لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا بۆ کاراکردنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی بانگەوازێکی فەرمییەوە، داوا لە سەرجەم فراکسیۆن و ئەندامانی پەرلەمان دەکەن ڕۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان
لە بانگەوازەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 3/11/2026 ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی 6ـەمدا، بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە یاسایی و چاودێرییەکانی خۆی لە سیستەمی حوکمڕانیی هەرێمدا دابڕاوە، ئەوەش بەهۆی تەواونەکردنی ڕێکارەکانی دانیشتنی یەکەم کە لە 2/12/2024ـەوە بە کراوەیی ماوەتەوە.
پەرلەمانتارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتییان کاتێک مانا بەدەستدەهێنێت کە پەرلەمان کارا بێت؛ پەکخستنی ئەم دامەزراوەیەش پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستانە. هەربۆیە، بە پشتبەستن بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێم، ماددەکانی 46، 47 و 48 لە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 1ـی ساڵی 1992 (هەموارکراو)، ماددەکانی 11 تا 14ـی پەیڕەوی ناوخۆ و لەسەر بنەمای نووسراوی سەرۆکی تەمەن لە 9/12/2024 بۆ لێدانی زەنگی کۆبوونەوە لە کاتژمێر 11:00ـی بەیانیان، ئەم بانگەوازەیان ڕاگەیاندووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیاندا، پەرلەمانتاران داوا دەکەن سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی بەرامبەر خوێنی شەهیدان و ئیرادەی دەنگدەران هەڵبگرن و بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن، تاوەکو قۆناغێکی نوێی کاری پەرلەمانی و حوکمڕانیی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.