د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
لە کاتێکدا یادی ساڵڕۆژی ڕسفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەینەوە کە بە هۆکاری بنپێکردنی بنەماکانی دیمۆکراسییەت، جیهان بە کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و لەشکەریدا تێپەڕ دەکات. لە لایەک جەنگی حەماس و ئیسرائیل نزیکەی ساڵێکە بەردەوامی هەیە و خەڵکانێکی زۆر لە هەر دوو لایەن بوونەتە قوربانی، و بە هەمان شێوەش شەڕی روسیا و ئۆکرانیاش بەردەوامە و قوربانیی زۆری هەبووە. و جگە لەو پێکدادانە ڕاستەوخۆیە لە گۆشە و کەناری جیهان، وڵاتانی جیاواز لەو پەڕی ناکۆکیی سیاسی و لەشکەری و ئابووریدان، کە ئەگەر بە لۆژیک و عەقڵ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا نەکرێت دوور نییە جەنگی دیکەی ماڵوێرانکەر ڕووبدات، کە خەڵکی ئاسایی باجی قورسی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە دەدەنەوە. هەمان ئەو باجەی خەڵکی کوردستان بە درێژایی لانیکەم پێنجسەد ساڵی ڕابردوو داویانە، وەک سەرۆک بارزانی لە پەرتووکەکەی خۆی ( بۆ مێژوو …) ئاماژەی پێداوە، و لە کۆتاییدا گەیشتە ئەوەی کە لە بەشێکی کوردستانی پارچەکراو لە نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەدا، واتە عوسمانی و سەفەوییەکان، کار بگاتە ئەوەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆی پەنا بۆ دوایین شێوازەکانی دیموکراسییەت، واتە ڕیفراندۆم ببەن. ئەو ڕیفراندۆمەی، کە بە هەموو پێوەرەکان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا. لە ڕیفراندۆمدا کوردستان بوو بە دوو بەرە: بەرەیەک بە سەرکردایەتی و پێداگری سەرۆک بارزانی بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پشتگیرییان لە ڕیفراندۆم دەکرد، و بەرەکەی دیکە، ئەوانەی بە هەموو عەقڵ و لۆژیکی خۆیان، کە لە جێگەی خۆیەتی ئەو چەمکەی بۆ بەکار بهێنرێت و ناوی لێبنرێت ( مەهزەلە) کە عەلی وەردی پەرتووکێکی خۆی بەناو کردووە، دژایەتییان دەکرد و تەنها بەشێکی کەمی ئەو پرۆسەیە بوون کە بە بیانوی جۆراوجۆری دوور لە بنەماکانی مرۆیی و ئاکاری و سیاسی، خۆیان فریودابوو کە لە دژی ئەو شاکارە سیاسییەی کورد لە سەدەی بیست و یەکەمدا بوەستن و بەم کارەیان بەردێکی دیکەیان خستە سەر پەیکەری بێ ڕۆحی گەمژەیی وینستۆن چرچیڵ و لۆرەنسی عەرەبستان و هاوکۆفانی، کە بە خەیاڵی خۆیان عێراقی نوێیان درووستکردبوو، کە جگە لە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا هیچ تایبەتمەندییەکی نەتەوەیی خەڵکی ناوچەکەیان لەبەرچاو نەگرتبوو و وڵاتێکی ڕووخاویان مۆنتاژ کرد کە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ پێکهاتەکانی متمانەیان بەیەکتری و بەتایبەت حکوومەتی ناوەندی نییە و وڵاتەکە پڕیەتی لە قەیرانە چارەسەرنەکراوەکان، و بابەتە هەڵواسراوەکان کە دەکرێن لە هەر ئان و ساتێکدا ببن بە سەرچاوەی زۆر کێشە و گرفتی دیکە، بەتایبەت کە وڵاتانی ناوچەکە بەسەر جومگە سەرەکییەکانی سیاسەت و لەشکەریی وڵاتدا زاڵن.
ئا لەو کاتەدا و وەک سەرۆک بارزانی لە پەرتووکی ( بۆ مێژوو)دا ئاماژەی پێداوە، دوای تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگەکان، میللەتی کورد رێگەیەکی دیکەی دیموکراسیی گرتەبەر و پەنای بۆ ڕیفراندۆم برد.
لە جێگەی خۆیەتی بگوترێت پاڵنەرە سایکۆلۆژییەکانی ئەم ڕەفتارە و بڕیاری سیاسیی کورد دەکرێت لە میانەی تیۆرییەکەی زیگمۆند فرۆیددا بدۆزرێتەوە. وەک دەزانین فرۆید لە تیۆرییە بەناوبانگەکەی خۆیدا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕەکانی زانای مەزنی بەریتانی، چارڵز داروین، کە بە تیۆری گۆڕان و پەرەسەندن (Evolution) ناسراوە و جگە لە فرۆید کاریگەری بەسەر بیروباوەڕی زۆر زانای دوای خۆی هەبووە و لە بنەڕەتدا تیۆرییەکەی داروین تەنگی بە بیروباوەڕە ئێکسپایەرەکانی پێش خۆی هەڵچنی و بەڕەیانی هەڵتەکاند و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بیروبۆچوونەکانی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و جیهانی دەوروبەری.
