خەبات: رەنجبەر بەرزنجی _سۆران:- بە ئامانجی بەشداریکردن لە سمیناری زیرەک و سەوز لە بواری کشتوکاڵ بۆ وڵاتانی تازە پێشکەوتوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کورستان سەردانی وڵاتی چینییان کرد، تایبەت بەم سەردانە (کامەران حوسێن) بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران و سەرۆکی شاندەکە لە وەڵامی چەند پرسیارێکی خەباتدا باس لە ئامانجی سەردانەکەیان و ئاشنابوونییان بە گرفتە هاوبەشە جیهانییەکانی کەرتی کشتوکاڵ و بەکارهێنان و سوودەکانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە بواری کشتوکاڵدا دەکات.
ئامانجی سەردانەکە
سەرەتا لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ وڵاتی چین و بەشداریکردنییان لە سمینارەکە (کامەران حوسێن) بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران گوتی: ئامانج لە سەردانەکە شارەزابوون و راهێنانی زیرەک و سەوز بوو لە بواری کشتوکاڵ بۆ وڵاتانی تازە پێشکەوتوو، لەو سەردانە ئاشنابووین بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وڵاتی چین لە بواری کشتوکاڵدا، کە چ تەکنەلۆژیایەک بەکاردێنن لە بواری ئاودێری و پاراستنی رووەک و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی کشتوکاڵی و زۆر بواری دیکە، هەروەها ئاشنابوون بەوەی کە تەکنەلۆژیای زیرەک تا چەند بەشدارە لە کەرتی کشتوکاڵ لەوێ و چۆن بەکاردێت، هەروەها بەشێکی دیکەی راهێنانەکان ئاشنابوون بوو بە کێشەکانی کشتوکاڵ بە گشتی لەسەر گۆی زەوی و وڵاتی چین بە تایبەتی و کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بە گشتی بابەتگەلێکی فراوان لە سمینار و راهێنانەکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
گرفتە کشتوکاڵییەکان
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ خەبات بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سۆران باسی لە گرفتە کشتوکاڵییەکان لە کوردستان و بەراوردییان بە گرفتەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان کرد و رایگەیاند: گرفتە کشتوکاڵییەکانی ئێمە کەمێک جیاوازە لە گرفتە جیهانییەکان، بۆ نموونە ئێمە ناتوانین گرینهاوسمان هەبێت، خانووی داپۆشراومان هەبێت لە هەموو وەرزەکان بۆ ئەوەی هەموو بەرەوبوومێکمان هەبێت، ئەوان لەوێ لە رێگای مۆبایلێکەوە چاودێری پلەی گەرمی ناو گرینهاوسەکانیان دەکەن و سوودییان لە تەکنەلۆژیای زیرەک لە کەرتی کشتوکاڵ بینیووە، کە ئێمە لەم رووەوە رەنگە زۆر لاواز بین، تێبینی ئەوەمان کرد لەوێ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک هۆکاری سەرەکی زیادبوونی رێژەی بەرهەمهێنانە، ئەوە لە کاتێک ئێمە لێرە ناوچەیەکی فراوانمان هەیە، بەڵام تا ئێستاش نەمانتوانیووە کە رێژەی بەرهەمهێنانێکی زۆرمان هەبیت.
رەنگدانەوەی سەردانەکە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ
لە کۆتاییشدا بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران لە بارەی رەنگدانەوەی ئەو سەردانەیان بۆ وڵاتی چین و وەرگرتنی راهێنانەکان گوتی: لە راستیدا سەردانەکە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەزموون و سوودێکی زۆری هەبوو، هەر لەو سەردانەدا لە سمینارێکدا باسمان لە بارودۆخی کەرتی ژینگەیی و کشتوکاڵی کوردستان کرد و ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە کەرتی کشتووکاڵ هەر لە بەرهەمهێنان بگرە تا هەناردەکردنی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانمان و کوالێتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بە بەراورد بە کوالیتی بەرهەمەکانی ئەوان تیشکی خرایە سەر و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.