سەرۆك بارزانی لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی “شەمس” تیشكی خستە سەر كۆمەڵێ بابەتی هەنووكەیی پێوەست بە هەرێمی كوردستان، پارچەكانی تری كوردستان، عێراق، ناوچەكە و هەموو جیهان بە گشتی و باسی گۆڕانكاریی مێژوویی ناوچەكە دەكات، بەتایبەتی پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا و كاریگەرییەكانی بۆ سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەقی دیداری سەرۆك بارزانی لەگەڵ كەناڵی شەمس
كەناڵی شەمس: ئێوارەتان باش. لە ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣ و دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، بۆ سێپتێمبەری ٢٠٢٤ و شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا ٦٦ رۆژ و دواتر رووخانی رژێمی ئەسەد بە شێوەیەكی لەناكاو لە ٨ی دیسێمبەری ٢٠٢٤، تا دەگاتە سەر گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، ئەو رووداوانەن كە لە قووڵایی دۆزەكانی ناوچەكەدان و كارتە سیاسییەكانیان تێكەڵ كردووە و هاوسەنگییەكانی هەڵگێڕاوەتەوە. ئەو ڕووداوانە كە كاردانەوەی ناوچەكە و نەتەوەكانی لێكەوتۆتەوە. ئاییندەی كورد لە سووریا و ناوچەكە، دۆخی ئێستا لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان. خوێندنەوەی رەنگدانەوەی ڕووداوەكانی سەر ناوچەكە و ئاییندەكەی لەم چاوپێكەوتنە تایبەتە تاوتوێ دەكەین. ١٥ ساڵ لە عێراق ئامادە نەبووم، گەڕامەوە بۆ چاوپێكەوتنی سەرۆك بارزانی و بینیم وەك ئەوەی پێش زیاتر لە ٢٠ ساڵ ناسیم، خاوەن هەڵوێستی روونە كە لێكدانەوەی دیكە هەڵناگرێ.
فراوانتر لە عێراق، كوردی سووریای لە خۆ گرتووە، بۆتە گەرەنتیكاری ئاشتیی كوردی توركیا و ئەركی هێرشە دووبارەبووەكانی ئێران بۆ سەر كوردانی ئێران لە چیاكانی كوردستان بە ئاوارە و شەڕكەرەكانیان لە ئەستۆ دەگرێت. تا وای لێهاتووە كە بۆتە عوڕابی كورد و دۆزەكەیان لە جیهان.
كەسایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ سیاسییەكان موحریجە، راشكاوییەكەی لەگەڵ هونەری سیاسەت و درۆی سیاسەت دژیەكن.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك بەخێر بێیت. ئەمجارە لە كەناڵی شەمس كە یەكەمین كەناڵی كوردستانییە بە عەرەبی و ئاراستەكەی بۆ جەماوەری عەرەبییە. سوپاس بۆ بەدەمەوەهاتنی بانگهێشتەكە. سەرەتا بۆچی كەناڵی شەمس؟ ئەمە پرسیارێكی گشتییە پێش ئەوەی بچینە تەوەرە زۆرەكان. كورد هەمیشە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ئینفساڵینە، كرانەوەی كەناڵی شەمس وەك ئەوەی بە جیهانی عەرەبی دەڵێیت كە ئێمە بەشێكین لە جیهانی عەرەبی و ئوممەتەكە، ئایا ئەمە راستە؟
سەرۆك بارزانی: سوپاس بۆ ئەم بانگهێشتە و پیرۆزبایی كرانەوەی كەناڵی شەمس لە گەلی كوردستان دەكەین. كەناڵی شەمس خواستێكی گەورەی ئێمەی وەدی هێنا. ئامانج لە كەناڵی شەمس بریتییە لەوەی راستیی كوردستان بۆ جیهانی عەرەبی و جیهان بە گشتی بگوازرێتەوە، چونكە بەداخەوە تاوەكوو ئێستا راستی لەبارەی كوردستان غایب بوو و یانیش بە كەموكوڕی یان بە شێواوی دەگوازرایەوە. بۆیە هیوا دەخوازین كە كەناڵی شەمس ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بكاتەوە كە لە رابردوودا هەبوو.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك، پێش ئەوەی بچمە سەر دۆسیە سیاسییەكان، زیاتر لە ٢٠٠ راگەیاندكاری عەرەبی لە ٢٠ وڵات، ئەمڕۆ لە هەولێر دەژین. یەكەم شت كە مرۆڤ بیری دەچێتە سەر، ئاسایش و سەقامگیری و ئازادیی كەسی و دیداری پێكهاتەكان (دەزانم پێت خۆش نییە بە كەمینە ناویان بێنین)، ئەمڕۆ ئێمە هەست بەو ئەزموونە سەركەوتووە لە هەولێر دەبینین، پێموایە و بەبێ موجامەلە، ئەمە بەهۆی هەوڵتانەوەیە. سوپاس بۆ پێشوازیكردنمان و پێشوازیكردن لەو تیمە كە من شانازی بە هەر یەكێكیانەوە دەكەم و سوپاس بۆ ئەو میواندارییە.
سەرۆك بارزانی: منیش زۆر بەختەوەرم بە ئامادەبوونت هاوڕێی ئازیز، بە بوونی ئەو ستافەی كە ئێستا ئامادەن، بەخێرهاتنیان دەكەم و دڵنیایان دەكەمەوە كە لەنێو خەڵكی خۆیان و وڵاتەكەیان دەژین. لە راستیدا حەز بە دەستەواژەی كەمینەكان ناكەین، تەنانەت ئەگەر راستیش بێت، بەڵام رقمان لێیەتی، بۆیە چەند ساڵێك لەمەوبەر چوومە پەرلەمانی كوردستان و داوام لێكردن پشت بە دەستەواژەی پێكهاتەكان ببەستن لەجێی كەمینەكان، بۆیە ئێمە وشەی كەمینەكان بەكار ناهێنین، بەڵكوو پێكهاتەكان بەكار دێنین.
كەناڵی شەمس: باسی پێكهاتەكان كرا، دەچمە سەر سووریا و بە ڕووخانی ئەو ڕژێمە باسی دەكەم كە لوبنانییەكان بە كابووسی سەر لوبنانیان دادەنا و سوورییەكانیش لە زوڵم و سەركوتكردن ژیان، بەڵام لە كۆتاییدا بە شێوەیەكی لەناكاو رژێمی ئەسەد ڕووخا. یەكەم، فەخامەتی سەرۆك، پێشبینیت دەكرد كە ئەو رژێمە بڕووخێ؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا دەمزانی كە رژێم بەدەست پەراوێزكەوتنێكی كوژەرەوە دەناڵێنێت، بەڵام ڕووخان بەو خێراییە، نەوەلا پێشبینیم نەكردبوو. شۆك بووم بە خێرایی ڕووخانەكە، نەك ڕووخانەكە. پێموایە كە ئەو ڕووخانە لە ٢٠١١ ڕووی دەدا ئەگەر ڕووسیا و ئێران و حزبوڵای لوبنان پشتیوانییان نەكردبایە.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كە ڕووس و ئێرانییەكان دەستیان لە ڕژێمی ئەسەد بەردا؟
سەرۆك بارزانی: تەبعەن ئەولەویات و تواناكان هەموویان گۆڕان، پشت بە هێزەكانی سووریا بەسترا، ئەو هێزانەش شەڕیان نەكرد و هەرەسیان هێنا. هەمان ئەوەی كە لە ساڵی ٢٠١٤ لە مووسڵ ڕووی دا لە حەلەب دووبارە بووەوە.
