خەبات: شەیدا هەورامی:- شەهلا بەهروزی راد خانمە وەرزشوانێکی دیاری کوردە، ناوێکی ئاشنایە لە بواری وەرزشی ئافرەتاندا، بەتایبەتیش لە بەلەمەوانی و خاوەنی چەندین شانازییە، ئەم خانمە وەرزشوانە رۆژی 3ـی ئەیلوولی ساڵی 1985 لە شاری جوانڕۆ سەربە پاڕێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە ، ئەندامی تیپی نیشتمانیی بەلەمەوانی ئێرانە، یەکەمین خانمە بەلەمەوانی ئێرانییە کە سەرکەوت بۆ یارییەکانی پارا ئۆلۆمپیک.
شەهلا لە ژیانی وەرزشیدا ئەزموونی بەشداریکردنی لە پارائۆلۆمپیکی ڕیۆی 2016 و پارا ئۆلۆمپیکی تۆکیۆی 2020ی هەیە، لەم بوارەدا ژمارەیەکی پێوانەیی ناوازەشی هەیە، لە پارائۆلۆمپیکی ڕیۆی 2016 پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا و لە پارا ئۆڵۆمپیکی تۆکیۆ 2020 پلەی حەوتەمی بەدەستهێناوە.
بێهرووزی ڕاد، تا ئێستا خاوەنی شەش مەدالیای زێڕە لە پاڵەوانێتی ئاسیا، ئەزموونی بەدەستهێنانی مەدالیای زێڕ و زیوی هەیە لە پاڵەوانێتی ئاسیادا، هەروەها لە ژیانی وەرزشیدا بەدەستهێنانی مەدالیای زیوی پێشبڕکێکانی نیمچە ئۆڵۆمپیادیش دیارە، جگە لەوەش توانی مەدالیای برۆنز لە پاڵەوانێتی جیهان بەدەستبهێنێت و ئێستاش یەکەمین خانمە بەلەمەوانی ئێرانییە لە پارا ئۆڵۆمپیکدا، کە مەدالیای زیوی جیهانی بەدەستهێناوە.
شەهلا ، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: من وەرزشی پیشەیی خۆم لە بواری ڕاکردندا دەست پێکردووە و دواتر گۆڕیومە بۆ بەلەمەوانی، کە لە ساڵانی دواتردا سەرکەوتنی بەرچاوی لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتییە جیاوازەکاندا بەدەستهێناوە، ئەو بە شانازییەوە گوتی ئێمەی کچانی کورد پڕین لە بەهرە کە هێشتا بەکارمان نەهێناوە، ئێمە پڕین لە تواناکان کە بە کۆڵنەدان و هێز دەتوانین لوتکەکان داگیر بکەین و من ئەمە بە کچانی کورد دەڵێم لە هەر شوێنێکی جیهان بن، ڕەگەز و سنووردارکردنی جوگرافی و شوێن نابێت هەرگیز وابکات دەستبەرداری ئامانجەکانت بیت.