بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق رایگەیاند، فیلمی «مێسیی بەغدا»یان ههڵبژاردووه بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکاری 2025 كه لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیه، فیلمەکە دەنگدانەوەی نێودەوڵەتیی فراوانی هەیە و لە زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداربووە، لەوانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆکسمبۆرگ، فێستیڤاڵی فیلمی مالمۆ بۆ سینەمای عەرەبی لە سوێد و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆستێند لە بەلجیکا.
فیلمەکە چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە، خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن لیژنەی دادوەری گەنجان لە 28ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شلینجل، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و سیناریۆ لە 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا، فیلمی دەستپێکی دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بوو و خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەر و ئاماژەپێدانی تایبەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا بەدەستهێناوە.
فیلمەکە لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سینەما و شانۆی عێراق هەڵبژێردراوە، بەهۆی ئەوەی مەرجەکانی بەربژێربوون بۆ ئۆسکاری تێدایە، لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و بە بەشداری هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان و عێراق وێنەگیراوە، بەشێکی بودجەکەی لە بەخشینی سینەما بۆ 2021 لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری عێراق دابینکراوە، کۆمپانیای «رولە» پرۆدەکشن لە بەغدا و بەرهەمهێنەر محەممەد ئەلغەزبان، رۆڵێکی بەرچاویان لە ناساندنی فیلمەکە وەک بەرهەمێکی دیاری عێراقی هەبووە، پێشتر لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا و بەسرە پێشاندراوە.
لە فیلمەکەدا ئەحمەد محەممەد، ئەسیر عادل، زەهرا غەندوور، سەفا نەجم و حوسێن حەسەن عەلی، رۆڵی تێدا دەگێڕن، «مێسیی بەغدا» وێنەیەکی کاریگەری واقیعیی عێراق، لە رێگەی چیرۆکی حەموودی تەمەن 11 ساڵ پێشاندەدات کە لە پێناو تۆپی پێ دەژی و خەون بەوە دەبینێت ئایندەی وەک پاڵەوانەکەی، مێسی بێت. بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە لە بەغدا، قاچێکی لەدەستدەدات، بەڵام دەستبەرداری خەونەکەی نابێت و دایک و باوکی لە پێناو پاراستنی خێزانەکەیان، پاڵپشتی دەکەن.
سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی زاخۆیە و لە بەلجیکا دەژی، پێشتر لە رێگەی کورتە فیلمی «مێسیی بەغدا» و «راوکەری خراپ»، ناوی چووەتە نێو کورتە لیستی فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار.