كەناڵی شەمس: سەركردایەتییەكی نوێ لە سووریا هەیە، ئەحمەد شەرع، چۆن سەیری سەركردایەتیی نوێ دەكەیت؟ وریایی و ترس و دوودڵییەك هەیە بەوەی كە ئێمە رژێمێكمان بە ڕژێمێكی تر گۆڕییەوە و ئاسوودەیی دەروونی نییە، بەڵام تا ئێستا هەموو ئەوەی شەرع دەیڵێ، ئەوەیە كە حەز دەكەین بیبیستین. چۆن ئەزموونی شەرع هەڵدەسەنگێنیت تا ئێستا؟ ئایا وریایی و دوودڵیت هەیە یان گەشبینیت بە بوونی؟
سەرۆك بارزانی: راستە ئەوەی تا ئێستا دەیبیستین، قسەی باش و رەوان، هیوا دەخوازین بۆ كردار وەربگێڕدرێت لە داهاتوو، هەقمانە كە هۆشیار بین، چونكە قسە بە تەنیا ناتوانێت بتگەیەنێتە ئەنجام، بەڵكوو قسە دەرگا بۆ كردار دەكاتەوە. هیوا دەخوازین كە هەنگاوە كردارییەكان لە داهاتوو بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و سوودوەرگرتن لە رابردوو و وەرگرتنی دەرس و عیبرەت بێت لە رابردوو. لەسەرمانە چاوەڕێ بكەین.
كەناڵی شەمس: كامانەن ئەو هەنگاوانەی كە دەبێ ئەحمەد شەرع بینێت تاوەكوو هەست بە دڵنیایی بكەن؟
سەرۆك بارزانی: ڕوونە كە كورد لە سووریا بەدەست تەعریب و ریشەكێشكردنەوە ناڵاندوویانە لە ١٩٦٢ەوە لە سەردەمی عەبدولحەمید سەراجەوە بەردەوام بووە تا ئێستا. گرنگترین شت كە پێشبینی دەكەین لە سیستەمی نوێ لە دیمەشق كە كۆتایی بەو مەینەتییانە بهێنێت و هەڵیانبوەشێنێتەوە، ئەمە لەبارەی گەلی كورد و تەواوی پێكهاتەكانی سووریا، بەوەی بە ئازادییان بگەن و هەست بە كەرامەت و هاووڵاتیبوونیان و مرۆڤبوونیان بكەن. هەرچی پەیوەندی بە گەلی كورد لە سووریاوە هەیە، داوایان لێ دەكەین كە رێی دایەلۆگ بگرن، داواش لە دیمەشق دەكەین كە لە تایبەتمەندیی كورد لە ناوچەكە تێبگەن.
كەناڵی شەمس: كاتێك دەڵێن هیوا دەخوازین كورد بە ئازادییان بگەن، ئایا ئەمە مانای وایە كە دەخوازن ببنە خاوەن هەرێم یان فیدڕاڵی یان حوكمی زاتی؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من ئەم بڕیارە بۆ ئەوان جێدێڵم كە لەنێو خۆیاندا تێگەیشتنیان هەبێ و دواتر لەنێوان خۆیان و رژێم لە سووریا. نامەوێ كە جۆری ئەو چارەسەرە دیاری بكەم كە ئەوان پشتی پێ دەبەستن، بەڵام دەبێ ئەوان دەبێ بڕیار بدەن كە چۆن لەگەڵ دیمەشق ڕێك دەكەون.
كەناڵی شەمس: لەم دواییانە چاوت بە بەڕێز مەزڵووم عەبدی كەوت، بە چاوپێكەوتنێكی مێژوویی وەسف كرا، مەزڵووم عەبدیتان بە چی ئامۆژگاری كرد؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە وامانبینی كە بارودۆخەكە گونجاوە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دەخوازێت چاومان بە بەڕێز مەزڵووم كەوت، بە سوپاسەوە هات و پێشوازیم لێكرد و لەگەڵیدا بیروبۆچوون و پێشبینییەكانم ئاڵوگۆڕ كرد، باسی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع بۆ كردم، خاڵی هاوبەش و ناكۆكیش هەیە، ئامۆژگاریم كرد كە بێهیوا نەبێ و پەنا بۆ گفتوگۆ بكات و لە هەر هەژموونێكی دەرەكی دەربچێت و كار بكات بە ئاراستەی یەكخستنی وشەی كورد و هەڵوێستی كورد.
كەناڵی شەمس: كاتێك دەڵێیت هەژموونی دەرەكی، مەبەستت توركیایە بە دیاریكراوی؟ چونكە ئەمڕۆ دەگوترێ كە توركیا لە سووریا سەركەوت.
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە توركیا سەركەوت، بەڵام مەبەستم بارودۆخی ناوخۆییە لە ناوچە كوردییەكە نەك سووریا.
كەناڵی شەمس: هەستت بەوە كرد كە دڵنیاییەك لە لای كوردانی سووریا هەیە یان ئەوان تا ئێستا دەترسن؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا گەشبینن بەڵام بە حەزەرەوە، واتە ترسیشیان هەیە. چونكە ئاییندە نادیارە و نازانن داهاتوو چۆن دەبێت. بۆیە بە هەموو توانامان یارمەتییان دەدەین تاوەكوو بگەن بە داهاتووێكی سەقامگیر و شەرەفمەندانە و گەشەكردوو.
كەناڵی شەمس: لە دیدارەكەت لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی، ئایا هەستت بەوە كرد كە ویستی جوداخوازی لە لایەن كوردانی سووریا هەیە كە داوای ئازادی و دەوڵەتی خۆیان بكەن؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، ئەوان دەیانەوێ بەشێك بن لە سووریا، بەڵام مافیان هەبێت، ئەو مافانەی كە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی سووریاوە لێی بێبەش بوون.
كەناڵی شەمس: چۆن ئامۆژگاریت كرد لە مامەڵە لەگەڵ پەكەكە، ئاڵۆزی لەم بابەتە هەیە.
سەرۆك بارزانی: ئامۆژگاریم كرد بەوەی كە نەچێ لەگەڵ پەكەكە پێكدابدات یان موقاتەعەیان بكات، بەڵام كاتی ئەوەیە كە پەكەكە كوردانی سووریا بەجێ بهێڵێت تاوەكوو خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و دەستێوەردان لە كاروباریان نەكات و ناوچەكە بەجێ بهێڵێت. چونكە بوونیان بە كێشەیەكی گەورە و پاساوێكیشە بۆ دەستێوەردانی توركیا.
كەناڵی شەمس: واتە بوونیان بارە بەسەر سووریاوە؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە.
كەناڵی شەمس: كامەیە ئەو رۆڵەی كە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە سووریا بیگێڕێت؟
سەرۆك بارزانی: هەرێم لە توانایدایە رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت، یەكخستنی هەڵوێستی كورد، هاندانی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، یارمەتیدانیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی هەرێم بەڵام زەروور نییە كە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە سووریاوە كۆپی بكرێت، هەر بەشێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئێمە هەوڵدەدەین لە رووی ئابوورییەوە هاوكارییان بكەین. هیوا دەخوازین نە ئەوان و نە ئێمە ناچار نەبین كە پەنا بۆ بەكارهێنانی سەربازی ببەین.
كەناڵی شەمس: دەمەوێ پرسیارێكی راشكاوت لێ بكەم، لە حاڵەتێكدا ئەگەر كوردانی سوریا زوڵمیان لێ بكرێ و سەركوت بكرێن، ئایا كاك مەسعود ئامادەیە شەڕ بكات و پێشمەرگە شەڕ بكات لەگەڵ براكانیان لە سووریا؟
سەرۆك بارزانی: بە ڕاشكاوانە، هەر كورد نا، بەڵكوو هەر مرۆڤێك زوڵمی لێ بكرێت و ئێمە بتوانین یارمەتیی بدەین، بەبێ دوو دڵی یارمەتی دەدەین.
كەناڵی شەمس: هەستی ئەوەت هەیە كە دەكرێ دیسان كوردانی سووریا زوڵمیان لێ بكرێت؟.
سەرۆك بارزانی: ترس هەیە، بەڵام هیوا دەخوازین كە ئەمە ڕوونەدات.
كەناڵی شەمس: ئایا وای دەبینیت كە ئەزموونی فیدڕاڵی لە عێراق كە لەبیرمە زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، ئێوە پێداگر بوون لەسەر دەستوور بەوەی دەستوورێكی عێراقی هەبێت كە مافەكانی هەرێم بپارێزێت، هەست بەوە دەكەیت كە ئەو ئەزموونە لە عێراق دەكرێ بەسەر سووریاشدا جێبەجێ بكرێت و حكوومەتی مەركەزی و فیدڕاڵی هەبن؟
سەرۆك بارزانی: پێناسەی فیدراڵی بە لای ئێمەوە، یان بڵێم ئێمە بەم جۆرە لە فیدرالی تێدەگەین كە بریتییە لە دابەشكردنی سامان و دەسەڵاتە. فیدراڵی چارەسەرێكی گونجاو و سەركەوتووە بۆ ئەو وڵاتانەی كە نەتەوەی فرەیان تێدایە. سووریاش وڵاتێكی فرەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە، بەپێچەوانەوە من پێموایە كە فیدڕاڵیەت چارەسەرێكی نموونەییە. بەڵام ئەگەر ئاستەنگ هەبوو یان باوەڕ بە فیدڕاڵیەت نەبوو، ئەمە شتێكی ترە. ناونیشان و شێوازەكەی بۆ ئەوان بەجێ دەهێڵدرێت.
