ هەرێم دەنێردرێێت كە ئەویش لە 6.5% بوودجەی هەموو عێراقە.
ههر بۆ زانیاری، بهپێی راپۆرتی ( 2023Global corruption index)ی ساڵانه گهندهڵی له جیهاندا، عێراق له ساڵی 2023دا یهكێكه له گهندهڵترین وڵاتانی جیهان و پلهبهندی (154 له 180) پێدراوه له نێو وڵاتانی جیهاندا، ئێوە یەخەی هەرێم مەگرن، بڕۆن یهخهی دز و جەردەكانی خۆتان و مافیاكانی خۆتان بگرن، كە بەسەدان پڕۆژەی وەهمی و دزییەكانی، كە بەدزیی سەدە ناو دەبرێت بگرن و بە وان بوەڕن بە هەرێم مەوەڕن.