سهرهتا وتار لە یادی ڕیفراندۆمدا خۆڕاگریی کورد لەپێناو مانەوەدا
فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد
نەتەوەی کورد لە کوردستان، بێ خواستی خۆی و دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان و بێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی دیموکراتی، دابەش کرا بەسەر چەندین نەتەوە و وڵاتی جیاواز. واتا کورد دابەش کراوە و خراوەتە ژێر دەستی گەلانی دیکە، چ گەلانێک؟!. گەلانێک هەر لە بناغەوە باوەڕیان بە مافی گەلانی دیکە نەبووە و نییە. دابەشکارییەکە لە شەڕی چاڵدێرانی( 1514ز)، ئەوە بووە یەکەم دابەشکاری کە لە کوردستان ئەنجامدرا لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی و عوسمانی، دابەشکارییەکەش بەو شێوەیە بوو، بەشێکی کە ئەمڕۆ پێی دەناسرێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کات خرایە ژێر دەسەڵاتی سەفەوی و هەر سێ بەشکەی تری ئێستا (باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان) بە یەکەوە خرایە پاڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی تا دابەشکاریی دووهەم لە ساڵی 1916. ئەم جارە دابەشکارییەکەی کوردستان لەسەر دەستی هەر دوو وڵاتانی زلهێزی جیهان فەڕەنسا و بەریتانیا و دواییش ڕووسیای قەیسەری. ئەوە بوو بەشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر وەک خۆی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی ئەوکات و دەوڵەتی ئێرانی ئێستادا مایەوەو بە هەمان شێوەی پێشوو بێ ماف بوون و بەردەوام دەچەوسانەوە. بەڵام بەشەکەی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی خرایە سەر سێ دەوڵەتی تر، باکووری کوردستان خرایە سەر پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی ئەوکات و تورکیای ئێستا، هەروەها باشووری کوردستان خرایە سەر دەوڵەتی عێراق و بەشەکەی ڕۆژئاوای کوردستانیش، خرایە سەر دەوڵەتی سوریای ئێستا.
هەریەکە لەو وڵاتانە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە لە بناغەوە باوەڕیان بە مافی گەلان نەبووە؟؟!!. چ جایەک مافی گەلی کوردی بێ پشت و پەنا، چونکە هەریەک لەو وڵاتانە بەشێوەیەک لە شێوەکان هەوڵیان داوە بۆ سڕینەوەی شووناسی کوردبوون و ئێستاش بەردەوامن، باشترین گەواهیش سەرکوتکردن و کوشتنی بە کۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و…هتد.
کورد و کوردستانیان بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان، پەنایان بۆ بەرگری و خەبات بردووە، وەک خۆپیشاندن و جووڵانەوەی جەماوەری، بەڵام بەهەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتکردنیان دراوە و هەرگیز ئامادە نەبوون گوێیان لێ بگرن. بۆیە جووڵانەوەکان بووە جووڵانەوەی چەکداری، وەک جووڵانەوەی سمکۆی شکاک و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود و قازی محەمەد و بارزانیی نەمر…هتد، بەوەش شۆڕش بووە پێویستییەکی حەتمی و توانییان بە داگیرکەران بڵێن، ئێمەش هەین و بەرگری لە مافەکانمان دەکەین، کە مافی نەتەوەیەکی دابەشکراوی خودان هەموو بنەماکانی نەتەوەبوونە.
بەڵام لە ناو ئەوانەدا جووڵانەوەی بارزان لە باشووری کوردستان کۆڵی نەدا و بەردەوام بوو، بۆیە گەورەترین شۆڕشی بەرپا کرد و بە هەموو دونیای گوت، کوردیش دەستبەرداری مافەکانی نابێت و ئامادەیە بۆ هەموو ئاڵنگارییەک. سەرەنجام ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ناچاربوو، ڕێککەوتنی مێژوویی 11/ئاداری/ 1970 واژۆ بکات. ئەمەش وەک هەموو شتەکانی تر ڕژێمی ئەوکاتی عێراق پابەند نەبوو بە ڕێککەوتنەکە و ئەوەی کە بەتەواوی جێبەجێی بکات، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە گەورەترین هێرشی سەربازی کرد بە نوێترین چەک و بە پاڵپشتی چەندین وڵاتی دونیا و ناوچەکە کە یەکێک لە وڵاتەکان، وڵاتانی گەورەی دونیا بوون و دژ بە کوردستان هاوکاری ڕژێمی ئەو کاتی عێراقیان کرد. بەڵام ئەوەی مایەی شانازییە ڕژێم بە هێرشی سەربازی نەیتوانی شۆڕش بشکێنێ، بۆیە پەنای بردە بەر پیلانی نێودەوڵەتی، ئەوە بوو لە جەزائیر لە نێوان شا و سەدام ڕێککەوتن کرا دژ بە شۆڕش، لە 6ی ئاداری 1975، ئەوە بوو شۆڕش دووچاری نسکۆ بوو، بەڵام هەر زوو جووڵانەوەی کورد بە ڕابەرایەتی مستەفا بارزانی، نسکۆی بە نسکۆ هێنا و بە کەمتر لە ساڵێک، شۆڕش دەستی پێکردەوە، بە ئاڵنگاری زۆر گەورەتریشەوە.
ڕژێم ئەوەی پێشتر پێی نەکرا یاخود بە واتایەکی دیکە بڵێین نەیکرد، ئەمجارە دەستی بۆ برد، وەک کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕاگواستن و کیمیاباران و ئەنفال، بەڵام کورد کۆڵی نەدا و بەردەوام بوو لە تێکۆشان تا ڕاپەڕین لە بەهاری 1991، ئەوە بوو کوردستان ئازاد بوو. بەڵام هەر زوو ڕژێمی عێراقیان دەستکراوە کردو و پەلاماری کوردستانی ئازادی دایەوە بە هەموو جۆرە چەکێکەوە. سەرەنجام جەماوەری کوردستان ڕەتی دەسەڵاتی زاڵمانەی ڕژێمیان کردەوە و جەماوەری کوردستان ڕیفراندۆمێکی میللیی خۆڕسکانەی ئەنجامدا. جەماوەری کوردستان ماڵیان جێهێشت و ڕووەو چارەنووسێکی نادیار بەرەو چیاکانی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان کۆڕەویان کرد، بەرەو سنوورەکانی هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا لە نیسانی 1991. ئەو کۆڕەوە گشتییە بووە هۆکاری ورووژاندنی ویژدانی دونیا، بەتایبەتی وڵاتانی گەورەی جیهان. ئەوە بوو ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری 688ی دەرکرد بۆ پارێزگاری لە گەلی کوردستان و ناوچەی پارێزراویان داناو هەر خۆشیان پارێزگارییان کرد تا پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە نیسانی 2009.
بڕیاری 688 بڕیارێک بوو بۆ یەکەمجارە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەردەچێت بۆ دەستێوەردان لە کێشەی ناوخۆی وڵاتێک. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو زوڵمانەی داگیرکەران دەرحەق بە جەماوەری کوردستانیان کردووە و بەردەوامن، واتا بە هانا هاتنەوەی مەزووڵومییەتی کورد. بەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕێگای بڕیاری( 688)ەوە ناوچەی ئارامی درووستکرد و کوردستانی پاراست، کوردستانیش توانی دامەزراوەیەکی شەرعی بۆ هەرێمی ڕزگارکراوی کوردستان دابمەزرێنێت، تا خۆی، خۆی بەڕیوە ببات و ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو ئازادیخوازانی دیکەی عێراق بەمەبەستی ڕزگاربوونی عێراق، کە هەر واش کەوتەوە.
لەگەڵ پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە نیسانی 2003، سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، هەموو توانا و ئەزموون و هێزی خۆی خستە خزمەت عێراقی نوێ، لەو ڕووەوە جێگا دەستی دیارە، باشترین گەواهیش چارەسەری ناکۆکی و تەنانەت بەرگرتن لە شەڕی ناوخۆی نێوان شیعە و سوننە و هەروەها پێکهێنانی حکوومەتەکان، کە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی زۆر دیارە. ئەوەی جێگەی لەسەر وەستانە زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لە کاتی ئۆپۆزسیۆندا لە کوردستان بوون و هەموو شتێکیان لەلایەن کوردستانەوە بۆ فەرهەم کرابوو و چەند بەڵێن و پەیمانی گەورەیان بە کورد دابوو. بە داخەوە ئەوەی نەکرابوو پێشتر لەلایەن حکوومەتەکان لە سایەی عێراقی نوێ، دەرحەقی هەرێمی کوردستان کرا، بە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە 2013، سەرەڕای شەڕی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهانی (داعش) و حەوانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی شارەکانی دیکەی عێراق لە کوردستان. واتا بودجە ببڕێ لە کوردستان و شەڕی تیرۆریستان یەخەی کوردستان بگرێت و ئەو هەموو ئاوارانە هەبن. بەڵام کوردستان لەسەر پێی خۆی بوەستێ بە پاڵپشتی و ئیرادەی هاووڵاتیانی.
سەرکردایەتیی سیاسی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی بەندەکانی دەستووری عێراق و بە پاڵپشتی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە گەورەکەی دا و وەک مافی ڕەوای گەلان، گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە سەربەخۆییتان دەوێت یان مانەوە لەگەڵ عێراقی ئەو هەموو نەهامەتیانەی هەتا ئێستا دەرحەقی خەڵک و خاکی کوردستانیان کردووە و دەیکەن. کوردستانیانیش لە(25/ئەیلولی/ 2017) بە ڕێژەی92.8٪) وتیان سەربەخۆییمان دەوێت. بەڵام حکوومەتی نوێی عێراق کە خۆیان بەشداربوون لە دانانی ئەو دەستوورە و یەكێک لە بەندەکانی دەستوور ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان گەر مافە دەستوورییەکانیان جێبەجێ نەکرا، حەقیانە بڕیاری خۆیان بدەن، لە 25/9/2017 نەک حکوومەتی هەرێم بەڵکوو جەماوەری هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا بەڵی بۆ سەربەخۆیی، هەر بە چەشنی پێشوو و بەڵکوو خراپتریش بە چەکی گەورە و بە درووستکردنی پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بەکارهێنانی هێزێکی ناوخۆش هاوبەش لە دەسەڵات و هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم، هێرشیان کردەوە سەر کوردستان . بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی بە پێوە وەستا، هەر وەک چۆن ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، ئەو پیلانە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ناوخۆییەی تێکشکاند و هەرێمی کوردستانی پاراست و هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی و پێشخستنی. لە بەر ڕۆشنایی ئەو هەموو سەروەرییانە و بەهۆی نەگۆڕینی ڕێبازی کوردایەتی و بەهۆی هەموو ئەو هەوڵانەی دەیدات بۆ دامەزراوەیەکی تەواو پێگەیشتووی کوردستانی، دەنگتان بۆ لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، کە لیستی بەرخودان و کۆڵنەدان و خۆنەچەماندنە، بۆ ئەوەی کوردستانیش بەهێزتر و پارێزراو بێت.