خەبات: ئەحمەد تاریق:- هونه‌رمه‌ند كاوه كاوانی خاوه‌ن ده‌نگێكی تایبەتە و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می جوانی هونەری پێشكەش كردووە، توانیوویه‌تی بەو بەرهەمانەی جه‌ماوه‌رێكی باش له ده‌وری خۆی ڕازی بکات، ئه‌و ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ خەبات باس لەژیانی خۆی و کارە هونەرییەکانی دەکات.
*چۆن بوو به‌رهه‌می ئه‌م جاره‌ت به‌ناوی دایك بوو و هه‌ست ده‌كه‌یت توانیووته قه‌رزی دایك بەو بەرهەمە بده‌یته‌وه؟
ئێمه هه‌موومان قه‌رزداری دایكین، كه گوێت له وشه‌ی دایك ده‌بێت، نیشتمانمان بیر دێته‌وه، ئه‌م گۆرانییه‌شم بۆ خۆم گوتووه، داوا له خودا ده‌كه‌م ئه‌مجاره‌ش به دایكم شادم بكاته‌وه و وه‌ك منداڵ له ئامێزم بگرێت. پێشتر گۆرانیم له‌سه‌ر هه‌ولێر و كوردستان هه‌بوو، نه‌مده‌وێرا خۆم له گۆرانیی دایك بده‌م، به‌ڵام ئه‌و شیعره هی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌ده و زۆرم به‌دڵ بوو، بۆیه به‌پێویستم زانی بیكه‌مه گۆرانی و به ناوی دایك بڵاوی بكه‌مه‌وه.
*ئێستا له كودستانیت ئایا به یه‌كجاری گه‌ڕایته‌وه كوردستان؟
زۆر حه‌ز ده‌كه‌م به یه‌كجاری بگه‌ڕێمه‌وه هه‌ولێر، چونكه هه‌ولێر وه‌ك باوه‌شی دایكم وایه، به‌ڵام بۆ هاتنه‌وه‌م بە یه‌كجاری، مه‌گه‌ر ته‌رمه‌كه‌م بێته‌وه هه‌ولێر له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌م توركه و سێ منداڵمان هه‌یه و منداڵه‌كانم له‌وێ ده‌خوێنن، ئه‌گه‌ر بێمه‌وه ڕه‌نگه ژیانیان لێ تێكبچێت، ئه‌گه‌رنا زۆر حه‌ز ده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه با له ڕێگه‌ی ڕۆژنامە جوانه‌كه‌ی ئێوه ئه‌م په‌یامه بگه‌یه‌نم، وه‌سیه‌ت بێت ئه‌گه‌ر مردم با له نیشتمانی خۆم بمنێژن كه كوردستانه.
*جیاوازی ئێوه و ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه چییه كه هونه‌ر پیشه و داهاتیانه، ئێوه به هونه‌ره‌كه‌تان ناژین کەچی هونه‌رمه‌ندیش هه‌یه به هونه‌ره‌كه‌ی پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی ده‌ست ده‌كه‌وێت؟
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت به هونه‌ر پاره‌م په‌یدا كردووه، به هونه‌ر په‌یدای نه‌كردووه، هه‌زارجار لایڤ میوزیك بكه‌یت پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی په‌یدا ناكه‌یت، به‌ڵام زۆرجار هونه‌ر ده‌تباته پێش و وا‌ده‌كات حكوومه‌ت یان لایەنی پەیوەندار یان هه‌ر لایه‌نێك بێت به دیداری شادبیت و ده‌رفه‌تێكت بۆ ده‌ڕه‌خسێت كه بازرگانییه‌ك بكه‌یت، بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌و كردوویه‌تی من حه‌سوودی پێوه نابەم و پێشی ناڵێم گه‌نده‌ڵ، پێویست به به‌ناوهێنانیش ناكات.
