خه‌بات: محه‌مه‌د حوسێن:- جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، سیروان ڕۆژبەیانی، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كرد بۆ هەوڵەکانیان بۆ به‌ستنی کۆنفرانسی ئاوارەکانی ناوخۆ و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، كه دوێنێ لە هەولێری پایتەخت ده‌ستی پێكردو، تایبەتە بە مافی په‌نابه‌ر و ئاوارەکانی ناوخۆ ، و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
کۆنفرانسەکە بە بەشداری وەزیری داد لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی حکوومەت و نوێنەری ڕێکخراوه نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ده‌ستیپێكرد، ڕۆژبەیانی ئاماژەی بە ڕادەی ئه‌و وێرانکاری و كاولكارییه کرد کە پارێزگای نەینەوا لە ئەنجامی تیرۆری داعشدا دووچاری بوو، و ژێرخانی شاره‌كه‌ی كاول كرد و هەزاران دانیشتووی مووسڵیش ناچار بوون شاره‌كه جێی بهێڵن و بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ بکەن، و هه‌رێمیش بەو په‌ڕی ڕێزه‌وه پێشوازی لێکردن و باوه‌شی بۆ كردنه‌وه.
جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، سیروان ڕۆژبەیانی، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی حکوومەتی هەرێم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كرد بۆ ڕۆڵی دیاریان لە داڵدەدانی ئاوارەکان لە پێکهاتە و مەزهەبە جیاوازەکانی پارێزگاکە، ڕۆژبەیانی هه‌روه‌ها، بەناوی حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا، سوپاسی سه‌رۆك بارزانی، و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، کرد بۆ هەوڵە گەورەکانیان لە گەڕاندنەوەی به‌شێك له ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی حەسەن شام، و خازر و، گوندی سەفیە لە ناحیەی ڕەبیعە و گوندی شێخان لە قەزای زوممار، هاوكات ڕۆژبه‌یانی جه‌ختی له سه‌ر پێویستیی جێبه‌جێکردنی بڕگه‌کانی ڕێککه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر کرده‌وه بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وشی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان به‌سه‌ربه‌رزی بۆ زێدی خۆیان.