فرۆید لە بەشێک لە تیۆرییەکەی خۆیدا ئاماژە بە پێکهاتەکانی کەسایەتی دەکات کە بریتین لە: ئای دی (ID)، و من (Ego)، و منی باڵا (Super Ego)، کە لەو بەینەدا و لە میانەی ئەرکە سەرەکییەکانی بەشی یەکەمدا، ئاماژە بە دوو بنەمای سەرەکی دەکات کە کاریگەرییان بە سەر ڕەفتارە هەمە جۆرەکانی مرۆڤ و (گیانەوەران) هەیە، کە بریتین لە بنەماکانی( تام و چێژ وەرگرتن)، و هەروەها (دوورکەوتنەوە لە ئێش و ئازارەکان) (pain and pleasure principle). فرۆید پێی وایە هەر ڕەفتارێکی مرۆڤ لە پێناو ئەوە ئەنجام دەدرێت کە بەهۆیەوە خۆی لەو ناڕهحەتی و ئازار و ناخۆشیانەی کە لەوانەیە بەهۆی ئەو ڕەفتارەوە تووشی ببن، دوور بکات و خۆی لێیان بپارێزێ، و لە بەرامبەردا بگاتە ئاستێکی گونجاو لە تام و چێژ وەرگرتن و خۆشی. وەک دەبینین ئەو ڕەفتارە نەک تەنها لە جیهانی سایکۆلۆژیی مرۆڤدا لەسەر ئەو بنەمایانە ڕوودەدەن، بەڵکوو لە جیهانی گیانەوەرانیش بە هەمان شێوە ڕوودەدات، و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەو ترس و خۆپارێزییەیە کە گیانەوەران لە کاتی هەستکردن بە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک پێی هەڵدەستن، تا بە هۆیەوە خۆیان لە لەناوچوون بپارێزن. و ئەم زانیارییانە بەرهەمی دوایین و نوێترین توێژینەوەکانی زانستی بایۆسایکۆلۆژین، کە مرۆڤ بە پشتبەستن بە زانستی نوێ دەستی کەوتوون. ئەم بنەمایانە هەوێنی سادەترین تاوەکوو ئاڵۆزترینی ڕەفتارەکانی مرۆڤە، نەک تەنها لەسەر ئاستی تاک، بەڵکوو لەسەر ئاستی بەکۆمەڵیش بەهەمان شێوەیە. لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ هەر یەکە لە نەستی بەکۆمەڵ و عەقڵی دەستەجەمعیی مرۆڤەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم بنەمایانە و دەبن بە هۆکاری ئەوەی لە کۆتاییدا ڕەفتارێکی هاوبەش ئەنجام بدەن و بڕیارێکی هاوبەش بدەن.
لە نموونەکانی زیندووی ئەو بڕیارە بەکۆمەڵانەی کورد، بڕیاری ڕیفراندۆم بوو لە باشووری کوردستان. شاراوە نییە بەتایبەت لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشیستی و سەدامی گۆڕبەگۆڕ تاوانی دڕندانەی وەک ئەنفالە بەدناوەکە، ڕاگواستن، جینۆساید، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، کیمیاباران کردن، وێرانکردنی زیاتر لە پێنج هزار گوند و شار و شارۆچکە، زیندانی نامرۆڤانە، و … هتد، لە دژی نەتەوەی کورد پەیڕەو کران و ئەنجامدراون. ناونیشانی هەر یەکە لەم تاوانانە، وەک تیۆریی پڕکردنی دەروونی (الملء النفسی) ئاماژەی پێ دەدات، دەبن بە پێکهاتەیەکی سیمبۆلیک (code) و لە مێشکدا عەمبار دەبن. ئەوەش بەو پێیەی کە وەک زانستی بایۆسایکۆلۆژیای هاوچەرخ سەلماندوویەتی کە هەموو ڕەفتارەکانی مرۆڤ بنەمایەکی ماددی هەیە و بەرهەمی کار و کاردانەوەی کەهرۆ-کیمیاوی هۆرموونەکانی جیاوازی نێو بەشەکانی دیاریکراوی مێشکە. بۆیە ئەم تاوانانە وەک سیمبۆل و لە شێوەی فایلی تایبەت و ڕیزبەندی کراو لە مێشکدا کۆدەبنەوە و لە ئاییندەدا و لە هەڵوێستی جیاواز و پێویستدا دێنەوە یادی مرۆڤ و مرۆڤ بەهۆیانەوە ئەو ڕووداوە تاڵانەی بیردێتەوە، و کاریگەرییان دەبێت لەسەر هەڵوێستەکانی بەرامبەر کەس و ڕووداوەکانی پەیوەست بەم ڕووداوانە، و کاتێک ئەو ڕووداوە سایکۆلۆژییە لە سەر ئاستی بەکۆمەڵ ڕوودەدات مرۆڤەکانی ئەو گرووپ و نەتەوەیە هان و پاڵ دەدات لە بەرامبەریدا هەڵوێست وەربگرن، هەمان ئەو شتەی کە بۆ ڕیفراندۆم ڕوویدا و تێکڕای کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆک بارزانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە، وەک بنەمای تام و چێژ وەرگرتن و دوورکەوتنەوە لە ئێش و ئازارەکان، ئاماژی پێدەدات بۆ ئەوەی جارێکیتر لە ئازاری