خەبات: عەلی بانیشاری:- جگەلە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دۆشاوی تەماتەی شارەزوور هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەشت وڵات دەكرێت. 35%ـی ئەو تەماتەی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە پارێزگای هەڵەبجە دەیكات بە دۆشاو، لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت. بەڕێوەبەری كارگەكە كە قسەی بۆ (خەبات) كردووە دەڵێت: دەتوانین پێویستی ناوخۆ پڕ بكەینەوە، بەڵام بەرهەمی تەماتە لە وەرزی پێگەیشتنی كەمە و ئەوەش وایكردووە 25000 تۆن تەماتە وەربگرین. بەگوتەی بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، دابەشكردنی دۆشاوی تەماتە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بازاڕی دۆشاوی تەماتەی لە هەرێمی كوردستان سست كردووە.

بێرون محەمەد، بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بەهۆی نەبوونی بەرهەمی تەماتەی ناوخۆوە، ساڵی ڕابردوو تەنیا 5000 تۆن تەماتە لە كارگەكەمان وەرگیراوە، ئەوەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بڕێكی كەمە. كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە توانایدایە ڕۆژانە 150 تۆن تەماتە وەربگرێت و بیكات بە دۆشاو. گوتیشی: ئەو 5000 تۆن تەماتەی كە وەرگیراوە، 1000 تۆن دۆشاوی لێ بەرهەمهێنراوە.

بەگوتەی بێرون محەمەد، لە 35% ئەو تەماتەی ساڵی ڕابردوو لە كارگەكە وەرگیراوە بەرهەمی ناوخۆ بووە و 65% بەرهەمی هاوردەكراو بووە. كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور گرێبەستی پێنج ساڵی بۆ هەناردەكردنی بەرهەمەكانی بۆ دەرەوەی وڵات هەیە و لە ئێستادا بەرهەمەكانی كارگەكە هەناردەی (بەریتانیا، ئەڵمانیا، نەرویج، هۆڵەندا، سوید، دانیمارك و دوو وڵاتی عەرەبی) دەكرێت.

بێرون محەمەد، بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور

كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور ساڵانە دەتوانێت 200 تۆن دۆشاوی تەماتە بەپێی ستانداری جیهانیی هەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بكات، هەرێمی كوردستان جگەلە بەرهەمی ناوخۆ، لە وڵاتانی ئێران و توركیا و عێراقەوە تەماتە هاوردە دەكات. كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە توانایدایە ڕۆژانە 12 هەزار كارتۆنی 800 گرامی بەرهەمبهێنێت.

بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەڵێت: بەرهەمی كارگەكەمان، پێویستی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە و هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەكرێت. دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی دۆشاوی تەماتە لەلایەن بریكارەكانی خۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، بازاڕی دۆشاوی تەماتە سستە و ڕۆژانە 15- 20 تۆن دەخەینە بازاڕەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە مانگانە قوتوویەك دۆشاوی تەماتەی 400 گرامی دەداتە ئەندامی هەر خێزانێك، جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە مانگی حوزەیران تاوەكو تشرینی یەكەم تەماتە بەشێوەی كراوە بەرهەمدەهێنن، بەڵام بەشێكی دیكەیان لە هەر چوار وەرزەكەی ساڵ تەماتە دەهێننە بەرهەم ئەویش لە ڕێگەی خانووی پلاستیكی و پەیڕەوكردنی شێوازی داخراو.

بێرون محەمەد ئاماژەی بەوەش دەكات، بەهۆی كەمی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی بەرهەمهێنانی كە چەند مانگێكی كەمە، 25000 تۆن تەماتە وەردەگرین، ئەگەر تەماتەی زیاتر هەبێت دەتوانین وەریبگرین. زیاتر گوتی: ئەگەر لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە، تەماتەی زیاتر هەبێت لەو بڕەی كە دەیكەین بە دۆشاو، وەریدەگرین و دەیكەن بە خەستە بۆ وەرزەكانی دیكە. سەبارەت بەوەی ئەو تەماتەی لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنێت، چەند بۆ دۆشاو گونجاوە، ناوبراو گوتی: زۆربەی ئەو تەماتەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت بۆ دۆشاو شیاوە و بەتایبەت تەماتەی شارەزوور و قوشتەپە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر لە 200 هەزار تۆن تەماتە هەیە، بەڵام نیوه‌ی ئەو بڕە لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت.