خهبات: محهمهد حوسێن:- دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە پەناگەی سەدان هەزار ئاوارە و پهنابهر بووه و پابەندین بە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆیان.
دیندار زێباری لە وتارێکدا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاوارە ناوخۆییەکان و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، کە لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە بەوپەڕی وریایی و جددییەوە چارەسەری پرسی ئەگەری داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان لە ههرێمی کوردستان بکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆبەخشانە و دوور لە زۆرەملێ و لە ڕهوشێكی گونجاودا دهبێت.
ههروهها بە ئاماژەدان بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ سەرجەم ئاوارەکان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان، باسی لهوهشكرد کە لە ئێستادا هەرێم میوانداری یەک ملیۆن و 22 هەزار ئاوارە و پەنابەر دەکات لە 33 کەمپ لە هەولێر، سلێمانی، و دهۆك.
زێباری ڕاشیگهیاند حکوومەتی هەرێم نزیکەی له سهدا 80ی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران کراوە لە بودجەی خۆی دابینی کردووە، لەبارەی ئەو قوتابییە ئاوارانەی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، 138 قوتابخانە بۆ ئاوارەکان و 54 بۆ پەنابەران لە هەرێم تەرخان کراون، 40 ههزار و 410 قوتابیی ئاوارە لە کەمپەکان دەخوێنن، لە ساڵی 2021ـەوە حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابییانی ئاوارە پەیڕەو دهكات، واتە هەر قوتابییەکی ئاوارە مافی پێشکەشکردنی هەیە بۆ هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 زیاتر لە ههزار و 160 قوتابی لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاراسانیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆکان.
هەر لە بارەی پلانەکەوه د. دیندار زێباری ڕایگهیاند: یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەندین ڕاسپاردەی تایبەت بە پاراستنی مافی ئاوارە و پەنابەران ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، حکوومەتی هەرێمیش لە میانەی پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی بەشێکی زۆری ئەم ڕاسپاردانەی جێبەجێکردووە، کە خۆی لە پێشوازیکردن، حەواندنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جیاجیاکاندا دەبینێتەوە. لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا هەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی یاسا پەیوەندیدارەکان، ئاوارە و پەنابەران هۆشیاری بەدەست بهێنن و لەبارەی مافەکانیان ئاگاداربنەوە، و دەرفەتەکانی هاوکاری بۆ پشتگیریکردن بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان زیاتر بێت، هەروەها پێویستە هاوبەشی و هاوکاری لە نێوان حکوومەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکرێت، بۆ دەستنیشانکردنی ڕێکاری تۆکمە بۆ باشترکردنی پاراستن، بەهێزکردن و یەکخستنی ئاوارەکان.
ههرهوهها باسی لە چوارچێوەی یاساییی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارە و پەنابەران کرد و گوتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئاراستەی حکوومەتی فیدڕال دەکرێن، بریتییە لە نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ئاوارە و پەنابەران، لەم سۆنگەوە و بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی ستراتیژییەتی نیشتمانی بۆ كۆچ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ئامادە کردووە، هەروەها لیژنەیەک پێکهێنراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەناخوازان (UNHCR)، بەمەبەستی دەرچوواندنی ڕێنماییەکی تایبەت بە پەنابەران، کە ئاشکرایە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت لە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی ئاوارەکانی ناوخۆدا، هەروەها له پارێزگه و ئیداره سهربهخۆكان بهشێك له بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیس كراوهتهوه به ناوی پۆلیسی كاروباری ئاواره و پهنابهران بۆ پاراستنیان، به ههماههنگی لهگهڵ ئاسایش و ڕێکخراوە حکومی و ناحكومییهكان.
زێباری ئاماژهی بهوهش كرد کە یەکێک لەو ئاستەنگە گرنگانەی کە بەردەوام ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، نەبوونی یاسایەکی تایبەتە کە ڕاستەوخۆ باس لە مافی ئاوارەکان و پاراستنیان بکات، جا چ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت یان حکوومەتی فیدراڵی.
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسەکەی بە گرنگ وەسف کرد، بەو پێیەی تیشک دەخاتە سەر بەرەوپێشبردنی مافەکانی پەنابەران و ئاوارەکان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، و سوپاسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانی کرد بۆ بەشداریکردنی لە ڕێکخستنی کۆنفرانسهكه بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
شایانی باسه ، لە ئێستادا یەک ملیۆن و 22 هەزار ئاوارە و پهنابهر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیەش 723 هەزار و 114 کەسیان ئاوارەی ناوخۆیین و زیاتر لە 279 هەزاریان ئاوارەی دهرهكین(پهنابهر) و، بەمەش کۆی گشتی خێزانەکان دهگاته 211 هەزار و 984 خێزان.
دابەشکردنی پەنابەران لهههرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: 260 هەزار و 594 پەنابەری سووری، حەوت هەزار و 972 پەنابەری تورکیا، هەشت هەزار و 653 پەنابەری ئێرانی، 863 پەنابەری فەڵەستینی، 10 هەزار و 93 پەنابەری وڵاتانی دیکە. 30%ی ئاوارەکانیش لە ناو کەمپەکان و 70% لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین و ژمارەی کەمپەکانیش 33 کەمپە. 41%ی ئاوارەکان لە هەولێر و 40% لە دهۆك و 19% لە سلێمانی دەژین.