خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- لەکاتی ئەنجامدانی خول و پاڵەوانێتییەکان لە سەر ئاستی یانەکانی عێراق بۆ یارییە وەرزشییەکان، زۆر لە کچانی وەرزشوانی ئاستبەرز لە نێو پاڵەوانێتییەکاندا دەردەکەون و دەبنە جێی سەرنجی ڕاهێنەران، خاتوو بەنین جەمیل عوبێد یاریزانی یانەی ئەمانەی بەغدا لە تۆپی بالە، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەبارەی وەرزشی ئافرەتان لە عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە وەرزش لە عێراق لەم ماوەیەدا، بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یانەكانی عێراق بایەخیان بە وەرزشی ئافرەتان نەدەدا وەک پێویست، هەروەها هیچ پشتگیرییەک بۆ پەرەپێدانی وەرزشی ئافرەتان لە عێراقدا نەبوو، بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، رۆژ لە دوای رۆژ، وەرزشی ئافرەتان بەرەو پێش دەڕوات.

لە بارەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی یاریی تۆپی بالە، ئەم کچە وەرزشوانە گوتی: هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەو یارییەم هەبوو، بۆیە کاتێ کە هەستم بە گەورەبوونی خۆم کرد، راستەوخۆ دەستم بەو یارییە کرد و یەکەم دەستپێکم لە قوتابخانەکان بوو، پاشان بەهۆی ئاستبەرزی و لێهاتووییم لە یانەی وەرزشی ئەمانەی بەغدا بانگهێشت کرام.

دواتر لە بارەی گرنگترین دەستکەوتی وەرزشی کە بەدەستی هێناوە لە یاری تۆپی بالەدا، یاریزان بەنین گوتی: گرنگترین دەستکەوتی وەرزشیی بەلای منەوە، بانگهێشتکردنم بوو بۆ ڕیزی تۆپی بالەی هەڵبژاردەی کچانی عێراق، ئەمەیان بەلامەوە زۆر گرنگ بوو، چونکە لە رێگەی هەڵبژاردەی عێراق دەتوانم زیاتر پەرە بە ئاست و توانانی خۆم بدەم و ئاستبەرزی خۆم بۆ هەمووان بسەلمێنم.

لە بارەی ئەوەی وەرزش چی پێ بەخشیوە و چێی لێسەندووە، خاتوو بەنین لە وەڵامدا گوتی: وەرزش دەرفەتێکی جوانی بۆ ڕەخساندم کە جیهان ببینم و لەگەڵ کۆمەڵگادا چۆن مامەڵە بکەم، بەڵام بەپێچەوانەوە و لەدیوێکی دیکەوە بە پشتبەستن بەخۆم و ڕووبەڕووبوونەوەی سەختییەکان و تەرکیزكردنم، تەنها بە بواری وەرزش، بووە هۆکارێک کەواز لە خوێندن بهێنم و وەرزش بکەمە ڕووکار و سەرچاوەی ژیانم.