سیامەند سێلکی
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەرکێکی ڕێکخراوەییدا کە پەیوەست بوو بە پرۆسەی کۆنفڕانسی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکوو سەرپەرشتیاری لێژنەکانی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون، لە سنووری لقی (۱۷)ی شنگال، ئەرکم پێ سپێردرا و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لەو سنوورە مامەوە. بە حوکمی ئەوەی کە زۆرینەی ڕێکخستەکانی پارتی لەو سنوورە کوردی ئێزدین، بە درێژایی حەوت ڕۆژ سەروکار و مامەڵە و سەرەدەریمان لەگەڵ خوشک و برایانی ئێزدی بوو. لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەدا لە بارەی فەرهەنگ و کولتوور و بیروباوەڕی ئێزدییەکان ئاشنای زۆر شتی نوێ بووم کە پێشتر زانیاریم لەسەر نەبوو. ئەوەی من بینیم و گوێم لێ بوو زۆر جیاواز بوو لەوەی کە زۆر جار خەڵکێکی داخ لە دڵ لەبارەی جڤاکی ئێزدییەکان باسی لێوە دەکەن.
بۆ ئەوەی هاوڕێیانم زیاتر ئاشنای واقعی فەرهەنگ و کولتوور و بیرکردنەوەی ئێزدییەکان بن، بە پێویستم زانی بەکورتی و لە چەند خاڵێکدا ئەو ڕاستییانەی بە چاوی خۆم بینیومە باسیان لێوە بکەم.
یەکەم: لەبارەی ماف و ئازادییەکانی ئافرەت، جڤاکی ئێزدییەکان جڤاکێکی کراوە و پێگەیشتووە و هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم ئافرەتدا نییە کە مل بە ملی پیاو ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، لەناو ئێزدییەکاندا ئافرەت سەربەست و ئازادە لە ممارسەکردنی مافەکانی. باشترین نموونەش بۆ ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە لەکۆی (۱۳) لیژنە ناوچەی پارتی کە سنووری (۱۱)یان زۆرینە ئێزدییە ئافرەت بۆ ستافی لێژنە ناوچەکان سەرکەوت، جگە لەمە بۆ ستافی لق و دەیان ڕێکخراویش ئافرەت سەرکەوت.
دووەم: لە بواری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکتر قبووڵکردنەوە، جڤاکی ئێزدییەکان هوشیار و پێگەیشتووە و گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناویاندا قووڵ و بەهێزە و بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەگەل موسڵمان و کرستییانەکان کار بۆ پاراستن و بەهێزکردن پرەنسیپی لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەکەن. باشترین نموونەش بۆ ئەم ڕاستییەی سەرەوە ئەوەیە کە لە هەموو ئەو ناوچانەی کە زۆرینە ئێزدی بوون هەوڵیاندا موسڵمانێک بۆ ستافی لێژنە یان ڕێکخراوەکان سەربخەن.
سێیەم: لە بواری هزری نەتەوەییەوە کوردانی ئێزدی ئینتمایەکی بەهێزیان بۆ کوردستان وەکوو نیشتمان و کورد وەکوو نەتەوە هەیە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە سەرەڕای گوشارەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی هێشتا زۆرینەی ڕەهایان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانن و دڵنیان لەوەی کە تەنیا سەرۆک بارزانی و پارتین کە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ئەوان و هەموو کوردستانییان دەکەن، هەلبەت بەهۆی ئەم بیروباوەڕەوە ئێزدییەکان بەدەست پ ک ک و حەشدەوە زۆر ئازار و مەینەتیان دیوە.
چوارەم: ئێزدییەکان چ وەکوو تاک چ وەکوو جڤاک پشوودرێژ و خوڕاگرن، هەر ئەمەشە وایکردووە کە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە (۷٥) فەرمان کە بۆ قڕکردنیان ئەنجام دراون، ماونەتەوە و بەرگەی زۆر ئازار و مەینەتییان گرتووە.
پێنجەم: لە مامەڵە و سەرەدەریکردن لەگەڵ بەرانبەرەکانیان دوور لە ڕۆحی غرور و لوتبەرزی وەفادار و پاک و ڕاستگۆ و مەرد و مێوان دۆستن.
بێگومان لە سۆنگەی ئەوەی کە خەڵکێکی قاڵبگرتووی هزری داعش هەوڵ دەدات واقعی فەرهەنگ و بیرکردنەوەی ئێزدییەکان بشێوێنێت، هیوادارم توانیبێتم ڕاستییەکی بچووک لە واقعی ژیانی ئێزدییەکان بخەمەڕوو.