ئەو تاوانە دڕندانە دوور بکەوینەوە و ڕێگە لە لەناوچوونی سەدان هەزار ژن و منداڵ و مرۆڤی دیکەی کورد بگرین، و لە هەمانکاتدا تام و چێژ لەو ئازادییە وەربگرین، کە تاکی کورد خۆی بە شایەنی دەزانێ و بە هەستکردن بە شکۆ و پریستیژ، ژیان بەسەر ببات، وەک چۆن میللەتانی ئازاد هەیانە، پەنا بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم ببات. کاریگەریی بنەماکانی ناوبراو ئەوەندە بەهێز و کارا بوون کە وەک بینیمان کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکانی خۆیەوە، بەو پەڕی جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان تیایدا کرد و سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد. ئەو ڕیفراندۆمەی کە دژی هیچ بنەمایەکی سیاسی و دیموکراسیی ناوچەیی و جیهانی نەبوو، و ئەگەر لووتبەرزی وڵاتان و خیانەتی نێوخۆیی نەبوایە و ڕێز لە ئەنجامەکەی گیرابایە، بێگومان، دەبوو بە دەرچەیەکی ئۆمێدبەخش بۆ میللەتێک کە دوای سەدان ساڵ خەباتی بێوچانی خۆی تینووی ئازادی و سەربەخۆیی و بەختەوەری و سەرفرازی بوو. هەروەها رێگە لە زۆر تاوانی دیکە بگیرێت، کە تەنانەت لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا بەرۆکی کوردی بەرنەداوە، و نموونەشی هەر دوای ڕیفراندۆم بوو کە بە بەرچاوی تەواوی جیهانیان و لە ژێر ئاڵای دیموکراسیدا هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان و تاوانی مەزن ئەنجامدرا.
ڕێفراندۆم سەلماندی کە هەر کاتێک تاکی کورد دەرفەتی بۆ بڕەخسێت و بتوانێت بڕیار بدات و لە نێوان کۆمەڵێک بژاردە یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئەوە بێگومان، بژاردەی سەربەخۆیی و ئازادی یەکەمین و دواهەمینی دەبێت و ئەوەش قووڵایی ستراتێژیی سایکۆلۆژیای تاکی کوردە و لە ناخی یەک بە یەکی کەسایەتی ئەو نەتەوەیە بوونی هەیە و پاشگەزبوونەوە لێی نییە، بە مەرجێک خیانەتی لێ نەکرێت. بۆیە دەبێ ئەم مۆمە هەردەم لە ناخیدا گەشاوە بێ تا ئەو کاتەی ڕۆژی خۆی دا دێ، و گرنگی پێ بدرێت.
بە هەموو پێوەرەکانی سایکۆلۆژی و سیاسەت، ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی گۆنجاو بوو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی، و دەبوو بە هۆکارێک بۆ سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و هەموومان، چ ئەوانەی لەگەڵیدا بووین و چ ئەوانەی دژی وەستان، بەرپرسیارین بەرامبەر بەو ڕەفتارە سیاسییە، و بێگومان نەوەکانی داهاتوو بە ئاسانی بەسەریدا باز نادەن، بەڵکوو لێپێچینەوە لەگەڵ بەشێکیان دەکەن، و بە شکۆ و شانازییەوە یادی ئەوانە دەکەن کە لەگەڵیدا بوون و دەنگیان بە سەرکەوتنی دا، بەڵام ئەوانەی لەدژی بوون دەبن بە ڕیسوای سەردەم، چونکە بەم کارەیان خزمەتی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کرد و هەموو ئەو بیانوویانەی دەیانهێنایەوە بێ بنەما و دژی بەرژەوەندی و ئامانجە نیشتمانییەکانی میللەتێکی ستەملێکراو بوون و بێگومان نەوەکانی داهاتوو ئەوها بە ئاسانی لێیان خۆش نابن.
ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بەشێکە لە سرووشت و سایکۆلۆژیای مرۆڤەکان، بەتایبەت لاوان، کە بەردەوام چاویان لەوەیە کە هیوا و ئاواتەکانیان لەسەر بناغەی ئەو دەستکەوتانە دابنێن کە باوک و باپیرانیان بۆ ئەوان دایانناوە، و ئەگەر کەموکوڕی تیایدا هەبێ، دەبێتە هۆی ناڕەزایی ئەوان، و بەڵکوو تووشی بێ هیوایی و نائۆمێدیان بکات، چونکە هەست دەکەن ئێمە ئەوانمان لە بندەستی ڕزگار نەکردووە و لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە کە دەزانن لە لایەن هەندێ کەس و لایەن خیانەتیان لێ کراوە.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ.