تاقمێکی یەکێتی لە پەنجەرە بچووکەکەی خۆیانەوە سەیری پارتی دەکەن

283

کاروان محەمەد سینو
پاش ئاشکرا بوونی پیلانی دەستکێشکردنی تاقمی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ دەڤەری کوڵەجۆ (بە دیارکراوی بیرە نەوتی گوندی قەمەرە) لە لایەنی (تاقمێکی ناو یەکێتی) بە تەنسیق لەگەل خودی بافڵ تاڵەبانی (هەروەک بەرپرسێکی حەشدی شەعبی خۆی لەم ڕووەوە لێدوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دابووی)، ئیتر ئەم پیلان و تەنسیقەی یەکێتی کەوتە بەر نەفرەت و تان و تەشەنەی سەرجەم خەڵکی کوردستان؛ بەتایبەت ڕۆشنبیر و نیشتیمان پەروەران لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و بە قۆناغی دووەمی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەسف دەکرا؛ لە فڕۆشتنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. هەڵبەت ئەم ناڕەزاییە نیشتیمان پەروەران لەم سات و ئانەدا گورزێکی جەرگ بڕ و کەمەرشکێن بوو بۆ ئەو(تاقمەی ناو یەکێتی) کە پێیان وابوو ئەم ڕەفتارەیان وەکو بەرزەکی بانان بۆیان تێدەپەڕێت، پاشان بەدواداچوون بۆ ئەم مژارەکرا و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤کاتژمێر؛ ڕیسەکەیان بووەوە بەخوری و سمێڵیان لەسەر دانا.

ئینجا بۆ چەواشەکاری و ئاراستەکردنی مژارەکە بەرەو ئاقارێکی دیکە!؛ دووڕۆژ لەمەوپێش ئەو(تاقمە خۆسەپێنەی ناو یەکێتی) دەستیان کردووە بە تان و توانج کردنی بەڕێز (مەسرور بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەنیازی ئەوەی مەسەلەی (کوڵەجۆ) و هەوڵی فڕۆشتنی بیرەنەوتی (گوندی قەمەرە) لەبیری ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و ئەندامان و کادیرانی پارتی ببەنەوە. ئەگینا هەموو تانە و توانجەکانیان دەربارەی بەڕێز (مەسرور بارزانی)پێچەوانەکەی ڕاستە و هەموو خەڵکی کوردستان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کار و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و چاکسازییەکانی بەڕێز (مەسرور بارزانی)یان بینیوە و لەبەرچاوە و نکۆڵی لێناکرێ؛ سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و دژایەتی کردنەی هەندێک؟! هێز و لایەن لە ناو هەرێم و لە بەغداش. هەڵبەت پێچەوانەی ئەو(تاقمە خۆسەپێنەی ناو یەکێتی)، خۆڕاگری و پارێزگار و بەرگریکردن لە ئیرادە و کەرامەت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەڕێز(مەسرور بارزانی) و پارتییەوە بەگشتی؛ جێگای ڕێز و پێزانینی سەرجەم خەڵکی کوردستانە بە هەموو نەتەوە و چین و توێژ و ئاین و ئاینزاکانییەوە. کەچی ئەو(تاقمەی ناو یەکێتی) لە پەنجەرەی بچوکی حزبەکەی خۆیانەوە سەیری پارتی دەکەن و بە واقع حاڵی دەستەگەری و باڵباڵێنی ناو حزبی خۆیان دەخوازن؛ وێنای پارتی بکەن کە ٧٨ساڵە پارتی خەبات دەکات و پارێزگاری لە بوون و شوناسنامەی کورد و کوردستانیان کردووە. پارتی خاوەنی چەندین شۆڕش و دەستکەوت و شەهید و ئەنفالە، پارتی ٧٨ساڵە پارێزەری ئاڵای کوردستانە، خاوەنی داستانی زاویتە و خواکوڕک و پردێ و سحێلا و مەحموودیە…. هتد و چەندین گیانفیدایی داوه‌، پارتی زۆر گەورەترە لەو چەواشەکاریی و موهاتەراتەی کە ئێستا ئەو(تاقمە بچووکەی ناو یەکێتی)دەخوازن بەڵکو(خۆزگە پێ دەخوازن) هاوشێوەی خۆیان وێنای بکەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە و ئەو خۆزگەیان وەکو(پێشینانیان) لەگۆڕی دەنێن.

واچاکە ئەو(تاقمە یاخود ئەو دەستەگەرییەی ناو یەکێتی) بەخۆ بێنەوە و بەخۆدا بچنەوە و ژیرانە بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بکەنەوە، چونکە نەوەک خانوویان؛ بەڵکو کەپرەکەیان لەشووشەیە و بەردەکانیشان دوورناڕوات بەر ساباتەکەی خۆیان دەکەوێ.

واچاکە ئەو(تاقمەی ناو یەکێتی) واقیعانە بەباڵای سەرکەشی پارتیدا بڕوانن، لەبەر ئەوەی پارتی تەنها حزبێک نییە(وەکو ئەوان لەڕوانگەی حزبەکەی خۆیانەوە دەبینن) بەڵکو پارتی خاوەن مەرجەع و ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن ئەزموونە، پارتی ڕێبازێکە کە ئێستا بۆتە قوتابخانەی خەبات و شۆڕشگێڕی میللەتێ، پارتی ڕێبازی بارزانی نەمرە کە ئێستا لەژێر چاودێری و رێنمایی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی هەموو کادیرانی پارتی وەکو قوتابی ئەو ڕێبازە؛ خزمەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەن. بەڕێز (مسرور بارزانی)یش؛ وەکو هەمووان قوتابیێکی ژیر و لێهاتوو و خۆڕاگر و سەرکەوتووی ئه‌وه‌ ڕێبازه‌یه‌؛ لە چوارچێوە و لەژێر چەتری پارتی لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندایە. وێنا و خوزگە نه‌خواستراوانه‌كه‌ی ئەو(تاقمەی ناو یەکێتی) خەونی حوشترە، کە چەندین جار لەمەو پێش(پێشوونانیان) بێهۆدە ئەو خەونەیان دەبینی. بەڵام وادیارە ئەو(تاقمەی ناو یەکێتی) هێشتا پارتییان نەناسیوە و پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە.