خەبات: دانا بۆتانی:- پرسیارێكی قورس و وەڵامەكەشی ئاسان نییە، كاتێك دەپرسین ئۆتیزم چییە؟ بۆیە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، بەدیاریكراویش بۆ ساڵی 1943 کاتێک بۆ یەکەمجار پزیشکی پسپۆڕی دەروونیی “لیۆ کارنەر” نیشانە و خەسڵەتەکانی منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزمی دیاریکرد، كە وشەی ئۆتیزم لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە و بەمانای گۆشەگیریی دێت.

گرینگی سەنتەری ئۆتیزم لە چیدایە؟ سەیران حەوێز دزەیی بەرێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی سەر بە بەرێوبەرایەتی چاودێری کەمئەندامانی ھەولێر گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی گرینگییەکی تەواو بە منداڵانی ئۆتیزم دەدات، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا حاڵەتەکانی ئۆتیزم ئێجگار زۆربوونە و لە سەرتاسەری جیهانیشدا ژمارەیان لە زیادبووندایە. گرینگی سەنتەرەکەشمان لەوەدایە کە لە چەند بەشێک پێکهاتووە ئەویش شەش هۆڵی تایبەت بە فێربوونی وانەکانی زانست و کوردی و بیرکاری، کە تیایدا منداڵانی ئۆتیزم ئامادە دەکرێن بۆ قوتابخانە. هەرچەندە حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگۆڕێت. لەگەڵ ئەمانەشدا چەند ژوورێکی تایبەتمان هەیە پێیدەڵێن ژووری ئاخفتن یان نوتق و ژووری تاریک و ژووری وەرزش، ئەم ژوورانەش لە رێگای مامۆستای تایبەتەوە کە مامۆستای پەروەردەی تایبەتن و خوولیان بینیووە و دەزانن چۆن هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ حاڵەتەکانی ئۆتیزم و رایانبهێنن وەک منداڵێکی ئاسایی.

گوتیشی: هەروەها لەم سەنتەرەدا هەر منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە حاڵەتەکانی ئۆتیزم دەرماڵەیەکی 150 هەزار دیناری بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ ئەمانەشدا هاتوچۆی منداڵانیش لەسەر ئەرکی حکوومەتە و بەخۆڕاییە، جگە لە پارەی گیرفان کە بڕێکی دیاریکراوە بۆ منداڵانی ئۆتیزم، لەگەڵ ئەمانەشدا لە نێو سەنتەرەکەشماندا ژەمێکی سووکیش دەدەین بەو منداڵانەی لەسەنتەری ئۆتیزمدان، ئەمانەو چەندین خزمەتگوزاری دیکەش بەخۆڕاییە و لەسەر ئەرکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەنتەری ئۆتیزم دەتوانێت هەموو ئەو منداڵانە لە خۆبگرێت کە حاڵەتەکانی ئۆتیزمیان هەیە؟ سەیران حەوێز گوتی: ئەگەر سەیر بکەین دەبینین منداڵێکی زۆر روو لەسەنتەرەکەمان دەکەن. ئێمەش هەموو ئەو منداڵانە وەردەگرین بەبێ جیاوازی رەگەز و ئایین و نەتەوە، لە هەر کوێی ئەم شارە بێت گرینگ ئەوەیە بە فلتەری لیژنەی پسپۆر تێپەڕ بێت، کە ئەم منداڵانە حاڵەتی ئۆتیزمیان لەگەڵە، چونکە منداڵانی ئۆتیزم بەزەحمەت دەتوانرێت بەرزەفت بكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەنتەرە توانایەکی دیاریکراوی هەیە لە وەرگرتنی منداڵی ئۆتیزم، ئەو باڵەخانەی تێدا نیشتەجێین لەمە زیاتر هەڵناگرێت، بۆیە بەدڵنییاوە دەڵێم هەموو ئەو منداڵانەی حاڵەتی ئۆتیزمیان هەیە لێرەدا جێگایان نابێتەوە، چونکە لێرە و لە جیهانیشدا ژمارەیان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە.

ئێمە دەپرسین چۆن منداڵێکی ئۆتیزم بناسینەوە؟ سەیران حەوێز دزەیی دەڵێت: ئۆتیزم جۆرێکە لە تێکچوونی کردارەکانی مێشک، هەر ئەوەشە وا دەکات منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم جیاوازی نەکات لە نێوان دایکی خۆی و ژنێکی ئاسایی، هەروەها منداڵانی ئۆتیزم بە شێوەیەکی گشتی نادوێن یان بەزەحمەت دەتوانێت قسە بکات، هیچ کاتێک ناتوانێت راستەوخۆ تەرکیز بکات، جووڵەیەکی ئێجگار زۆر دەکات و لە شوێنی خۆی ناوەستێت یان بە پێچەوانەوە یان دووبارەکردنەوەی جووڵەیەکی دیاریکراو یاخود هاوار و قیژەیەکی بێ هۆ یانیش گریانێکی زۆر و بە پێچەوانەشەوە هەندێکجار پێکەنینێکی زۆری بێ هۆ، ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکەش هەن تا منداڵێکی ئۆتیزم بناسینەوە، بەڵام بەداخەوە بەشێک لە دایک و باوکان نایانەوێت باوەڕ بەوە بکە کە منداڵەکەیان لە دواوەیە لە رووی تەمەن و هەڵسوکەوتەوە، بۆیە باوەڕ بەوەناکەن کە منداڵەکەیان حاڵەتی ئۆتیزمی هەیە تا زووتر درک بەوە بکرێت کە منداڵەکەت پێوستی بەچاودێری تایبەتەو حاڵەتی ئۆتیزمی هەیە بەدڵنییاوە چارەسەرکردنیشی ئاسانترە بۆ ئێمە وەک سەنتەری ئۆتیزم و بۆ دایک و باوکانیش بە هەمان شێوەیە.

ئایا منداڵێکی ئۆتیزم دەتوانێت دوای هاتنی بۆ سەنتەرەکەتان دووبارە ئامادەی بکەن بۆ خوێندن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش سەیران حەویز گوتی: ژمارەی ئەو منداڵانەی کە هاتوون بۆ سەنتەرەکەمان سەرەتا نەیانتوانیوە قسە بکەن، هەندێکجار دایک و باوکیشی ناناسێتەوە، بەڵام لە رێگای مامۆستا و پسپۆرانی سەنتەرەکەمان لەگەڵ هاوکاری دایک و باوکی منداڵەکان وامانکردووە نەک تەنیا بیگەڕێنینەوە بەر خوێندن، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان زۆر لە منداڵێکی ئاسایی زیرەکتر بووە. دوای ئەوەی لە سەنتەرەکەمان فێری ئاخافتن و قەڵەمگرتن بووە، وا راهێنراوەو وەک هەر منداڵێکی ئاسایی دابنیشێت و گوێ لە مامۆستا بگرێت و فێری وانەکان بێت، بۆیە رۆڵی سەنتەرەکەمان هەمیشە بەرز دەرخێنین بۆ ئامادەکردنی منداڵانی ئۆتیزم بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگاو جیانەکرێنەوە و وەک حاڵەتێکی ئۆتیزم نەمێنێتەوە.

ئێمە پرسیمان چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزم بکەین؟ منەوەر فایەق توێژەری کۆمەڵایەتی لە سەنتەرەكە گوتی: پێویستە رەچاوی ئەو حاڵەتە بکرێت کە منداڵێکی تووشبووی ئۆتیزم هەیەتی، چونکە کێشەکە لە تێکچوونی کۆئەندامی دەماری مێشکە، بۆیە نابێت هیچ کاتێک کاردانەوەمان هەبێت بەرامبەر ئەو کردارانە، کە منداڵێکی ئۆتیزم دەیکات، چونکە درک بە مەترسییەکانی کارەکانی خۆت ناکات، هەروەها بەردەوام دەبێت لێیەوە و نزیک بیت تا لەرێگای هەڵسوکەوتییەوە، تێیبگەیەنێت کە ئەم منداڵە برسیەتی یاخود دەترسێت یان شەرم دەکات لەوەی کە بیڵێت لە هەمان کاتدا منداڵانی ئۆتیزم هەمیشە پێویستیان بە هەست و سۆزێکی زیاتر هەیە بۆی دەرببڕدرێت تا هەمیشە هەست بە ئارامی بکات لەگەڵتدا، زۆر جار بەهۆی نەشارەزایی دایکان و باوکان لە هەستی منداڵەکانیان کە حاڵەتی ئۆتیزمیان هەیە ناتوانن لەبەرامبەر کردارەکانیان ئارام بگرن و کاردانەوەیان دەبێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ درەنگ گەشەکردنی مێشکی منداڵەکە هەر ئەمەشە وا دەکات حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە منداڵێکەوە بگۆرێت بۆ منداڵێکی دیکە، تەنانەت جۆری خواردن و خواردنەوەکانیش کاریگەریان دەبێت لەسەر هەڵسوکەوتی حاڵەتەکانی ئۆتیزم، بۆیە بەباشی دەزانم هەموو دایک و باوکان زیاتر بخوێننەوە و ببینن تا ئەزموونیان زیاتر بێت بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانتر حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە منداڵەکانیان کۆنترۆل بکەن و بۆ هەر کارێکی باشی منداڵەکانیش پێویستە کاردانەوەیەکی باشی هەبێت بۆ هاندانی منداڵەکانیان تا لەحاڵەتەکانی ئۆتیزم دەربازیان دەبێت و وەک هەر منداڵێکی ئاسایی هەڵسوکەوت دەکەن، لە هەمووشی گرینگتر دەبێت دایکان و باوکان پشوودرێژبن لەگەڵ حاڵەتەکانی ئۆتیزم، چونکە پرۆسەی چاکبوونەوە خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەکی خاوە بەهۆی ئەوەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم تێکچوونی کردارەکانی مێشکە، هەر ئەمەشە وادەکات حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە هیچ شتێک نەچێت و هیچ شتێکیش بەراورد بەحاڵەتەکانی ئۆتیزم ناکرێت.

ئێمە لەم توێژەرە كۆمەڵایەتییە دەپرسین گرفتەکانتان لە نێو سەنتەری ئۆتیزمدا چییە؟ منەوەر فایق گوتی: بە داخەوە هەندێک لە دایک و باوکان هاوکارمان نین تا بتوانین کارەکانمان بەباشی ئەنجام بدەین، چونکە حاڵەتی ئۆتیزم پێوستە ماندووبیت لەگەڵی تا ئەنجامەکەی ببینیت، بۆ نموونە منداڵێک لە سەنتەرەکەمان بۆ ماوەی ئەو کاتژمێرانەی لامانە بەشێوەیەکی زانستی هەوڵی لەگەڵ دەدەین تا بتوانین فێربێت چۆن تەرکیز دەکات، کە سەیری ناوچاومان بکات، هەروەها دایکان و باوکانی حاڵەتەکانی ئۆتیزمیش فێردەکەین، کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە دەبینین بەشێکیان گوێی پێنادەن و بەلایانەوە گرینگ نییە، کە فێربن تەنیا ئەوەیان مەبەستە و بۆ ئەوە منداڵەکانیان دەهێننە سەنتەر تا چەند سەعاتێک دوور لە منداڵەکانیان بە ئارامی بگوزەرێنن، ئاخر ئەمە خوێکی خراپە هەم ئێمە زۆر ماندوو دەکات هەم ئەوانیش ناتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییە خۆڕاییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرن. یەکێکی دیکەی لە گرفتەکانی سەنتەرەکەمان ئەوەیە پێویستە پشوو هەبێت بۆ کارمەندەکانی کە کار لەگەڵ حاڵەتەکانی ئۆتیزم دەکەن، چونکە ئەم پرۆسەیە ماندووبوونێکی تاقەتپروکێنی دەوێت، نەبوونی پشوو وادەکات کارمەندەکان ئەو جۆش و خرۆشییەی بۆ کارەکەی نەبێت کە لەسەرەتادا هەیەتی بۆ ئەوەی داهێنان بکات لە راستکردنەوەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم.

لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە بیر لە دەرماڵەیەکی تابێت بکرێتەوە، وەک دەرماڵەی مەترسی تا ببێتە هاندانێک بۆ ئەوەی کارمەندەکان بۆ هەمیشەو وەکو ئێستا خۆنەویستانە کار بکەن لەسەر کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی منداڵانی ئۆتیزم و دووبارە بگەڕێنەوە نێوکۆمەڵگا تا دووبارە وەک هەر منداڵێکی ئاسایی دەست بکاتەوە بە خوێندن کە ئەمە مافێکی سرووشتی خۆیەتی وەک هەر منداڵێکی ئاسایی کە هەیەتی.