كەناڵی شەمس: بەڵام تێگەیشتنێكی عەرەبی هەیە لەسەر ئەوەی فیدڕاڵیەت بە مانای دابەشكردنە بۆ چەند وڵاتێك؟
سەرۆك بارزانی: بەداخەوە ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە، ئێستا كە كێشەكان ڕۆژانە كەڵەكە دەبن، بەهۆی ئەم تێگەیشتنە هەڵەوەیە، تەنانەت لێرە لە عێراق.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەمڕۆ كورد لە عێراق پاش ئەو پێشكەوتنە، ئایا بە شێوەیەكی جیاواز خەون دەبینن، ئایا لە لایەن كوردەكان خەونی جیابوونەوە گەڕاوەتەوە؟ پێشكەوتنەكان لەم رۆژانە لە بەرژەوەندیتانن.
سەرۆك بارزانی: ئێمە بە عەقڵانی هەڵسوكەوت دەكەین، بەبێ هەڵەشەیی و سوودوەرگرتن لە هەلێك كە نازاندرێت ئەنجامەكەی چۆن دەبێت. راستە پێشكەوتن هەیە، بەڵام بابەتی جیابوونەوە، ئەسڵەن بە وشەیەكی ئیستفزازی دەزانین، مافی چارەی خۆنووسین مافێكی شەرعییە و حەقێكی ئیلاهییە كە خوا داویەتی، گەلی كورد و میللەتی كوردیش ئەو مافەی هەیە، بەڵام كەی وەدی دێ؟ دەبێ لە بارودۆخێكی بە تێگەیشتن و ڕێككەوتن بێ لەگەڵ ئەو گەلانەی كە لەگەڵیاندا دەژین لە ناوچەكە. بەڵام ئەگەر نكۆڵی لەم مافەمان بكرێت، ئەمە زوڵمێكی گەورەیە و قەبووڵی ناكەین.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئەم زوڵمە زیاتر لە سەد ساڵ بەردەوام بوو.
سەرۆك بارزانی: بەڵام ئەنجامی نەبوو، میللەتی كورد مایەوە و لەناو نەچوو و كۆتایی نەهات و كۆتاییشی نایەت. بۆیە كێشەكان بەردەوامن و دەبێ چارەسەرێك بدۆزینەوە. دواتر یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە مومكینە، بەڵام ناتواندرێت هیچ دەوڵەتێك بە هێز وابكات ئەو گەلە یان بەشێك لەو گەلە پشتیوانی لەو حكوومەتە بكەن، بەهێز ناتواندرێت پشتیوانی بەدەست بێت و دڵی خەڵك بدەست بێت.
كەناڵی شەمس: هەست دەكەیت ئەمڕۆ كورد بەهێزترن؟
سەرۆك بارزانی: دۆزی كورد بەردەوام دۆزێكی رەوا و بەهێزە، بەڵام هەڵوێستی كورد هەندێكجار وادەكات ئەو دۆزە لاواز بێت یان بەهێز بێت.
كەناڵی شەمس: چۆن هەندێك كات هەڵسوكەوتی كورد، ئایا ئاماژە بە یەكڕیزیی كورد دەدەیت؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، بەداخێكی زۆر، هەندێك جار كورد پێویستییان بە دوژمنایەتی یان ركابەرایەتی نییە، هەڵسوكەوتەكانیان وادەكات زۆر هەلیان لەدەست بچێت، زۆرمان لەمەش بینی.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ كوردانی سووریا بە یەكگرتوویی دەبینیت؟
سەرۆك بارزانی: نا یەكگرتوو نین، بەڵام كار لەسەر یەكگرتنیان دەكەین، هانیان دەدەین بۆ یەكگرتن لەسەر ئامانجێكی چاك و شەریفانە، ئامانجێك كە بەهۆیەوە بە مافەكانیان بگەن، بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژی و خوێنڕان و ئەمانە هەرگیز.
كەناڵی شەمس: كاك مەسعود پشتیوانی لە دامەزراندنی ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك لە سووریا دەكات؟ قسە لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو دەكرێت، بە تایبەت لەسەر سنووری توركیا، بۆ دڵنیایی توركەكان، بەڵام ترس هەیە و گەرەنتی نییە.
سەرۆك بارزانی: هەر ڕێوشوێنێك كە ببێتە هۆی دڵنیایی لایەنە پەیوەندیدارەكان، ڕێوشوێنێكی باشە، تەنانەت ئەگەر دامەزراندنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵراو بێت.
كەناڵی شەمس: بە شێوەیەكی گشتی گەشبینیت؟
سەرۆك بارزانی: گەشبینم بە حەزەرەوە، چونكە نابێ گەشبینی بەبێ حەزەر.
كەناڵی شەمس: لە نۆوەدەكان سەردانی قامیشلیت كرد، ئەوكات سەدان هەزار كوردی سووریا پێشوازییان لێكردیت، كوردەكانی سووریا نامەیان بۆ ناردووم و پێت دەڵێن كە قامیشلی بیرت دەكات، فەخامەتی سەرۆك ئێوە بیری قامیشلۆ دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: قامیشلی لە دڵدایە. هیوا دەخوازم لە نزیكترین كاتی مومكین و لە هەلێكی گونجاودا سەردانی بكەم، منیش بیری قامیشلی و خەڵكی قامیشلی و هەموو برایانی كوردم لە سووریا كردووە.
كەناڵی شەمس: یەكێك لە هاوكارانمان بە ناوی هەمبەرڤان كوسە، كوردێكی سووریایە و پەنابەرێكی سیاسییە لە ئەڵمانیا، ڕووبەڕووی زوڵم بۆتەوە، تۆ بە ڕوونایی چاوم ناو دەبات، چۆن ئەم خۆشەویستییە بۆ مەسعود بارزانی لێك دەدەیتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من ئەمە بە شەرەفێكی گەورە دەزانم كە گەنجانی كورد لە كوردستانی سووریا و هەر بەشێكی دیكە سەیر دەكەن، پێیان دەڵێم كە منیش هەمان هەست و خۆشەویستیم هەیە. ڕوونایی چاو و دڵم.
كەناڵی شەمس: هەست بەوە دەكەم كە گەشبینیت، حەزەریت، بەڵام ئەمڕۆ لۆمەی سوورییەكان ناكەم، نەك تەنیا كوردانی سووریا، سوورییەكان بە گشتی، ئەگەر هەست بە مەترسی بكەن، ئایا پێشبینیی داهاتووێكی قورس و درێژ دەكەیت وەك ئەوەی لە عێراق پاش رووخانی سەدام رووی دا؟ یانیش وای دەبینیت كە بارودۆخەكە بە خێرایی باش دەبێ؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە كە سیستەمی نوێ لە سووریا دەتوانێت سوودمەند بێت بە شێوەیەكی گەورە لە ئەزموونی عێراق، دەبێ نەكەوێتە ئەو هەڵانەی كە عێراق تێی كەوت.
كەناڵی شەمس: ئەزموونی كورد لە عێراق ئاسان نەبوو، قورس بوو، ئێوە بڕیارتان لەسەر دەستوور دا، بەڵام زۆرجار پێشێلی ئەو دەستوورە دەكرێ.
سەرۆك بارزانی: كێشەكە لە نیەتدایە، ئەگەر نیەتەكە باش بێت، هیچ كێشەیەك نییە لە چارەسەر یاخی بێت، بەڵام ئەگەر نیەتەكە پاك نەبوو، هەزار دەستوور سوودی نییە، ئەمەیە كێشەكە.
كەناڵی شەمس: دەگەڕێینەوە سەر پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق. بینیمان هەڵبژاردنێكی زۆر سەركەوتوو بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی روون پێش كەوت كە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی هێنا و دەگەیشتە ملیۆنێك دەنگیش ئەگەر هەندێك دەنگ هەڵنەوەشێندرابایەوە.
سەرۆك بارزانی: راستە.
كەناڵی شەمس: ئایا پێشبینیی ئەو سەركەوتنە و ئەو دەنگەت دەكرد؟ ئەمە نوێكردنەوەی وەلائی كورد بوو بۆ سەرۆك بارزانی.
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا سەركەوتنەكە گەورەتر بوو لە پێشبینییەكەمان. ئێمە لە سەركەوتن دڵنیا بووین، بەڵام بەو قەبارەیە نا، بۆیە دەمەوێ سوپاسی گەلی كوردستان بكەم بۆ ئەو متمانە سەنگینە. هەڵبژاردنەكە لەژێر سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەغدا بەڕێوە چوو، بەپێی زۆر یاسا كە دادگای فیدڕاڵی دەریكرد. لە زۆر باردا ئۆپۆزسیۆن بە زۆر ئامراز هەوڵی دا لە ڕێی بەغدا و دامەزراوەكانی بەغداوە هەوڵی دا كە كاریگەری لەسەر پارتی هەبێت و پارتی بوەستێنێ و شكستی پێ بێنێت، ئەمە ئامانجەكە بوو، بەڵام گەلی كورد هەموو ئەوانەی بێهیوا كرد و هەموو ئەو هەوڵانەی شكست پێهێنا. وێڕای هەموو ئەو پیلانگێڕییانەی كە هەبوون، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. بە كردەیی ئەگەر هەندێك كێشەی هونەری نەبوایە، پارتی زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی هێنا، لە كاتێكدا زیاتر لە ١٥٠ هەزار دەنگ سووتا. ئەگەر یەك بازنە بوایە، رەنگە كورسییەكانی پارتی لە جیاتی ٣٩ كورسی، زیاتر لە ٤٥ كورسی بوایە. ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەموو عێراق بكرێت و ئەگەر دەنگەكانی كەركووك و مووسڵ بكرێت، پێموایە پارتی زیاتر لە ملیۆنێك دەنگ دەهێنێت و دەبێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق.
كەناڵی شەمس: گوتتان ئەگەر پیلانگێڕی نەبوایە، كێ پیلانگێڕی دەكات؟
سەرۆك بارزانی: بەشێك لە دامەزراوەكانی بەغدا و بەشێك لەو ئۆپۆزسیۆنەی لە كوردستان هەیە.
كەناڵی شەمس: ئایا ئۆپۆزسیۆن پیلانگێڕی دەكات یان ئۆپۆزسیۆنێكی دیموكراسییە؟
سەرۆك بارزانی: ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسی لەسەر سەرم، بەڵام پیلانگێڕی هەبوو، بەشداریكردن لە پیلانگێڕی هەبوو.
كەناڵی شەمس: چیان دەوێ لە پشت ئەو پیلانگێڕییانە؟
سەرۆك بارزانی: دەیانەوێ پارتی شكست پێ بهێنن، بیشكێنن، بچووكی بكەنەوە، دابەشی بكەن، قەبارەبەندی بكەن.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ وەك دەگوترێ، ئەو هەڵبژاردنە نموونەییە لە جیهانی عەرەبیدا و ئەزموونێكی هاوشێوەی نییە.
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا من پێشبینیم نەدەكرد كە هەڵبژاردن بەو شێوەیە و بەو دۆخە ئەمنییە بڕوات، بەڵام بە سووك و ئاسانی بەڕێوە چوو، لەژێر سەرپەرشتیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا و چاودێرانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی فشاری نێودەوڵەتی كرا فەخامەتی سەرۆك؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر هەرگیز، ئەم هەڵبژاردنە دوو ساڵ دواخرا، دەبوایە پێش دوو ساڵ ئەم هەڵبژاردنە بكرێ، پارتی نەبوو كە ئەم هەڵبژاردنەی دواخست، بەڵكوو ئەوانەی كە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆن و بەشێكیان لە حكوومەتدان و هاوبەشن لە حكوومەت، پێیەكیان لەگەڵ حكوومەتە و پێیەكیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە، ئەوانە هەڵبژاردنیان دواخست. داوایان كرد دوابخرێت، تاوەكوو دادگای فیدڕاڵییان لە بەغدا هێنا و دەستێوەردانی كرد و زۆر یاسای گۆڕی.
كەناڵی شەمس: بۆچی پێكهێنانی حكوومەت دواكەوتووە، مادام هەڵبژاردن ئەم ئەنجامەی بەدەست هێناوە، بۆچی پێكهێنانی حكوومەت دواكەوتووە؟
سەرۆك بارزانی: لایەنە براوەكان، لە سەرەتاوە ئێمە گوتوومانە كە ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە، هەریەك دەتوانێت بەپێی شایستەی هەڵبژاردن بەشداریی لە حكوومەت بكات. ئەمە بنەمایەكە پێموایە كە وەدیهاتووە، ئەگینا بۆچی هەڵبژاردن دەكرێت؟ دەكرێ لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی نەرمی لە هەندێك پێگەی دیاریكراو بكرێ. ئێستا شاندێكی پارتی هەیە كە راسپێردراوە بۆ پەیوەندیكردن و دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەكان، دانوستان لەگەڵ هەموان كراوە. لە دوایین دیدارم لەگەڵ شاندەكە، هەنگاوێكی زۆر گەورەیان بڕیوە لەگەڵ شاندی یەكێتی، هیوا دەخوازین كە لە نزیكترین كاتی مومكیندا حكوومەت پێك بێت، بەڵام هەر لایەك هەوڵدەدات كە زۆرترین دەستكەوت بەدەست بهێنێت.
كەناڵی شەمس: ئایا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تر كراوە، نەك هەر یەكێتی؟
سەرۆك بارزانی: لەگەڵ هەموو لایەنەكان، بەڵام بەشێك لە لایەنەكان لە سەرەتاوە بڕیاریان دا كە بەشداریی لە حكوومەت نەكەن، بەشێك لە لایەنەكان ئەسڵەن دانیان بە ئەنجامەكاندا نەنا و رەتیان كردەوە. بۆیە ئەوانەی بردیانەوە و ئامادەییان هەیە كە لە حكوومەت بن یان ئۆپۆزسیۆن بن لە پەرلەمان، بەبێ ئیستسنا، پەیوەندیی بە هەموویانەوە كرا و ڕێز لە بۆچوونەكانیان و هەڵوێستەكانیان دەگرین، لەگەلیاندا لێك تێدەگەین، بەڵام لە ئەنجامدا دەبێ حكوومەت پێك بێت و پێكیش دەهێندرێت ئینشائەڵا.
كەناڵی شەمس: شێوەی ئەو حكوومەتە چۆنە كە هیوای بۆ دەخوازیت؟
سەرۆك بارزانی: من هیوا دەخوازم كە هەموان بەشداریی لە حكوومەتدا بكەن، هەموو ئەو حزبانەی كە لە هەڵبژاردندا بردیانەوە. كوردستان گەورەیە و هەموان رۆڵەی ئەم وڵاتەن و هەمووی مافی لەم وڵاتە هەیە.
كەناڵی شەمس: كێ رێ لەوە دەگرێت؟
سەرۆك بارزانی: هیوا دەخوازم لێیان بپرسیت. ئەگەر هەلت بۆ ڕێككەوت لێیان بپرسە، چونكە من پێم سەیرە بۆچی نا؟
كەناڵی شەمس: ئایا ململانێ لەسەر دەسەڵاتە یان چۆن بەشدارینەكردنیان لێك دەدەیتەوە؟
سەرۆك بارزانی: پێش هەڵبژاردن هەموویان خۆیان ئامادەكردبوو كە دەست بەسەر دەسەڵات و هەموو شتێكدا بگرن، نازانم مافی پەنابەرییان بە پارتی دەدا یان نا؟ ئێمە تا دوایین چركە لەگەڵیان دەڕۆین و داوایان لێ دەكەین و ئێستاش داوایان لێ دەكەین كە بەشداریی لە حكوومەت بكەن. ئێستاش داوایان لێ دەكەم بەشداریی لە حكوومەت بكەن.
كەناڵی شەمس: ماوەیەكی زەمەنی هەیە كە حەز بكەیت ئەو لایەنانە پێیەوە پابەند بن؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ كات كراوە نییە، ناتواندرێت بەردەوام بێت، هەندێك دەڵێن تا ئەوكاتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت پێش مانگی ١٠، مەحاڵە، ناتواندرێت ئەمە قەبووڵ بكرێت. بەڵام دەكرێ لە دوورترین حاڵەتدا دوو مانگ چاوەڕێ بكرێ.
كەناڵی شەمس: كاردانەوەی وڵاتانی بیانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چۆن بوو؟
سەرۆك بارزانی: هەموویان كاردانەوەیان زۆر ئەرێنی بوو و هەڵسەنگاندنێكی بەرزیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو. هەرێمی كوردستان سەنگی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی وەرگرتەوە.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئێستاش هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگاری لەگەڵ بەغدا دەبێتەوە، پاش ئەوەی قسە لەسەر كێشەی مووچە، هەناردەكردنی نەوت لە كوردستان دەكەین، فەخامەتی سەرۆك، بە راشكاوییەكەت، كێشەی راستەقینە لەگەڵ بەغدا چییە؟
سەرۆك بارزانی: بەداخێكی زۆرەوە ئێستا یەك لایەن نییە كە بڕیار دەدات، فرە لایەن هەن. كێشەی راستەقینە نیەتە.
كەناڵی شەمس: كێن ئەو لایەنانەی كە بەردەوام وەك پردێكی ڕێگر دەوەستن تاوەكوو بارودۆخەكە بۆ ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: ئەو لایەنانەن كە شەقامێكیان لە باشووری عێراقەوە تاوەكوو ناوەڕاستی عێراق بونیاد نەناوە، ئەوەی ڕێی لە دروستكردنی قوتابخانەیەك یان زانكۆیەك گرتووە، ئەوەی كە وەستاون لەبەردەم گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە لە عێراق.
كەناڵی شەمس: مەبەستت حزبە شیعییەكانە لە عێراق؟
سەرۆك بارزانی: تكایە وام لێ مەكە بچمە نێو وردەكاری، بەڵام هەندێك لایەن هەن كە نیەتیان بەرامبەر بە كوردستان و تەنانەت بەرامبەر بە عێراقیش خراپە، ئەگینا چۆن ئاوا هەڵسووكەوت دەكەن؟
كەناڵی شەمس: من بەردەوام گوێ لە سەرۆكی حكوومەت بەڕێز سوودانی دەگرم، دەزانم كە بەڕێزیشت ڕێزی دەگریت.
سەرۆك بارزانی: من ڕێزی دەگرم، بەڵام زۆر ئاستەنگ لە ڕێگەیدایە. ئەو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر زۆر بابەت رێككەوت، بەڵام نەیانهێشت ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات.
كەناڵی شەمس: واتە كێشەكە لە سەرۆك وەزیراندا نییە و كێشە لە لایەنەكانە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، لایەنەكانی دیكەیە.
كەناڵی شەمس: چۆن ئەم كێشانە چارەسەر دەبن؟
سەرۆك بارزانی: منیش دۆش داماوم كە چۆن چارەسەر دەبێت؟ نیەت، مرۆڤ هەندێكجار كاتێك راستیی شتەكانی بۆ دەردەكەوێ، نیەت و هەڵوێستی دەگۆڕێت، لە ماوەی ئەم ماوەیە هیوادارم ئەوانە سوود لە ئەزموون وەربگرن. هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەیە، رەنگە رووخساری نوێ و عەقڵی نوێ و خوێنی نوێ بێ كە نیەت خراپەكانی تێدا نەبێ، ئەوەیە هیوای بۆ دەخوازین.
كەناڵی شەمس: هەڵوێستێكی ئەرێنیتان هەبوو لە بابەتی گەڕاندنەوەی موڵكەكان، ئایا ئەمە سەرەتایەكە كە چاوەڕێتان دەكرد؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگ بوو، لە كاتی خۆیدا ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی ڕژێمی بەعس، دەستی بەسەر زەوییەكی فراوانی موڵكی كورد و توركماندا گرت، چەند هەوڵمان دا لە رابردوودا، بەردەوام پەنایان بۆ ئەو بڕیارانە دەبرد، تەبعەن دەبوایە پەرلەمان ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە بەردەوام ڕێژەی یاسایی تەواو نەدەبوو یان دژی دەبوون، تا گەیشتینە ئەوەی كە چەند ڕۆژ لەمەوبەر كرا، من پێموایە كە سەركەوتنی دادپەروەری و ویژدان بوو، بۆیە بە هەنگاوێكی زۆر باشی دادەنێم.
كەناڵی شەمس: ئایا پێتوایە كە شتێك هەبوو لە گەڕاندنەوەی ئەو موڵكانەدا؟
سەرۆك بارزانی: هەندێك دەزگای حكوومەت بیانوویان بەوە دەگرت كە یاسا هەیە و بەركارن، بەڵام ئێستا ئەو یاسایانە هەڵوەشانەوە، زەوییەكان بۆ خاوەنەكانیان گەڕانەوە، ئیتر بە چی پاساو دەگرن؟ دەبێتە داگیركردن و دەست بەسەرداگرتنێكی نایاسایی كە ئەمەش قەبووڵ ناكرێت.
كەناڵی شەمس: ئایا بەمە كێشەی زەوییە كێشەلەسەرەكان چارەسەر دەبێت؟ چی هانی پەرلەمانی دا كە ئەم بڕیارە گرنگە بدات؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر، ئەمە سەرەتایە، پێموایە كە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت. زانیاریم نییە كە چی وایكرد هانبدرێن و ئەو بڕیارە بدەن، دەگوترێ كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان رۆڵێكی نایابیان گێڕاوە، هەروەها پەرلەمانتارەكانیشیان، سوپاسیان دەكەین و سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین كە نەرمی نواند و پشتیوانیی لە دەركردنی ئەو یاسایە كرد.
كەناڵی شەمس: ئایا ئەگەر بۆ چركەیەكیش بیرتان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی كردۆتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا زۆرجار بیرمان كردۆتەوە، بەڵام ئێمە خوازیاری پۆست نین لە بەغدا، سەركۆمار یان جێگری سەرۆك وەزیران یان وەزیرەكان، نەخێر، بابەتەكە نەتەوەیی و كەرامەتی گەلەكەمان و شەراكەتێكی راستەقینەیە. وەزیرێكت هەبێت ئەگەر نەتوانێت نوێنەرایەتیی گەلەكەی بكات و گوێ لە قسەكانی نەگیرێت، تەنانەت لە پەرلەمان، ئەگەر فراكسیۆنی پارتی یان حزبەكانی تر، كاتێك لە پەرلەمان پەنا بۆ زۆرینە دەبەن، بە سرووشتی ئێمە هەمیشە دەدۆڕێین، ژمارەمان ئەو ژمارەیە نییە كە ئێمە بۆچوونمان بسەپێنین. بەڵام ڕێككەوتنێكی بنەمایی هەیە لەسەر سێ بنەمای جێگیر، (شەراكەت و تەوازون و تەوافوق)، عێراق دەبێ بەپێی ئەو سێ بنەمایە فەرمانڕەوایی بكرێ و بەبێ ئەوانە، ئیدارە نادرێت. ئێمە شەراكەتێكی راستەقینەمان دەوێ و پاشكۆیەتی قەبووڵ ناكەین، مەحاڵە.
كەناڵی شەمس: كاتێك بیر لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەكەنەوە، ئەوە مانۆڕێكی سیاسی نییە؟
سەرۆك بارزانی: نەخێر هەرگیز، كاتێك دەگەین بە بڕوایەكی تەواو و رەشبینی بەوەی كە ئەو بنەمایانە كۆتاییان هاتووە، پێویست ناكات بۆچی بەشدار بین لە حكوومەتێك كە بۆچوونت تێیدا نییە و دەسەڵاتت نییە و ناتوانیت زیاد بكەیت و كەمی بكەیتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی وەزیرت هەیە، پێویست ناكات بمێنیتەوە و نابێ ببیت بە شایەدی ساختە.