*هونه‌ری كوردی گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی بتوانین به وڵاتانی دراوسێی ئاشنا بكه‌ین؟
به‌ڵێ هەنگاوی باشی ناوە، من لێره باسی خۆم ده‌كه‌م، زۆركه‌سم پێگه‌یاندووه له‌ڕووی ئاواز و میوزیك و هه‌ربابه‌تێكی تر، ئێستاش كه هونه‌ر ده‌كه‌م بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كارێك بكه‌م هه‌موو وڵاتان گوێمان لێ بگرن، چونكه هیچمان له‌وان كه‌متر نییه، به‌ڵكو بگره زۆر له‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندتریشین، سه‌یری ئێستا مه‌كه دوو كه‌س كردوویانه مۆدێل و به‌ندبێژن، ئه‌وه هونه‌ر نییه، هونه‌رمه‌ندی زۆرباشمان هه‌یه كاری جوان ده‌كه‌ن وه‌ك میوزیك و شیعر و گۆرانی، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه یان ده‌بێت گه‌نجێكی زۆر جوان بیت، یان كچێكی مۆدێل و جوان بیت ئه‌وجا بێیته پێش. ئه‌گه‌ر گوێ بده‌یته میوزیكژەنە‌كانی خۆمان زۆر جوانتر له عه‌ره‌ب و تورك كار ده‌كه‌ین له ڕووی میوزیك و ئاوازه‌وه.
*به ڕای تۆ هه‌ژاری به‌هره‌ی مرۆڤ له‌ناوده‌بات یان ئایا هه‌ژاری كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خۆت هه‌بووه؟
ئه‌وه‌ی هه‌ژار بێت به‌هره‌ی بۆ دێت و ده‌وڵه‌مه‌ند ئاگای له داهێنان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باری دارایی و ئابووریت باش بێت، ئه‌وا ده‌توانیت داهێنان بكه‌یت، هه‌ژاری هیچ كاریگه‌رییه‌كت لەسەر دروست ناكات، دیسان ده‌ڵێمه‌وه هه‌ژاری وات لێ ده‌كات داهێنان بكه‌یت ئه‌وجا له‌هه‌ر بوارێكدا بێت.
*چۆن بوو تۆش وه‌ك زۆرێک لە هونه‌رمه‌نده‌كان له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره هیچ گۆرانییه‌كت بۆ هیچ لایه‌نێك نه‌گوت؟
هونه‌رمه‌ند هه‌یه حزبێكی خۆش ده‌وێت و ڕای ده‌گه‌یه‌نێت و گۆرانیی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڵێت، هه‌موو كه‌سێك ئازاده گۆرانی به‌سه‌ر كێدا هه‌ڵده‌ڵێت، به‌ڵام من كوردستان‌م خۆش ده‌وێت و چه‌ند به‌رپرسێكیش داوایان لێ كردم، به‌ڵام نه‌مگوت ئه‌گه‌ر به ده‌فته‌ر دۆلاریشم بده‌نێ، ناتوانم گۆرانی به‌سه‌ر لایه‌نێكی دیاریكراودا بڵێم، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره دۆستم لە هه‌موو حزبه‌كان هه‌بوو کە خۆیان كاندید كردبوو، بۆیه نه‌مده‌توانی بانگه‌شه بۆ هیچ لایه‌نێك بكه‌م، منیش له دڵی خۆم لایه‌نێكم خۆش ده‌وێت، به‌ڵام بانگه‌شه بۆ پاره و بۆ هیچ شتێك ناكه‌م، ئه‌وه‌ی لای من گرنگه كوردستانه.
*به‌نیاز نیت به‌شداریی لایڤ میوزیكه‌كان بكه‌یت؟
به‌نیازم، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی شوێنێكی باش و گونجاو بێت، لایڤ میوزیك كارێكی باشه، چونكه ده‌توانێت له جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت نزیك بکاتەوە، هونه‌رمه‌ند ئه‌وكاته‌ی خۆشه له‌سه‌ر سته‌یج بێت و گۆرانی بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بڵێت، بۆ گۆرانیبێژیش گرنگه به لایڤ گۆرانی بڵێت.










