بەربژێرانی لیستی 190ـی پارتی بانگەشەیەكی نەرم و سەردەمییانە دەست پێدەكەن

221
سالار تەحسین سەیدۆ دری
دەستەواژە و میتۆدی ماركێتینگ-بازاڕسازی سیاسی، وەك ئامراز و میكانیزم لە تەك هێزی نەرم لە كایەی هەڵبژاردن و بەهێزكردنی گوتاری پارتی سیاسی، كاریگەری سیاسیی خۆی هەیە، هەر پارتێكی سیاسی پێویستی بە بەرنامە و كارنامەیەك هەیە لەپاڵ ئایدۆلۆژیا و جیهانبینییەكەی خۆیەوە تاكو بە ئامانجەكانی بگات، ئەركی بەردەوامی رێكخستن و ئۆرگان لە دنیای مۆدێرندا. بازاڕسازی و گوتاری سیاسییە بە هێزی نەرمەوە بۆ ئامانج، وتار، فیكر، ستراتیژ، پڕۆسە، كاندید، توانا و خزمەت بۆ ئەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدایە، هەمیشە لە بازاڕسازیی سیاسیدا نێرەر كە لەكاتی ئێستادا فۆكەس لەسەر كاندیدەكانی پارتییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆڵێكی گەورە و باندۆرێكی ئەرێنی دەبینن لە گەیاندنی ئەو پەیامە بە تێروانین، دنیابینی و دیدێكی جوان و هێزێكی نەرم كە ئایدۆلۆژیای حزب بەردەوامی پێ بدەن و بۆ هاونیشتمانیان شرۆڤەی بكەن.
ئەنجامی دەنگدانی جەماوەر، بەرهەمی ئەو ماركێتینگەیە كە بە پلانی پێشوەختە و بە تەیاربوونی زانیاری و مەعریفەی كاندیدەكانی پارتییەوە كارییان لەسەر كردووە، پێویستە كەمپینی ھەڵبژاردن ڕەچاوی ئارامیی دەروونی، ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی خەڵك بکات.
ئاساییە هێزە سیاسییەكان بەرنامەی خۆیان پێشكەش بكەن و زۆر گرنگە گوتارێكی میانڕەویان هەبێت، چونكە دەنگدەر ھەموو ھێزەكان دەناسێت و كەسی نوێ نییە، زۆرینەیان تاقیكراونەتەوە.
بەربژێرانی پارتی پێویستە بە ئاوێتەبوون لەگەڵ جەماوەر، چین و توێژە جیاوازەكان و گوێگرتن بۆ ڕوانگە و بۆچوون و كێشەگەلییان، نەك تەنیا دەچنە نێو قووڵایی و مەغزای ئاریشە و ناسۆری جەماوەر، بەڵكو بیر و هزرتان فراوان و بەرچاویشتان زیاتر ڕووناك دەبێتەوە، هەروەها تێگەیشتنتان بۆ كێشەگەلی هاونیشتمانیان و پرسەكان قوڵتر و چارەسەرەكانیش ئاسانتر و واقعیتر دەبێت.
لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەندێك وشە هەیە هێندەی چارەسەریی پزیشكێكی زیرەك و كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنەری دەرمانی پزیشكی باش كاریگەری هەیە، وشەسازی باش و نەرم هێزی كاریگەر لەسەر دەروونی جەماوەر بەجێدەهێڵن.
لەسەر بانگەشە و هێزی نەرم، دوور لە تەشهیر و هەست برینداركردن، مەسرور بارزانی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات: « بە شێوەیەکی شارستانی و دوور لە سووکایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بکەن، چونکە هەموومان کوردستانین و رۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە رەفتار بکەین.»
هەست برینداركردن و گەڕانەوە بۆ ڕابردووی تاڵ و بەكارهێنانی وشەی خراپ و دەستەواژەی نەشیاو لە بانگەشەكاندا توانای ئەوەی هەیە دوبەرەكی، دوژمنداری، ترس، دڵەڕاوكێ، تۆقاندن و جەنگ لەنێوان هاووڵاتییان بەرپا بكات.
بۆیە زۆر گرنگە كاندیدەكانی پارتی بەرپرسانە و بە هێزی نەرم وشەكان هەڵبژێرن و كاتێك قسە و گفتوگۆ دەكەن، حیسابی ئەوە بكەن كە كاریگەری و لێكەوتە و ئەنجامەكانی لەسەر بیركردنەوە و ئەندێشەی تاك بە تاكی هاونیشتمانیان چی دەبێت.