كەناڵی شەمس: بەڵام كشانەوە لەوانەیە ببێتەوە هۆی شەڕكردن سەرلەنوێ؟
سەرۆك بارزانی: نا نەخێر نابێتە هۆی شەڕ هەرگیز، مەرج نییە.
كەناڵی شەمس: ترست لە عێراق هەبوو لە ئیسرائیل؟ پاش ئەوەی كە ڕووی دا، ڕوون بوو بەوەی كە ئەمجارە وەك ناتانیاهۆ گوتی، دەیەوێ رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، لە لوبنانی دا و لە سووریای دا و هەڕەشەی لە عێراق كرد، چۆن هەستت كرد؟ ئایا عێراق لە مەترسیدایە؟
سەرۆك بارزانی: پێموایە كە ئێستا تاڕادەیەك مەترسی لە عێراق دوور كەوتۆتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە مەترسی هەیە، ئەگەر بۆ نموونە گرووپە چەكدارەكان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان كرد یان مووشەكیان ئاراستەی ئیسرائیل یان هەر شتێكی لەم شێوەیان كرد، پێموایە كە مەترسییەكە زۆر راستەقینە و جددی دەبێت و لە ڕێی كەناڵە فەرمییەكانیشەوە و لە ڕێگەی وڵاتەكانەوە هەڕەشەی جددیی ئیسرائیل و تەنانەت ئەمریكاش بە عێراق گەیشتووە، بەوەی ئەگەر مووشەكگرتنە ئیسرائیل نەوەستێت، ئەوا ئیسرائیل لێدەدات. ئەوەمان لە بەغدا بیست، لە وەزیری دەرەوە و سەرۆك وەزیران.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك پێتوایە كێشە لە عێراق وەك كێشەی لوبنان، میلیشیا هەن كە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و لە دەرەوەی چوارچێوەی سوپای فەرمین، بەرە لەسەر حیسابی خۆی دەكاتەوە و دڵەڕاوكێ لە ناوچە دروست دەكات. لەم رۆژانە بیستم كە بۆچوونی چارەسەرێك كراوە بەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی عێراق لێك بدرێن، ئایا بەمە ئامۆژگارییان دەكەیت؟ ئایا ئامۆژگاری ئەوەیان دەكەیت كە ئەو میلیشیایانە نەهێڵدرێن؟
سەرۆك بارزانی: بە هەر سیغەیەك بێت كە ئەو گرووپە چەكدارانە بیخوازن، بەڵام دەبێ لەژێر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بن و دەستێوەردان لە سیاسەت نەكەن.
كەناڵی شەمس: بەڵام ئەوان دەستێوەردان دەكەن و سیاسەت دروست دەكەن؟
سەرۆك بارزانی: بەم شێوەیە بەردەوام مەترسی لەسەر عێراق دەبێت. هێزی چەكدار، تەنانەت سوپا نابێ دەستێوەردان لە سیاسەت بكات، چۆن گرووپێك كە نەناسراوە ئەمە بكات؟
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك گوێبیستی بنەمای ئاشتی دەبین لەگەڵ ئیسرائیل، ڕێككەوتنی ئەبراهام هەیە، ئایا وای دەبینیت كە كاتەكە گونجاوە بۆ گەڕان بەدوای پرۆژەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ عێراق؟
سەرۆك بارزانی: ئێمە ئەنجامی شەڕمان بینی لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تا دەگاتە ٧ی ئۆكتۆبەر، جگە لە وێرانكاری و خوێنرژان، ئەنجامەكەی چی بوو؟ بابەتەكە ئەوە نییە كە تۆ دەخوازیت یان بۆچوونەكەت دەگونجێ یان ناكۆكە لەگەڵ ئەم لایەن یان ئەو لایەن، بەڵام ئاشتی بریتییە لە ڕێگە و چارەسەرە راستەكە.
كەناڵی شەمس: پاش ئەوەی بینیت لە غەززە.
سەرۆك بارزانی: كارەساتە، ئایا ئەو كارەساتە بەردەوام دەبێت یان دەبێ رابگیرێت. هیوادارم ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێ و ئاشتی رێی خۆی بگرێت.
كەناڵی شەمس: هەرێمی كوردستان دەتوانێت چ ڕۆڵێك لەم پرۆسەیەدا ببینێت؟ ئایا هەرێم دەتوانێت رۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت؟
سەرۆك بارزانی: پێموانیە، خەڵكی لەپێشتر لە ئێمە هەیە، وڵاتان هەن، خەڵك هەن نزیكترن و توانا و بارودۆخیان و بوارەكەیان، ئەگەر هەرێم بتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانە، هەرێم دوودڵ نابێ، بەڵام پێموانییە كە هەرێم لە پێگەیەك بێت كە بتوانێت ڕۆڵ لەم بوارەدا بگێڕێت.
كەناڵی شەمس: پێتوایە هەژموونی ئێران لە ناوچەكە پاشەكشەی كردووە؟ لە عێراق؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕوونە. لە عێراق گۆڕانكاری رووی نەداوە، بەڵام لە لوبنان و سووریا، ڕووخانی ڕژێم لە سووریا لێدانێك بوو لە ئێران بە دڵنیاییەوە، هەروەها حزبوڵاش.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ لەگەڵ گەیشتنی ترەمپ بۆ دەسەڵات، ئایا ئاسۆیەك بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە دەبینیت یان پێتوایە كە ئێران لەسەر هەلوێستی توندی دەمێنێتەوە؟
سەرۆك بارزانی: لە راستیدا ئێرانییەكان زیرەكن، هیوا دەخوازم كە لە ئەنجامدا چارەسەرێكی ئاشتییانە و سیاسی بۆ هەموو ئەو كێشانە هەبێت. بەڵام پێموایە كە دۆخ و پەیوەندی لەگەڵ ئێران یان چارەسەرێكی سیاسی دەبێت، یان بارگرژییەكی مەترسیدار دەبێت، مومكین نییە كە دۆخەكە لە نێوان چارەسەر و چارەسەرنەبوون بێت وەك ئەوەی لە سەردەمی رابردووی ئیدارەی ئەمریكا هەبوو.
كەناڵی شەمس: شێوەی پەیوەندیی نموونەیی نێوان عێراق و ئێران چۆن دەبینیت؟ چونكە عێراق لەسەر سنووری ئێرانە، دەبێ پەیوەندیی داهاتوو چۆن بێت؟
سەرۆك بارزانی: پەیوەندی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندیی ئاڵوگۆڕكراو بێت و هیچ یەكێكیان دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەوەی تر نەكات، ئێران دراوسێیەكە كە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ عێراق هەیە و رەنگە زیاتریش بێت، مێژوو و زۆر هاوبەشی هەیە، ئێران دەوڵەتێكی گرنگی هەرێمەكەیە، بەڵام پەیوەندییەكە دەبێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی موتەبادل بێت.
كەناڵی شەمس: بەڕێزت چاوت بە سەرۆكی ئێران كەوت لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، چۆن بوو ئەو دیدارە؟
سەرۆك بارزانی: وەڵاهی دیدارێكی نایاب بوو، سەرۆكی ئێران بە زمانی كوردی قسەی دەكرد وەك ئەوەی زمانی دایك بێت، فعلەن دایكیشی كوردە، كەسێكی باش و زۆر هاندەر بوو بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكان و چاككردنەوەی ئەو هەڵسوكەوتانەی رابردوو. دیدارێكی نایاب بوو. بە زمانی كوردی قسەمان كرد، هەردووكمان لە یەك شار لە دایكبووین كە مەهابادە، هەردووكمان هەمان ناویشمان هەیە كە مەسعودە.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ یادەوەریی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە لە مەهاباد پێش ٧٩ ساڵ، وەك دەڵێیت سەرۆكی ئێران و بەڕێزت هەردووكتان مەسعودن و لە مەهاباد لە دایكبوون، ئایا هەست بەوە دەكەن كە گۆڕانكاری لە پەیوەندی لەگەڵ كورد هەیە؟
سەرۆك بارزانی: هاتنی سەرۆكی تازە مەسعود پزیشكیان، پێموایە هەلێكی زۆر باشە بۆ باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ كورد. كورد لە ئێران و بەشەكانی دیكەش، بەڵام بەدیاریكراوی لە ئێران.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كورد لە ئێران بەرەو رۆژانێكی باشتر دەڕۆن، چونكە لە رابردوو وەك سووریا، زۆر زوڵم لە كوردان كراوە لە ئێران، چۆن ئاییندەی كورد لە ئێران دەبینیت؟
سەرۆك بارزانی: وەڵامی من باوەڕم وایە و گومانم نییە كە لە داهاتوودا میللەتی كورد بە مافی خۆی دەگات، بەڵام بابەتەكە كات و زەمەنە، بەڵام دەبێ لە هەموو كاتێكدا كورد دژی پەنابردنە بەر توندوتیژی و چەك بێت، لە هەر بارودۆخێكدا.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ تەنانەت پەكەكە دەڵێ كە دەستی بەوە كردووە بە جددی پەنا بۆ سیاسەت ببات.
سەرۆك بارزانی: ئەگەر بیەوێ بمێنێتەوە، ئەگەر بیەوێ رۆڵی لە داهاتوودا هەبێ، دەبێ دەست لە شەڕكردن هەڵبگرێ و وازی لێ بێنێت، چونكە شەڕ بەردەوام ناكۆكییەكان قووڵ دەكاتەوە و كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات، ئەگەر كەسێك ناچار بوو بەرگری لە خۆی بكات، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە.
كەناڵی شەمس: ئەمڕۆ وا دەبیندرێت كە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا سەقامگیرە و پێدەچێ بەرەو باشی چووبێت، پێشتر لە دوایین دیدارم لەگەڵت دۆخەكە زۆر لە دڵەڕاوكێدا بوو لەگەڵ توركیا.
سەرۆك بارزانی: تۆ كێشەیەكی گەورەت خولقاند.
كەناڵی شەمس: ئەو كێشەیەت لەبیرماوە، چۆن وەسفی ئەم پێشكەوتنە لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەیت لەمڕۆدا؟
سەرۆك بارزانی: پەیوەندییەكە باشە و هیوا دەخوازین كە بتوانین ئەو پەیوەندییە لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەكەدا بەكار بهێنین بە شێوەیەكی گشتی.
كەناڵی شەمس: ئایا هەرێم دەتوانێت ئەمڕۆ ڕۆڵ بگێڕێت لە نێوان سوریا و توركیا؟
سەرۆك بارزانی: مومكینە.
كەناڵی شەمس: پێموایە لە میانی ئەزموونی دوورودرێژتان لەگەڵ توركیا، توانیتان بگەنە ئەوەی كە توركەكان دان بە مافی كورد لە ژیانێكی بەكەرامەت و ئازاددا بنێن؟
سەرۆك بارزانی: دیداری فەرمی و لە چاوپێكەوتن و لێدوانەكانی راگەیاندنیش، چ سەرۆك ئەردۆگان یان بەرپرسانی تورك، بە تایبەتی لەم ماوەیەی دوایی، بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە كە كورد و تورك بران، برایەتیی كورد و توركیا، ئەمە شتێكی نوێیە بۆ توركیا، پێشتر ئەمە بە كوفر دادەنرا ئەگەر كەسێك ئەم قسانەی بكردایە، سەرۆكی حزبێك كە پێشتر شێت دەبوو كاتێك ناوی كوردستانی دەبیست، ئێستا ئەو بەو زمانە نوێیە قسە دەكات، ئەمە لە راستیدا پێشكەوتنێكی گەورەیە. هەموان دەڵێن ئێمە كێشەمان لەگەڵ گەلی كوردستان نییە و كێشە لەگەڵ پەكەكەیە كە چەكی هەڵگرتووە و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەكات. دەبێ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ، پەكەكە ناتوانێت حكوومەتی توركیا بڕووخێنێت، لە هەموو بارێكدا لەوانەیە بتوانن بە چەند گرووپێكی لەیەك جیا بمێننەوە و چەك هەڵبگرن و لە شوێنێك بۆسە دابنێنەوە و لە شوێنێك تەقە بكەن، بەڵام ئەمە هیچ ئەنجامێكی لێ ناكەوێتەوە هەرگیز، جگە لە خوێنڕژانی زیاتر، بۆیە دەبێ بەدوای چارەسەری ئاشتییانەدا بگەڕێین، سەردەمی ئەو شەڕانە كۆتایی هاتووە.
كەناڵی شەمس: چۆن ئەم هزرەی توركیا بەرامبەر بە كورد پێشكەوت؟ ئایا ئەمە بۆ كەسایەتیی ئەردۆگان دەگەڕێتەوە یان سیاسەتێكی گشتییە؟ چۆن ئەم هەڵوێستە لەوپەڕی نەرێنییەوە بۆ ئەو ئەرێنییە گۆڕا كە ئێستا دەیبینین؟
سەرۆك بارزانی: من یەكەمجار كە چاوم بە ئەردۆگان كەوت لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەوكاتەی سەرۆك وەزیران بوو، لەو دیدارەدا جەختی لەوە كردەوە كە دەیەوێ چارەسەری دۆزی كورد بكات و باوەڕی بە شەڕ نییە و باوەڕی بەوە نییە كە دەڵێ نابێ گەلی كورد بوونی هەبێت، ئەمە ئەوە بوو كە لە ساڵی ٢٠٠٩ لێیم بیست.
تەبعەن زۆر فاكتەر هەبوو كە ڕۆڵی گێڕا، یەكەمیان ئەوەیە كە شەڕ و جەنگ ئەنجامی نەبوو، نە پەكەكە كۆتایی هات، نە پەكەكە توانی شتێك وەدەست بهێنێت، رەنگە ئەو پێشكەوتنەی جیهان و ناوچەكە هەمووی دۆخێك یان باوەڕێكی لە لای بەرپرسانی توركیا دروست كردبێت كە فعلەن لە ڕێگەی برایەتی و هاریكاری، ئەوەیە كە دەتواندرێت وڵاتەكەی پێ بونیاد بنرێت و سەقامگیریی لە وڵاتەكەدا مسۆگەر بكرێت، ئەوەش باشە.
كەناڵی شەمس: پێتوایە كورد توانیویەتی ببێتە ژمارەیەكی قورس لە ناوچەكە كە ناتواندرێت پشتگوێ بخرێت؟
سەرۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە.
كەناڵی شەمس: تۆ بەم پێشكەوتنەی ئەمڕۆ ئاسوودەیت؟ لە دڵەڕاوكێدا نیت بۆ دۆزی كورد؟
سەرۆك بارزانی، تەبعەن ئاسوودەم، تەحەدیاتی زۆر هەیە، ڕێگەكە قیڕ نەكراوە و بە گوڵیش فەرش نەكراوە، بەڵام پێشكەوتنێكی ئەرێنیی گەورە هەیە، دۆزی میللەتێك دۆزێكی رەوایە و هەر دەبێت لە ئەنجامدا بگاتە كۆتاییەكی مۆفەق و خواستراو ئینشائەڵا.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك، گەیشتنەوەی تازەی ترەمپ بۆ حوكم چی دەگەیەنێت؟
سەرۆك بارزانی: بۆ ئێمە و هەموان سەردەمێكی نوێیە لە ئەمریكا.
كەناڵی شەمس: لەبارەی قسەكانی ترەمپەوە، گوێت لە گوتارەكەی بوو؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، سەیرم كرد.
كەناڵی شەمس: كۆمەڵێك بڕیار هەیە، بڕیاری ئابووری و هەندێك بڕیاری مەعنەوی هەیە، دەگوترێ ئەمریكا و سیاسەتی ئەمڕۆ دەگۆڕێت، گوتیشی تەنیا دوو ڕەگەز هەیە، نێر و مێ؟
سەرۆك بارزانی: من پیرۆزبایی لە سەرۆك ترەمپ دەكەم بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە. من مرۆڤێكی باوەڕدارم، باوەڕم بە خوا هەیە. لە قورئاندا هاتووە: بسم الله الرحمن الرحسیم {يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى}. ترەمپ گەڕایەوە بۆ ئەوەی كە خوا لەبارەی مرۆڤ دایناوە، فعلەن نێر و مێ، بۆیە من پیرۆزبایی لێ دەكەم بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیە.
