
خەبات- حەمە ئەحمەد جاف:
لاپەڕەی (هزرو هونەر)ی رۆژنامەی (خەبات ) لە تەوەرێكی تایبەتدا و لە كڵاوڕۆژنەی هەڵبژاردنەوە، بابەتێكی ئەدەبی و هونەریی دەورووژێنێت و تێیدا ئەو پرسیارە، رووبەڕووی ژمارەیەك لە نووسەرو رۆژنامەنووس و میدیاكارو دەكاتەوە كە دەڵێت: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان، چی بۆ نووسەران و هونەرمەندان كردووە؟
پ.ی.د. محەمەد خدر مەولود نووسەرو رۆژنامەنووس: ئەدەبیاتی كوردی بەشێكی كاریگەرو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە لە بونیاتی هزری دیدگای دونیا بینی سەرۆك و ڕابەری مەزن مستەفا بارزانی
پرسی پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و نووسەرو هونەرمەندان، بابەتێك نییە، پەیوەندی بە ململانێی نێوان» ئایدیۆلۆژیای حزبی» و»ئایدیا وهزری ئەدیب و نووسەران و هونەرمەندانی كورد «وە هەبێ، یا بابەتێكی دژ بەیەك بن و بەدرێژای مێژوو لەگەڵ یەكتری لەململانێ دابووبن. بەڵكو راستییەكەی مێژووی بەڵگەنەویستە كەوا ئەدەبیات بەتایبەتیش ئەدەبیاتی كوردی بەشێكی كاریگەرو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە لە بونیاتی هزری دیدگای دونیا بینی سەرۆك و ڕابەری مەزن مستەفا بارزانی، وەك چەندین سەرچاوە ئەوراستییەیان پشت راستكردۆتەوە مستەفا بارزانی لە ژیانیدا زۆربە شیعرەكانی شاعیروئەدیب وهزرمەند فەیلەسوفی كورد ئەحمەدی خانی وشاعیرو هزرمەندو متەسەوفی كورد مەلایێ جزیری و دواتر شاعیران و نووسەرانی كورد مەلایێ مشەختی و ئەنوەر مایی و قانیعی شاعیرو ئەو ماوەیەی كەلە سلێمانیش دەبێ پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ شاعیران و نووسەرانی شاری سلێمانی دا دەبێ، تا بێتەوە ئەو پەیوەندییە پتەو دێرینەی لەگەڵ هەژار موكریانی شاعیرو سەعید ناكامی نووسەرو رۆژنامەنووس و رۆماننووسدا و تا دەگاتە رۆڵی بارزانیی نەمر لە دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد و كۆڕی زانیاری كوردی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خوێندنی كوردی و رۆشنبیری و راگەیاندنی كوردی .
نابێ ئەوەش لە بیر بكەین ڕۆڵی بارزانیی نەمر دوای سەردانی بۆ رادیۆی كوردی یەریفان و رۆژنامەی رێی تازە، حكومەتی ئەرمینیا بایەخێكی تەواو بە رادیۆكە دەدات و ماوەی پەخشی زیاتر دەكات هەروا بایەخی زیاتربە رۆژنامەی رێیی تازە دەدات تا باشتر بگاتە دەست خوێنەران.
بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگای دامەزرێنەروسەرۆك ورابەری مەزنییەوە مستەفا بارزانی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946 پشتیوان و پشتیگری تەواوی لە دەرچوونی رۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی وبڵاوكراوەو گۆڤارەكانی تری لق وناوچەو رێكخراوەكان كردو هانی نووسەران و رۆژنامەنووسانی دەدا تا وەكو ئازادانە بنووسن و پەیامی نەتەوەیی و دەنگی كپكراوی كورد بگەیەننە جیهان.
خۆ لەدوای دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق – میدیای پارتی گۆڕانێكی دیكەی چەشنی و جۆری تێدەكەوێ و سەرباری میدیای نووسراو- خوێنراو- رۆژنامەو گۆڤار، ئەوا میدیای بیستراویش- رادیۆ لە خزمەتی راگەیاندن وپەیامی شۆڕش ودەنگی شۆرشگێران وهێزو زەبری قەڵەمی نووسەران و شاعیراندا دەبێ .ئەمە سەرباری ئاوازو گۆرانی وسروودو هۆنراوەی نیشتیمانی بۆیە لەبارەی پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و نووسەران و ئەدیبان دەتوانین بەم جۆرەی خوارەوە قۆناغ بەندی بكەین لەسەر دەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
1- لە 1046-1970 / 2-لەساڵی 1970 -1975
لەسەردەمی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی پێشكەوتنخوازلە ساڵی 1975یا 1991
لەسەدەمی ڕاپەڕینی ئازاری 1991 تا 1996 و دواترلە هەموو ئەو قۆناغانەدا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك سەرەتای دامەزراندنی لە مەهابادی كۆماری كوردستانەوە چۆن رابەرو سەرۆك مستەفا بارزانی پەیامی ئەدەبی و رۆژنامەگەری دەناردەوە وڵات، ئاوایش پارتی تا رۆژی ئەمڕۆ بە پێشەنگی لەگەڵ ئەدیب و نووسەران وهونەرمەندان و رۆژنامەنووسان لە خزمەتی پرسی مرۆڤایەتی و كوردایەتیدا لە خەبات و تێكۆشانی چەك و قەڵەم و فڵچە و تابلۆ و كەڤاڵ و ئاوازو ریتیمی مۆسیقا و جوڵەی درامایی شانۆدا بووە . بۆ گەیاندنی پەیامی كوردایەتی و مرۆڤایەتی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیانی نەتەوەیی و ئاینیی .
ئەوەندە سەندیكاو رێكخراو كۆمەڵەو یەكێتتیی و ناوەندی رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەرییەی هەن،چ لە هەولێری پایتەخت بە پلە یەك وشاری دهۆك بە پلە دوو زۆرێك لە گۆڤارو رۆژنامانەی هەن، هەموو زادەی بیری ئەفرێنەرانە و پێشەنگی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەگەڵ دامەزراندنی كابینەی سێیەم لە دوای 16ی ئابدا لە رێگای وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی خۆیداجێ بەجێیی كرد،بۆیە ئەو پێشكەوتنە رۆشنبیری و هونەری و میدیاییەی هەیە زادەی بیری ئەو سەردەمەیە.
پارتی وەك چۆن لە خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕی پێشەنگ بووە، لە هاندان و برەودان و جۆشدانی بزاڤی رۆشنبیری و هونەری و كاییە هزری وفكرییەكانیش ئاوا پێشەنگ و دەست پێشخەر بووە، چ بۆ خودی بزاڤە ئەفرێنەرەكە چ بۆ هێنانە كایەوەی كەش و ژینگەی ئازادی بیروڕاو ئازادی نووسین و ئازادی چاپ و بڵاوكردنەوە.
نیازی حەمە عەزیز، نووسەرو رۆژنامەنووس: پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لە پاكێجەكانی خزمەت بە گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك درێخی نەكردووە. بە تایبەتی بۆ توێژی نووسەران و هونەرمەندانی كورد
بارزانیی نەمر یەكێك لە خەمە گەورەكانی لاكردنەوە بوو لە باری گوزەران و ژیانی ڕۆژانەی نووسەران. دەتوانین دەیان هەڵوێستی بەرپرسانە لەلایەن ئەو ڕابەرە مێژوویی و مەزنە بەبیر خۆمان بهێنینەوە. وەك نموونە، لە سەردەمی سەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا لە گەرمەی شەڕی بەرگری و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە و سەرقاڵی جەنابیان و سەركردایەتی پارتی بە پلانەكانی جەنگ، فەرماندەی هێزێكی بادینان دێتە خزمەت بارزانیی نەمر. لە دەستپێكی قساندا بەر لە هەموو باسوخواسێكی بەرەكانی شەڕی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونە لە بەرانبەر سوپای داگیركەری عێراق، بارزانی یەكەم پرسیاری هەواڵپرسین دەبێ لە بارودۆخی ژیانی شاعیری گەورە (مەلا ئەحمەدی ناڵبەند). كاتێك وەڵامی ئەو فەرماندەیە ئەوە دەبێ كە بارودۆخی باش نیە، جەنابیان دەستوور دەدا بڕی ۱۰۰ دیناری وەك هاوكاری بۆ بنێرن. ئەمە لە كاتێكدا دارایی شۆڕش هەر چەند سەد دینارێك بووە. (سەد دیناریش لەو كاتەدا وەك هاوكاری بڕێكی زۆر باش بووە).
لەم هەڵوێستەی بارزانیی نەمردا ئەو دەلالەتمان بۆ دەردەكەوێ كە ڕۆڵی كەسایەتییە ئەدیب و ڕۆشنبیرەكانی كورد هاوتایە بە خەبات و قوربانیی پێشمەرگە و كەمتر نیە.
دەتوانم دەیان ڕووداو و هەڵوێستی لەم شێوەیە بە نموونە باس بكەم.
دیارە لەم بارەوە ڕاسپاردەی بارزانی، پایەیەكی پتەوی ڕێبازەكەیەتی كە بۆ بەرپرسان و فەرماندەكان بۆتە بەرنامەی شۆڕشگێڕی و پارتایەتی. نموونەش لەم بارەوە زۆرن.
لە بیرمە شەهید حەسۆ میرخان ـ فەرماندەی هێزی كاوە لە ساڵی ۱۹۷۱ بە یەك جار ئەركی خەرجی چاپكردنی ( 5) كتێبی نووسەر و شاعیری گەورە (میرزا مەنگوڕی) خستبووە ئەستۆی خۆی، كە سەدان دینار بووە. دیارە ئەم نەریتی پشتیوانی و هاوكاریكردنە بۆ نووسەران و هونەرمەندانی كورد بەردەوام بووە و لە باوەڕی بارزانیی نەمردا ڕەگ و ڕیشەی بەهێزی هەبووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. مشتیش نموونەی خەروارێكە.
ئەمیر هەڵەبجەیی نووسەرو شاعیر: تا دەرفەت گونجا بێت هاوكاری زۆرێك لەو خاوەن قەڵەم و هونەرمەندە بوێرانەی كردووە كە لە بوارەكەدا كاری نووسین و هونەری باڵاو ئەفراندنیان ئەنجامداوە
ــ ئەگەر ئاوڕێك بدەینەوە بۆمێژووی میللەتەكەمان بۆ مان دەردەكەوێت كە پارتی لە هەمو سەردەمێكدا كەمتەرخەم نەبووە لە بەرامبەر ڕۆڵی نووسەران و هو نەرمەندان دەلیلم بۆ ئەمەش ئەوەیە كە پارتی ساڵانە هەوڵیداوە بە سازكردن و ڕێكخستنی ڤیستیفاڵی گەورەو شیاو لە زۆبەی شارەكانی كوردستان بێ جیاوازی یادی ئەو كەڵە نووسەرو شاعیرو هونەرمەندانەی گەلەكەمانی كردۆتەوە بە بەرنامەی تۆكمەوە بانگهێشتی نووسەران و هونەرمەندانی شارەكانی تری پارچەكانی كوردستان بۆ بەشداریكردنیان لەو ڤیستیڤاڵە ی كە ماوەی چەند ڕۆژێكی خایاندوە وەك یادی سەد ساڵەی لە دایكبوونی بارزانیی نەمرو فیستڤاڵی (خانی) لە شاری دهۆكی ڕەنگین وە سازدانی چەندەها كۆڕو سیمیناری ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە ئاستێكی باڵادا و كەمتەر خەمیش نەبوو لەیاد كردنەوەی ڕۆشنبیران وەك یادی نووسەری خواڵێخۆشبوو مامۆستا فەلەكەدین كاكەیی و زۆرانی تر لە نووسەرانی كۆچكردو هاوكات ساڵانە یادی نەورۆزو راپەڕین و كارەساتە دڵتەزێنەكانی وەك كیمیاباران و ئەنفال و یادی لە دایكبوونی سونبولی نەتەوەییمان خواڵێخۆشبوو بارزانیی نەمرو كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو و دەكاتەوە و تا دەرفەتیش گونجا بێت هاوكاری زۆرێك لەو خاوەن قەڵەم و هونەرمەندە بوێرانەی كردووە كە لە بوارەكەدا كاری نووسین و هونەری باڵاو ئەفراندنیان ئەنجامداوە .
فاتیح یاسین ئەلمودەڕیس نووسەرو میدیاكار: خزمەتێكی زۆری بە نووسەران و هونەرمەندان كردووە لە ڕووی دامەزراندنیان و پێدانی زەوی و مووچەی ڕێزلێنان و سازدانی ڤیستڤاڵ
ــ پارتیمان لە رێگای مەكتەبی رۆشنبیری و راگەیاندن و دیراسات و پێگەیاندنی كادیرانی ئیعلامی و وەزارەتی رۆشنبیریی وسەندیكاكانی هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكانی نووسەران و قوتابیان و لاوان و كۆمەڵگای مەدەنی و رووناكبیریی و دەزگاكانی ئاراس و موكریان و چاپەمەنی كوردی و ئینسكلۆپیدیای پارتیمانەوە خزمەتێكی زۆری بە نووسەران و هونەرمەندان كردووە لە ڕووی دامەزراندنیان و پێدانی زەوی و مووچەی ڕێزلێنان و سازدانی ڤیستڤاڵ بۆیان و بەشداریكردنیان لە ڤیستیڤاڵ و كۆنگرە و بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، وە بوار ڕەخساندن بۆیان تا برەو بە خۆیان بدەن و بگەن بە ئاستی ویستی خۆیان تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن خزمەت بە گەل و نەتەوەكەمان بكەن و ئاستی هونەری و ڕۆشنبیری گەلەكەمان زیاتر بە گەلانی دەوروبەرو جیهان نیشان بدەن و پەیامی بەبڕشتی قەڵەمەكانیان بە نەوەكانی داهاتوو بگەیەنن.
بەهزاد حەوێزی نووسەر و وەرگێڕ: پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە ئەو سیاسەت و رێچكە دروستەی پەیڕەوكردووە بۆ هاندان و پشتیوانیكردنی توێژی نووسەران و هونەرمەندان
ــ بزاڤی رۆشنبیری و هونەری دوابەدوای ڕاپەڕین و قۆناغی نوێی خودحوكمڕانیمان وەرچەرخانێكی بەرچاو و گرنگی بەخۆوە بینی، كە خۆی لە فەراهەمكردنی پانتاییەكی بەربەرین بینیەوە بۆ توێژی نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندان تا ڕۆڵی خۆیان ببینن و ببن بە فاكتەرێكی كاریگەری پێشكەوتن و بەرجەستەكردنی خواست و ویست و مافەڕەواكانمان.
ئەو بزووتنەوەیەش پێویستی بە چەند ڕەگەز و بنەما هەبوو تا ڕێڕەوی ساغ و دروستی خۆی بگرێ بە جۆرێك هەم سیستمازە بكرێ و هەمیش فۆڕمێكی ئازادانە وەربگرێ، لە رووی خاڵی یەكەم بە پێی یاسا و ڕێساكانی پەرلەمانی كوردستان وەك ڕێكخراوی پیشەیی كار و چالاكییەكانیان چەسپێنرا، لە رووی پشتیوانیكردنیش وەك توێژێكی داهێنەر توانیان ئازادانە كاری خۆیان بكەن و بەرهەم و داهێنانەكانیان بخەنەڕوو.
دیارە ئەو هەنگاوانە و داڕشتنی یاسا و ڕێساكان بۆ هاندان و فەراهەمكردنی ئازادی كاركردن و داهێنان بۆ ئەو توێژە لە دید و ڕوانگەی دیموكراسیانە و كولتووری دێرینی پارتی سەرچاوەی گرتووە، جا چ لەسەر ئاستی حكومەت بێت یان حزب.
بەڵگەش بۆ ئەو دید و پاڵپشتی و پشتیوانییە زۆرە، لەوانە ئەو دامودەزگا و دامەزراو و خانەی تایبەت بەو توێژەی نووسەران و هونەرمەندانە، كە سەربەستانە و ئازادانە و دوور لە پابەندێتی حزبی و سیاسی چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن و بەرهەمەكانیان بڵاودەكەنەوە.
ئیتر شتێكی روون و حاشاهەڵنەگرە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە ئەو سیاسەت و رێچكە دروستەی پەیڕەوكردووە بۆ هاندان و پشتیوانیكردنی توێژی نووسەران و هونەرمەندان، دیارە مەبەستیشی بە پلەی یەكەم خزمەتگەیاندن بووە بە بواری رۆشنبیری و هونەری بەتایبەتی و مەعریفی بە گشتی، دواتریش كێشە نەتەوەیی و نیشتیمانییە ڕەواكەمان.