خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- وەرزی ڕابردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان بە جیاوازی یەک خاڵ، ناسناوی بردنەوەی خولەکەی لەدەستدا، بۆ ئەمساڵ لەگەڵ نزیک بوونەوەی دەستپێکی خولی کوردستان، پێشمەرگەی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ تۆکمەکردن و دروستکردنی تیپێکی بەهێز بۆ خولی نایابی کوردستان.

بۆ تیشک خستە سەر ڕەوشی یانەکە و چۆنێتی خۆئامادەکردنیان بۆ وەرزی تازەی خولی نایابی کوردستان، نیهاد عادل جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ خەبات گوتی: بێگومان دوای جێهێشتنی راهێنەر سەمیر بابۆ و پەیوەندیکردنی بە یانەی وەرزشی هەولێر. بە باشمانزانی ستافێکی دیکە لە شوێنی ئەو بۆ تیپەکە دەستنیشان بکەین، بۆیە دەستەی کارگێری یانەکە چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا، تیایدا ڕاو بووچوونی جیاوازمان خستە ڕوو بۆ دەستنیشانکردنی ستافێکی تازەی راهێنەران، ئەوەبوو بەگشتی بڕیارماندا هەر یەک لە تەها قادر وەک راهێنەر و ئەبو بەکر ئەنوەر وەک یاریدەدەری راهێنەر و کاروان مەجید وەک راهێنەری گۆڵپارێزان بۆ ستافی تازەی راهێنەرانی یانەکە دەستنیشان بکەین.

هەر لەبارەی ئامادەکاری تیپەکەیان بۆ وەرزی تازەی خولی نایابی کوردستان، نیهاد عادل گوتی: بەدڵنییاییەوە ئەم وەرزە بەستافێکی تازەی دەستەی راهێنەران ئامادەکارییەکی باش دەکەین پێش دەستپێکردنی خولی نایابی کوردستان، لە ئێستادا نزیکەی هەشت یاریزانی تازە پەیوەندیان بەتیپەکەمان کردووە و بەنیازین گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکەیش ئەنجام بدەین.