كەناڵی شەمس: ئێوە پێشتر ئەزموونتان لەگەڵ ترەمپ هەبوو؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەكوو ٢٠٢٠، لە راستیدا ئەزموونێكی سەركەوتوو نەبوو، ئەو نوێبوو، پێدەچوو زانیاریی زۆری لەسەر كورد و ناوچەكە نەبێت. بەشێك لەوانەی دۆسیەی عێراق و كوردستانیان وەرگرتبوو، لە باڵوێزخانەكەیان و بەشی سەربازی و نوێنەرەكەیان، هەموویان لایەنگر بوون لە دژی كورد بە شێوەیەكی سەیر، ئەمە رێكەوتێكی سەیر بوو.
كەناڵی شەمس: بەڵام مادام باسی ترەمپ دەكەین، باسی داعش دەكەین، كورد شەڕی داعشی كرد و بارزانییەكان یەكەمین شەهیدیان پێشكەش كرد، هەست بەوە دەكەیت كە هێشتا مەترسیی داعش هەیە؟ چونكە لەبیرمە كە ئەوكات باست لەوە كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا یارمەتیی زۆری كوردیان داوە لە ئاسمانەوە تاوەكوو لە شەڕەكاندا سەربكەون؟
سەرۆك بارزانی: بەڵێ، كاتێك شەڕ لەگەڵ داعش دەستی پێكرد، پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریكی و هاوپەیمانان، بەڵام ئەمریكا بە پلەی سەرەكی، رۆڵێكی زۆر گەورەی لە راگرتنی داعش هەبوو و بە شێوەیەكی زۆر گەورە یارمەتیی پێشمەرگەی دا لە وەدیهێنانی سەركەوتن. داعش تا ئێستا هەڕەشەیەكی جددییە، بە تایبەتیش پاش ئەو گۆڕانكارییەی سووریا، هەڕەشەی داعش بووە دوو ئەوەندە لە عێراقیش.
كەناڵی شەمس: ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری یەكەم لەبارەی شەرع، چونكە هەموو ئەوەی دەیبیستین ئەوەیە كە ئەحمەد شەرع ئینتیمای بۆ ئەو گرووپانە هەبوو، لێرەوە دڵەڕاوكێیەكە دێت بەوەی كە داعش سەرلەنوێ گەشە بكاتەوە.
سەرۆك بارزانی: ئەوە راستە بەڵام مرۆڤ دەگۆڕێت، هەموو مرۆڤێك نا، بەڵام كەسانێك هەن دەگۆڕێن. ڕەنگە شەرع بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیبێت و زۆری لە ژیانی خۆیدا بینیبێت، رەنگە سوودی لە ئەزموون و دەرس وەرگرتبێت.
كەناڵی شەمس: ئەگەر داعش گەڕایەوە، ئایا پێشمەرگە بۆ سەرلەنوێ شەڕكردن ئامادەیە؟
سەرۆك بارزانی: ئامادەین و زیاتریش ئامادەین.
كەناڵی شەمس: پاش دووركەوتنەوەیەكی زۆر لە هەولێر، گەڕامەوە بینیم ماشائەڵا پێشكەوتنێكی بیناكاریی گەورە و ژیان باشترە و خەڵكی لە دڵنیایی و سەقامگیریدا دەژین، بە سرووشتی كاتێك گەلێك هەست بەو دڵنیایی و سەقامگیرییە دەكات، لە شەڕ و بیروبۆچوونی شەڕ دوور دەكەوێتەوە، پاش ئەو پێشكەوتنە گەورەیە لە هەولێر، ئایا خەڵك هێشتا بە فعلی ئامادەن بۆ شەڕ؟
سەرۆك بارزانی: كاتێك بابەتەكە پەیوەندیدارە بە بوونی گەلێك و كەرامەتەكەی، سەدان هەزار گەنج ئامادەن بمرن لەپێناو بەرگریی لەو دەستكەوتە و كەرامەتی گەلەكەیان.
كەناڵی شەمس: فەخامەتتان چوونە بەرەی شەڕ لە رۆژانی داعش، ئایا هێشتا ئامادەی بۆ ئەوە ئەگەر بابەتەكە خواستی؟
سەرۆك بارزانی: ئینشائەڵا ڕووبەڕووی ئەمە نابینەوە، بەڵام تا ئەو كاتەی بتوانم بڕۆم، من ئامادەم.
كەناڵی شەمس: پێش پرسیاری كۆتاییم، چی بە ترەمپ دەڵێی ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ هەست بەوە دەكەین كە ترەمپ گۆڕاوە، وای لێهاتووە زۆرتر زانیاری لەبارەی كاروباری ناوچەكە هەیە، ئەگەر لەگەڵیدا دابنیشیت، پەیامت چییە و چی لێ داوا دەكەیت؟
سەرۆك بارزانی: یەكەمین شت هیوا دەخوازم و داوای لێ دەكەم كە كار بكات لەسەر جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە، هاوكاریی گەلانی چەوسێنراو بكات.
كەناڵی شەمس: مانای وایە كە بەڕێزت پشتیوانیی كشانەوەی تەواوەتیی ئەمریكا لە ناوچەكە ناكەیت؟
سەرۆك بارزانی: بە هەموو راشكاوییەك، من دژی ئەو موزایەدانەم لە راستیدا، تەنانەت لە ٢٠١١ش، ئەگەر ئەمریكییەكان بمانایەوە و نەكشابانایەوە، داعش نەیدەتوانی نیوەی عێراق داگیر بكات، ئێستاش ئەگەر بكشێنەوە سیناریۆكە دووبارە دەبێتەوە و رەنگە بە شێوەیەكی خراپتر، ئیتر ئەم موزایەدانە چییە؟ بەڵام بمێننەوە بەپێی ڕێككەوتن بێت، هەر لایەك ئەركی خۆی بزانێت. بەڵام بوونیان زەروورە.
كەناڵی شەمس: پرسیاری كۆتاییم فەخامەتی سەرۆك، چاوپێكەوتن لەگەڵت بێزاركەر نییە. كوردانی توركیا، كوردانی سووریا، كوردانی عێراق و ئێران، ئەگەر پەیامێكیان ئاراستە بكەیت، چیە ئەوەی كە دەبێ كوردەكان بیخوازن و چین ئەوانەی كە دەبێ كورد وازی لێ بهێنن؟
سەرۆك بارزانی: یەكەمیان ئەوە بزانن كە ئەوان دۆزێكی دادپەروەرانە و پیرۆزیان هەیە و دەبێ دەستبەرداری دۆزەكەیان نەبن، بەڵام نابێ پەنا بۆ توندوتیژی ببەن لەپێناو بەرگریكردن لەو دۆزە، دەبێ پەنا بۆ ئامرازی شارستانی و دایەلۆگ و باوەڕپێهێنان و راوێژكردن ببەن، بەڵام نابێ دەستبەرداری دۆزەكەیان ببن.
كەناڵی شەمس: لە كۆتاییدا، بەردەوام باس لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی كورد دەكەیت، ئەوە چۆن دەبینیت كە لە قۆناغی داهاتوودا كورد یەك بگرن؟
سەرۆك بارزانی: زۆر ئاستەنگ هەن، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دەبێت یەك بگرن، ئێستا یان دواتر.
كەناڵی شەمس: بەڕێزت لەمبارەیەوە بە دیاریكراوی، گەشبینیت یان ناكۆكییەكان قووڵبوونەتەوە؟
سەرۆك بارزانی: من باوەڕم هەیە، بەڵام دەزانم كە ئاڵۆزی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم هەیە و كار بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەكەم بە هەموو ئەو هێزەی هەمە.
كەناڵی شەمس: فەخامەتی سەرۆك سوپاس بۆ تۆ، دیدارێكی سەرنجڕاكێش بوو وەك هەمیشە، دەخوازین دیداری زیاترمان لەگەڵت هەبێت، ئەمڕۆ دەزانم كە قسەكەت قورسایی هەیە لە لایەن كوردان لە ناوچەكە و بە عەرابی راستەقینەی ئەو دۆزەت دەزانن. دیسان سوپاس و بە هیوای دیدارێكی تازە.
سەرۆك بارزانی: سوپاس بۆ ئێوە.