کوردیش لە داڤۆس بوونی هەبوو

209

شێرکۆ حەبیب
لە ماوەیەکی کەم هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی هەر لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژاوا بە گەرمی بووە سەردێری هەواڵەکان، و ئەمەش دەستکەوتێکی دیپلۆماسی گەورەیە بۆ کورد و باس و گرفتی کورد و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا بوو بە تەوەری سەرەکی گفتۆگۆکان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دنیادا.

بەشداری و بوونی کورد لەو شوێنانە سەنگێکی گرنگ بە دۆزی کورد دەدات، نەخاسمە کە شاندێک بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بێت، لە ماوەی ڕۆژانی کۆڕبەندی داڤۆس کە کۆربەندێکی ئابووری بووە، بەڵام بابەتی سیاسی زاڵ بوو بەسەر تەوەرەکان، هەرچەندە ئەو کۆڕبەندە بواری ئابووری لەخۆ دەکرێت، بەڵام سیاسەت لەگەڵ ئابووری ئاشنایە.

بەهەرحاڵ ئەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەم ماوەیەدا ئەنجامی دا بایەخ و گرنگی زۆری بە کوردستان دا، هەروەها تێروانینی هەرێمی بۆ ئەو لایەنانە زیاتر ڕوونکردەوە سەبارەت بە گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، ئەمە وەنەبێ بابەتێک یان هەوڵێک بێ سەرۆک وەزیران بۆ یەکەم جار ئەنجامی دابێت، بەڵکوو هەردەم هەوڵەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی لەو چوارچێوەیە چڕ کردووەتەوە، گرنگە لە میانەی ئەو ئاستە بەرزانە گرفتەکانی لە ئارا و لە بەردەم کورد دایە و باسی لێوە بکرێت، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا پشتگیرییە بۆ دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان و، نیشانی جیهانی بدەین کەوا کورد هەوڵەکانی بۆ تەبایی و یەکریزی و پێکەوەژیانە، و پابەندی دەستوورە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان.

لە لایەکی دیکەوە بوونی شاندێکی بازرگانی لەگەڵ بەرێزیان گرنگیی زیاتر دەدات بە بووژانەوەی ئابووریی کوردستان و هەوڵێکە بۆ هاتنی بیانییەکان بۆ بەرهەمهێنان لە کوردستان، کە ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە ئارادایە، گرنگە کورد بە دیپلۆماسییەکی بەهێز لەو شوێنانە بوونی هەبێ کە دەبێتە هۆکاری زیاتر ئاشنابوونی بیانییەکان بە ئارامی و پێکەوەژیان، کە ئەمەش هۆی پێشکەوتن و ئارامییە، وەنەبێ ئەمە جاری یەکەم بێت دەنگی کورد لە داڤۆس بیسترا بێت، چەند ساڵە بوونی هەیە، بەڵام ئەمساڵ و پار زیاتر گرنگی هەبوو، کە ئەمەش هەوکەکانی سەرۆک وەزیران بە ڕوون و ئاشکرا دەخاتەڕوو، کەوا ئەولەوییەتی کارەکانی خزمەتکردنی کوردستانە، بە هەوڵی رێزدار مەسرور بارزانی کورد لە داڤۆس دەنگی بەرز و بیستراو بوو.